مامۆستای پەروەردەکار و ئاشقی وشەی کوردی عومەر ساقی (1913-1973) لە سەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوودا بووەتە مامۆستایەکی پەروەردەکار لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی #کوردستان# و زۆر بەدڵسۆزییەوە نەوەی نوێی کوردی پێگەیاند و لە پەنجاکانی ئەو سەدەیەش کرابە سەرپەشتیاری پەروەردەیی و زۆری حەز دەکرد هەموو وشەیەکی عەرەبی بکات بە کوردی و فێری قوتابییەکانی بکات و تەنانەت ناوی خۆیشی کردبووە کوردی و لە جیاتی عومەر ساقی تەمەنی ئاودێری بەکاردەهێنا هەرچەندە وەرگێڕانەکە پڕ پێستی واتای عومەر نەبوو، بەڵام هەرشانازی بەم ناوە کوردییەی خۆیەوە دەکرد.
مامۆستا عومەر ساقی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە دامەزراندنی #یەکێتی نووسەرانی کورد# - لقی #هەولێر# و کاتێک دکتۆر #مارف خەزنەدار# وەک نوێنەری مەڵبەندی گشتی بۆ باسی کردنەوەی لقی هەولێر لە بەغداوە هاتە هەولێر لە 1970-08-15دا لە پەرتووکخانەی گشتی لەگەڵ پتر لە 15 نووسەری ئەم شارە کۆببووە وە و مامۆستا عومەر ساقی یەکێک بوو لەو ئەدیبانە کە بریتی بوون لە محەمەد مەولوود مەم و مەلا شەریفی ڕەنگەڕێژانی و کەریم شارەزا و عومەر ساقی و مەدحەت بێخەو و بەدرخان سندی و پیرباڵ مەحمود و عەبدوڵڵا پەشێو و یوسف دەرگەڵەیی و هیی دیکە و لەگەڵ عەبدووڵڵا حەداد و و مەحموود زامدار و بڕیاردرا داواکارییەک بۆ کردنەوەی لقی یەکێتی نووسەرانی کورد لە هەولێر پێشکەش بکرێت و کە لە 1971.01.15یشدا کۆنفراسی یەکەمی لقەکە بەسترا.
داوا لە مامۆستا عومەر ساقی کرا خۆی بۆ دەستەی بەڕێوبەری لقەکە بپاڵێوێ، کەچی ڕازی نەکرد و وتی ئەم ئەرکەم پێ هەڵناگیرێ و من لە گۆڕەپانی بۆ شاعیر و نووسەرە گەنجەکان چۆڵ دەکەم.
بەڵام بەردەوام لە هەموو کۆڕو سیمینار و کۆنفرانس و کۆنگرەکانی یەکێتی نووسەران بەشداریی دەکرد و پێشنیاری بە کەڵکی پێشکەش دەکرد و هەمێشە پێی لەسەر هەڵوێستی کوردایەتی و بەرژەوەندی وێژەی کوردی دا دەگرت.
لەبارەی ڕۆژ و مانگ و ساڵی لە دایکبوونییەوە خۆی دەیوت لە #1913-11-22# دا لە دایکبووم، بۆیە لەم مانگەدا یادی لە دایکبوونی دەکەینەوه، کە لە #07-08-1973# دا ئەم مامۆستا و نووسەرە خۆبەختکەرە ڕۆح سووکە کۆچی دوایی کرد، لە گۆڕستانی گەورەی شاری هەولێر بەخاک سپێردار و شاندێکی یەکێتی نووسەرانی کورد لەسەر گۆڕەکەی ئامادەبوون و سەرۆکی لقی هەولێر مامۆستای نەمر عزەدین فەیزی تاجەگوڵینەی نووسەرانی لەسەر گۆڕەکەی دانا و مامۆستا کەریم شارەزای سکرتێری لقی هەولێریش وتاری یەکێتی نووسەرانی لەسەر گۆڕەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەنرخەکانی کرد.[1]