کۆمەڵەی خۆر: solar system
کۆمەڵەی خۆر بریتییە لە خۆر، کە ئەستێرەیەکی ئاساییە لەگەڵ ھەموو ئەو تەن و بارستاییانەی کە بە دەوری دەسووڕێنەوە.
کۆمەڵەی خۆر لە [یەک ئەستێرە کە خۆرە، ھەشت ھەسارە (عەتارد، زوھرە«ڤینۆس»، زەوی، مەریخ، موشتەری و زوحەل«دوو زەبەلاحی گازی»، ئۆرانۆس و نیپتۆن«دوو زەبەلاحی سەھۆڵین») و قەزەمە ھەسارەی پلۆتۆ و چوار قەزەمە ھەسارەکە (dwarf planets)، بە لایەنی کەم 290 مانگ، زیاتر لە یەک ملیۆن و سێ سەد ھەزار (300، 1000) ھەسارۆکە (asteroids)، چەندین نەیزەک و نزیکەی 3900 کلکدار پێکدێت].
کۆمەڵەی خۆر دەکەوێتە قۆڵێکی دەرەوەی خولگەیی گەلەئەستێرەی ڕێی شیری«کاکێشان» (milky way)، ئەم قۆڵە پێی دەوترێت قۆڵی ئۆریۆن (orion arm, or orion spur).
کۆمەڵەی خۆر بەخێرایی نزیکەی 515000 میل 828000 کیلۆمەتر) لە کاتژمێرێکدا بە دەوری ناوەندی گەلەئەستێرەی ڕێی شیری«کاکێشان» (milky way)دا دەسووڕێتەوە؛ نزیکەی23000000 ملیۆن ساڵ دەخایەنێت بۆ تەواوکردنی یەک خولگە لە ناوەندی گەلەئەستێرەکەدا.
پشتێنەی کەیپەر (kuiper belt) کە دەکەوێتە چواردەوری کۆمەڵەی خۆر ژمارەیەکی زۆر لە ھەسارۆکە و کلکداری تێدایە، تاوەکوو بەر لە 30 ساڵیش وادەزانرا کە تیرەی کۆمەڵەی خۆر تاوەکوو دوای خولگەی قەزەمە ھەسارەی پلۆتۆیە کە 39.5 یەکەی گەردوونی دوورە، بەڵام دوای دۆزینەوەی پشتێنەی کەیپەر لە ساڵی 1992 دەرکەوت تیرەکەی زۆر گەورەترە و گەیشتە پتر لە 50 یەکەی گەردوونی، بەڵام بەم دواییانە دەرکەوتووە کە تەمە ھەورێکی تریش ھەیە لە دەرەوەی پشتێنەی کەیپەر کە پێی دەگووترێت تەمی ئۆرت (oort cloud) و لە دوای دووری 50 ھەزار یەکەی گەردوونی دەست پێ دەکات تاوەکوو نزیکەی 200 ھەزار یەکەی گەردوونی (واتە لە 0.8 تاوەکوو 3.2 ساڵی تیشکی دوورە لە خۆر)؛
ئەم تەمە کە تا ئێستا بەوردی چاودێری نەکراوە بە شێوەیەکی سەرەکی لە گەردیلەکانی (گازی میثان) و ئامۆنیا و ئاوی بەستوو پێکدێت.
ھەروەھا لە لێکۆڵینەوە بیردۆزییەکاندا دەرکەوتووە کە ھێزی کێشکردنی خۆر کاریگەریی لەسەر تەمی ئۆرت ھەیە و ئەو کاریگەرییە وای کردووە ئەو تەمە بە دەوری خۆردا بسووڕێتەوە، ھەر وەک چۆن ھەموو تەن و بارستەکانی تر بە دەوری خۆردا دەسووڕێنەوە.
ئێستا گەردوونناسان لێواری سنووری دەرەوەی تەمی ئۆرت بە سنووری ڕاستەقینەی کۆمەڵەی خۆر دادەنێن.
بەپێی نوێترین زانیاری و لێکۆڵینەوەکانی ناسا، خۆر و کۆمەڵەی خۆر بەر لە نزیکەی 4600 ملیۆن ساڵ (واتە تەمەنی خۆر و کۆمەڵەی خۆر نزیکەی 4600 ملیۆن ساڵە) لە چڕبوونەوەی بەشێکی بچووک لە تەمە گازێکی ھایدرۆجینی درووستبووە لەناو باڵێکی گەلەئەستێرەی ڕێی شیری«کاکێشان»دا و ئەو تەمە گازییانەش بەردەوام ئەستێرەی نوێ تیایداندا درووست دەبێت.
بەپێی ھەندێک بیروبۆچوون ئەو تەمە گازییەی خۆری لێ درووست بووە لە ھەمان کاتدا کۆمەڵێک ئەستێرەی تریشی لێ درووستبووە؛ دوای چڕبوونەوەی ئەو بەشە لە تەمە ھایدرۆجینییەکە کە خۆری لێ درووست بووە، پلەی گەرمی لە چەقی خۆر وردەوردە بەرز بووەوە، کاتێک گەشتە نزیکەی 10 ملیۆن کڵڤن، کرداری لێکدانی ناوکی (nuclear fusion) دەستی پێ کرد، کە بریتییە لە لێکدانی چوار گەردیلەی ھایدرۆجین بۆ پێکھێنانی یەک گەردیلەی ھیلیۆم، جیاوازی بارستەکەش دەبێتە وزە لە شێوەی گەرمی و تیشکی درەوشاوە، تا ئێستا ٪73ی ھایدرۆجینی خۆر ماوە و ٪27 بووە بە ھیلیۆم.
تێکڕای تەمەنی خۆر لە کۆتاییدا دەگاتە کەمێک زیاتر لە 10 ملیار ساڵ (واتە زیاتر لە 5 ملیار ساڵی تر دەدرەوشێتەوە و ئێستاش تەمەنی نزیکەی 5 ملیار ساڵە)، دوای ئەوە و لە کۆتایی تەمەنیدا ھەموو گازە ھایدرۆجینییەکەی تەواو دەبێت و دەبێتە ھیلیۆم و چیتر وزە نابەخشێت و دەتەقێتەوە، پێش ئەوەی بتەقێتەوە بە دەیەھا ملیۆن ساڵ توێکڵی دەرەوەی خۆر دەکشێت و ئەوەندە گەورە دەبێت تا گۆی زەوی و ھەسارەی عەتارد و زوھرە دەکەونە ناوی و دەسووتێن، ئەو کاتە تەمەن و درەوشانەوەی خۆر تەواودەبێت و دەتەقێتەوە و ئەم جۆرە تەقینەوەیەی ئەستێرەکان پێیان دەگووترێت سوپەرنۆڤا (supernova)، کە لە کۆتایی تەمەنی ئەستێرەکان ڕوو دەدەن، تەقینەوەی خۆریش لە دووری سەدان ساڵی تیشکی ئەگەر بوونەوەری تر ھەبێ لە گەردووندا دەیبینن و ھەستی پێدەکەن.
دوای تەقینەوەکەش ناوکی خۆر زۆر بچووک دەبێتەوە تا ڕادەیەک لە گۆی زەوی ئێستا بچووکتر دەبێت و دەبێتە قەزەمێکی سپی، دوای ئەو کاتە بۆ سەدان ملیۆن ساڵ بڕێکی زۆر کەم درەوشانەوەی دەبێت بەڵام وزەیەکی ئەوتۆی لێ دەرناچێت، ئەو کاتەش ھەموو ھەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر بە پاشماوەی گۆی زەویشەوە دوای تەقینەوەی خۆر لە تاریکیییەکی تەواو و بێدەنگ نقووم دەبن و ھەموو جۆرە ژیانێک ئەگەر تا ئەو کاتە مابێت لە کۆمەڵەی خۆر کۆتایی پێ دێت. [1]
نووسین و ئامادەکردن:
محەمەد دادکوش
=KTML_Bold=سەرچاوەکان:=KTML_End=
1-پەرتووکی (گەردوون), لە نووسینی[لوقمان حەوێز].
2-https://science.nasa.gov/solar-system/
3-https://www.space.com/16080-solar-system-planets.html 4-https://www.britannica.com/science/solar-system
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=