لە ساڵی 1956 لە شاری ماڵاتی ناوچەی پیتورگ- ی کوردستانی باکوور لەدایک بووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری کارگێڕی زانکۆی ئەستەنبوڵ بەدەستهێناوە.
لەکاتێکدا تەمەنی 16 ساڵان بووە، سەرباری ئەوەی خوێندکاربووە وەک ڕۆژنامەنووسێکیش لەرۆژنامەی (دنیا) کە لە شاری ئەستەنبوڵ دەردەچوو کاری کردووە.
ڕەمەزان ئوزتورک هەر لە تەمەنی 12 ساڵانەوە لە شاری ئەستەنبوڵ نیشتەجێبووە و جگە لەدنیا لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری تری وەک (گیون، ئادن، سەباح، ستار، یەنی شەفەق، یەنی بینین) وەک ڕۆژنامەنووس کاری کردووە، لە زۆربەی ساڵەکانی تەمەنیدا وەک ڕۆژنامەنووسێکی جەنگ دەستبەکاربووە و ناسراوە.
ئوزتورک یەکێک بوو لەو ڕۆژنامەنووسانەی بە مەبەستی گواستنەوەی هەواڵی جەنگ و مەرگەساتی هاووڵاتییانی هەڵەبجە لە ڕێی وڵاتی ئێرانەوە لەگەڵ ژمارەیەک لەهاوکارانی لە وڵاتانی جیاجیای دنیادا ڕۆژی #18-03-1988# گەیشتە شاری هەڵەبجەو باشترین و کاریگەرترین وێنەی ئەو مەرگەساتەی لەرۆژنامەکەیدا بەجیهان گەیاند، ئەو وێنەیەش وێنەی عومەری خاوەرو کۆرپەکەی بوو.