عیسا بەرواری
عیسا حوسێن یونس ناسراو بە(عیسا بەرواری) لەساڵی 1933 لەگەڕەکی جوولەکانی شاری موسڵ لەدایکبووە. لەتەمەنی 10 ساڵییەوە لەگەڵ مامیدا بەشداریی شەوچەرەی کۆڕو دیوەخانەکانی کردووە. هەر لەڕێگەی مامیەوە، سەعیدێ حەمۆ (سەعید ئاغای جزیری)و (مریەم خان)ی ناسیووە. لە(ساڵی 1950)دا یەکەم گۆرانی خۆی (مەدینەیێ) لەئێزگەی رادیۆی بەغدا بەناوی(عەبدولقادر بەرواری)یەوە کە ناوێکی خوازراوبووە بڵاوکردۆتەوە.
عیسا بەرواری لەساڵی 1952دا وەک کارمەندێک لە(بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری موسڵ) دامەزراوە. لەحەفتاکاندا بەتەواوی خۆی بۆ کاری هونەریی تەرخان کردووەو هەر لەوکاتەشدا وەک بەرپرسی بەشی موزیکی کوردی لەئێزگەی کوردی بەغدا دەست بەکاربووە، لەمەوە پەیوەندیی تەواوی لەگەڵ هونەرمەندانی ئەو سەردەمەی ئێزگەی بەغدا پەیداکردووە. هەر لەحەفتاکاندا بەشداریی لەچەند فیستیڤاڵێکی دەرەوەی عیراقدا کردووە.
عیسا بەرواری زۆرتر گۆرانی فۆلکلۆرییو لاوکی قارەمانی وتووە، هەتا ساڵی 1990 لەئێزگەی کوردی بەغدا کاری کردووەو کۆمەڵێک بەرهەمی خۆی لەوێ تۆمارکردووە. لەدوای ساڵی 2000وە، وازی لەگۆرانی وتن هێناوە، کە زیاتر لە300 بەرهەمی پێشکەش بەجیهانی هونەری کوردی کردووەو لە19-07-2002دا، لەموسڵ کۆچی دوایی کردووە.