ساڵی 1953 منداڵێکی دووانە بەناوی :ئەحمەد و حسێن لە خێزانێکی جوتیارو هەژاری گوندی بەربەردی شارەدێی #ماوەت#ی سەربە شارۆچکەی #شارباژێڕ# لە دنیایەکی بچوکی نائاساییەوە، هاتە ناو دنیایەکی فراوانتر، ناوی تەواوی حسێن مەولود ئەحمەد خدر حسێنە ناسراو بە مەلا عەلی.
ساڵی 1958 لەدەست چەوساندنەوەی چینایەتی و دەرەبەگی چونەتە گوندی کۆکەی شارەدێی #سوورداش#ی ئەوکات.
ساڵی 1959-1960 لە خوێندنگەی سەرەتایی #چەرمەگا# ناونووسکراوە، ساڵی 1962-1963 دوای سووتانی گوندەکانی ئەو ناوچەیە پۆلەکانی سەرەتایی لە #سەرچنار# و ماوەت و چەرمەگا تەواوکردووە.
ساڵی 1966-1967 چوەتە خوێندنگەی ناوەندی الوطن لە #سلێمانی# و هەر لەو ساڵەدا چوەتە ڕیزەکانی یەکێتی قوتابییانی کوردستان و #پارتی دیموکراتی کوردستان#.
ساڵی 1972-1972 چوەتە خوێندنگەی ئامادەیی سلێمانی، بەشی ئەدەبی، هەر لەو ساڵەشدا بەهۆی زنجیرەی ڕۆشنبیرییەوە لەڕیزی کۆمەڵەدا ڕێکخراوە و گەشەکردنی خێرای پێوە دیاربوە.
ساڵی 1974 چوەتە ناوچەی سوورداش و هەر لەوێ کراوە بە لێپرسراوی ڕێکخراوی تۆڵە، لەپاییزی هەمان ساڵدا چوەتەوە سلێمانی و پۆلی شەشەمی ئامادەیی تەواوکردووە.
ساڵی 1975-1976 چوەتە زانکۆی سلێمانی، کۆلێژی ئاداب بەشی کوردی و تا قۆناغی دوەمی خوێندووە، ئیتر کە فەرمانی گرتنی لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕوخاوەوە بۆ دەردەچێ بەردەستیان ناکەوێت و ڕۆژی 11-5-1977 خۆی گەیاندوەتە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
ڕۆژی #30-01-1979# لە کاتێکدا بۆ کارێکی شۆڕشگێڕانە لەگەڵ هاوڕێی (د.مارف) عوسمان عەبدولڕەحمان سەربازی دەچێت بۆ گوندەکانی ناوچەی سوورداش لە گوندی #کرژە# دوژمن پێیان دەزانێت و بەهێرشێکی بەهێزەوە گەمارۆ دەدرێن، پاش بەرگرییەکی توند بریندار دەکرێ و بەبرینداری لەگەڵ هاوڕێی ناوبراودا دەستگیر دەکرێن.
لە دوای گرتن و ئەشکەنجەدان و ئازاردانێکی زۆر لە زیندان و دەزگا دڕندەو سیخوڕەکانی ڕژێمیسەدامدا شێرانە دان بەخۆیدا دەگرێت و مەردانە سەریان بۆ دانانەوێنێت، لە ڕۆژی #06-06-1979# لەو قەسابخانەیەی ناوی دادگای هیئەی خاسەی #کەرکووک#یان لێنابوو بەشێوەیەکی سەرپێی دادگای دەکرێت و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت.
لە دوای دەرچونی فەرمانی لەسێدارەدانییەوە تا ڕۆژی جێبەجێکردنی خنکاندنەکەی کە تەنیا مانگ و نیوێکی خایاندوە شەوی 22-#23-07-1979# لە قەسابخانەکەی موسڵ لەگەڵ دوو هاوڕێی تری کە ناویان ئەڵوەند عومەر حسێنو عەلی عالی حسێنە لە سێدارە دەدرێن و وەکوو چەندین تێکۆشەری دیکەی کورد تەرمەکانیان نەکەوتووەتە دەست کەسوکاریان و لەوێ نێژراون لە وادی عطال.
