#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
بەیانیت باش!
من ناوم بولبولە
خەڵکی ئەم باخچەیەم
دەمێکە باخەوانێکی تووڕەمان لێ پەیدابووە
نە گوڵێ نە دارێ نە مەلێ
بێ ئاگابوون چۆن هاتووە و
کێ کردوێتی بە باخەوان.
بێجگە لە خۆی.
باخەوانی لەخۆبایی
ناهێڵێ بە دڵی خۆم بخوێنم
ئەڵێ تۆ فڕینت شوومە و گۆرانییەکی لاساری
ئەڵێ تۆ بە قەد ڕیقنەیەک ڕێزی نیشتمان ناگری.
پێم ئەڵێ ئەم هەموو ناوزڕاندنی
سەرو و سنەوبەر و دارسێوانە لە پای چی؟!
پێم ئەڵێ تۆ وەڕسکەری وەڕسکەر.
بەیانیان زوو پێش (با) و پێش کازیوە و
بەر لە نیشتمان خۆی، لە خەو هەڵئەسی.
بە جووکەجووک مێشکی ئەم درەختانەت بردووە!
تۆ خەوت لە ئاو، لە گوڵ، لە گیا زڕاندووە.
ئەم هەموو زەردەزیڕەی پرسیارانە چییە
ئەیانوروژێنی و
پێم ئەڵێ ئەو دەنووکە دەنووکی خۆت نییە!
بۆیە بێزار بووم و ئەمەوێ ئەم
باخچەیە بەجێ بێڵم و لە داخاندا
سەری خۆم هەڵگرم و
ڕووبکەمە باخچەیەکی دوور دووری هەندەران!
#شێرکۆ بێکەس#. [1]
ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە