حەسەن ئەحمەدی
دانیشتووی: باڵاگیر، شنۆ
بەرپرسایەتی: ئەندام
ساڵی شەهیدبوون: 1367
ئێوارە پاییزێکی ماتی ساڵی 1338 بوو. رواڵەتی زەردەپەڕی خۆڕ لە سروشتی زیزو و بێرەنگی پاییز لە گەوەی کێوەکانی دەشتی شنۆ ماڵئاوایی دەکرد و روناکیی بە شەوی درێژی پاییز دەسپارد. لە پڕ ئەستێرەیەک لە ئاسمانی هیوای بنەماڵەیەکی وەرزێڕی ئاوایی باڵاگیری سەر بە شاری شنۆ ئەنگووت.بەڵێ حەسەن لەو کاتەدا پێینایە ناو قۆناخی ژیانەوە و دەگەڵ یەکەم دەنگی گریەی، ناوچاوانی بوو بە لێنووسی قەڵەمی قەدەر و گیانی پاکی ئەو رۆڵە کوردەی بۆ بەختەوەری لە پێناو گەلەکەیدا، تەرخان کرد.حەسەن لە یەکەم قۆناخەکانی ژیانیدا روی کردە قوتابخانە و دەورەی سەرەتایی لە زێدەکەی (باڵاگیر) تێپەڕ کرد.پاشان لەبەر هۆی نەبوونی پۆلی باڵاتر لەو گوندەدا، روی کردە ئاوایی دێشەمس و هەر وەها شارۆچکەی نەڵۆس و ئەو جار بۆ قۆناخەکانی باڵاتری خوێندن واتە قۆناخی کۆتایی، روی کردە شاری شنۆ و لەو شوێنە درێژەی بە خوێندندا.پۆلی چوارەمی کۆتایی بوو کە لەلایان ژاندرمەکانی رژیمی نگریسی پاشایەتیوە کەوتەبەر شاڵاوی رەشبگیریی و رەوانەی سەربازخانەی جەڵدیانی سەر بەشاری پیرانشار کرا. هێشتا تازە چوارمانگێک لەو قۆناخە دەگوزەرا کە گەلانی ئێران دەستیان بەشۆڕشی بەر بڵاوی خۆیان دژ بە رژیمی پاشایەتی کرد.لە هەل و مەرجی رووخانی رژیمی پەهلەویدا، سەربازخانەکەی بەجێ هێشت و بۆ خۆ تەیار کردن بە چەکی زانست، پێی ناوە ناو گۆڕەپانی خوێندن. بەڵام زۆری نەخایاند، هەستی نیشتمانپەروەرانە و ئەمەگناسانەی بەرانبەر بە گەلە چەوساوە و بندەستەکەی هانیدا چەکی شەرەف و قارەمانەتی هەڵگری و لە ناو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا، بەرگی پیرۆزی پێشمەرگە دەبەرکات.لەو کاتەوە شەهید حەسەن وەکوو پێشمەرگەیەک لە هێزی سمکۆی ئەو کات دا درێژەی بە خەبات و بەربەرەکانیدا.ساڵی 1359 لە شەڕی ورمێ بەتوندی بریندار بوو و پاش سێ رۆژ مانەوەی بە نهێنی لە ورمێ لە مردن رزگاری بوو و بۆنەخۆشخانەی شاری شنۆ راگوێزرا.کاتێک حیزبی دێموکراتی کوردستان ناچار کرا ناوچەی شنۆ بەرەو دەشتی لاجان و دەوروبەر بەجێی بێڵێ، شەهید حەسەن وەک ئەندامێکی بەوەج و کارامە بۆ جێبەجێی کردنی ئەرک و کارەکانی حیزبیی لە ناوچەکەدا خۆی هێشتەوە. سەرئەنجام حەسەن وەک هەموو لاوانی دیکەی خەڵکی کورد بە سەرباز گیرایەوه. بەڵام ئەو جارەیان بۆخۆی شوێنی خزمەتی سەربازی خۆی وەک سوپای پاسداران دیاری کرد و لە یەکێک لە پێگەکانی دوژمن لە ئاوایی دێشەمس نیشتەجێی کرا کە ئەو بنکەیە هاوکات دەگەڵ چەند پێگەی دیکەی دوژمن، کەوتە بەر پەلاماری رۆڵەکانی حیزبی دێموکرات و دەستی بەسەردا گیرا.لەو کاتەدا شەهید حەسەن هاوڕێ لەگەڵ چەند هاوسەربازەکانی خۆی، لە لایەن رژیمی دژی گەلی ئاخوندی بە تاوانی هاوکاری و بەدەستەوەدانی ئەو بنکانەی رژیم، ساڵی 1365-5-14ی هەتاوی گیرا و رەوانەی بەندیخانە کرا. سەرئەنجام پاش سێ ساڵ مانەوە لە زیندان، سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە رێکەوتی 1988.10.03لە زیندانی دەریای ورمێ، لە پێناو وەدی هێنانی ئازادی و دێموکراسی و گەێشتن بەمافی رەوای نەتەوەکەی بەشانازیوە چۆ ژێر پەتی سێدارە و گیانی بە نیشتمان و گەلەکەی بەخشی.
http://www.khakelewe.net/shehid/show.asp?link=599