ژووری سێدارە
شەهید مەلا عەلی شاعیر
زیندانی موسڵ - بەشی سێدارە
30-06-1979
برا دوور و خزم دوور و کەسم دوور
بە نابەڵەد تەمەن ئەمبا بەرەو ژوور
بەڵام ڕوونە، بەرەو سێدارە چوونە
خەنەی خوێنم لە پێ دەگرێت ئاڵای سوور
بەرەو ژووری، بەرەو ژووری سێدارە
ماندووی کردووم و شوێنەکەم شێدارە
کە نیشانەی پەشێوی پێوە شێوەم
ئەوە برینی ئەشکەنجەیە و جێ دارە
نەڵێن ئەمرێ و لە ترسی مەرگ پەشێوە
پێشمەرگە بم، هەر ئەکەومە پێش ئێوە
بە مەرگی پێش مەرگی ئێوە ئاسوودەم
ڕووشم زەردەی پێکەنینی هەر پێوە
گەرچی بەرەو دواماڵی ژین بەڕێوەم
یەکەم ماڵی نە مردنم دیارە لێوەم
بەشم چونکە، مردنی ناو جێ نییە
شادم کە تا دوا هەناسەش بەپێوەم
مەرگی ئاوا ناگۆرمەوە بە سەد ژین
ژینێک سەرم بۆ دوژمن بێ بە پەرژین
سەربەرزییە کە پێڵاوم ئەبینن
بەسەر سەری دوژمنەوە لە بەرزین
پێ لە سەریان دائەنێم و ئەڕوانم
بەرەو شاری جێ هەواری کاروانم
ئەگەم پێیان، چونکە دیارە جێ پێیان
ئێرەیەو لێی لا نادەم تا ئەتوانم
ئەوا ئێستا کەوتوومە شوێن پێشڕەوێک
کە لێرە بووە لە پێش مندا چەند شەوێک
دیارە منیش هەر ئەوەندی لێ ئەبم
وا بە نوێنی ئەو ئەشکێنم سەرخەوێک
خۆ بە نوێنی بەجێماوی دائەپۆشم
تا پێی سووک بێ ئێشی لاشەی نەخۆشم
بووەتە بەڵگە بەشوێن ئەودا ڕۆشتنم
ئاخۆ کێی تر پێی دێتە شوێنی خۆشم
دیسان ڕێگەی شوێنێکی کەم لە پێشە
ڕێی گۆڕستان کە دڵنیام ئەو لەوێشە
ئەگەر لاشەم نەشێ ببرێتە شوێنی
گیانم لەسەر گوڵی سەر گۆڕی مێشە
کە دڵنیام دەچێتە جێی شانازی
لەو ڕێیەدا منیش دەکەم گیانبازی
کە ئەو خوێنی خەڵاتی ڕێی خەباتە
خوێنی منیش ئەنەخشێنی ڕێبازی
ئەو مەرگەی لێم ترساوە ئەیلاوێنم
بۆ ناوێری بێت و بگرێ داوێنم
با بمناسێ کە پێشمەرگەی کۆمەڵە و
کادرێکی دەست و داوێن خاوێنم
کە پاش مردن هەبوو دنیایەکی نوێ
تا ئەو کاتە با گیانیشم تێر بنوێ
چونکە ڕۆژی هەستانەوە دەرفەتی
فرمانێکی وەک ئێستام هەر بۆ ئەلوێ
لەو دنیایەش هەر پێشمەرگە و کادرم
کە هیچ نەبێ لەوەی ئێستا چا ترم
لێرە خاوەن ئەزموونی ڕێی خەباتم
لەوێ لەنێو کوورەی شۆڕش ئاگرم
ئەگەر لێرە نەمتوانی بێ بجەنگم
لەوێ بەدەست هاوڕێیەکەوە تفەنگم
ئەگەر لێرە بەجێمابم لە کاروان
لەوێ لە پێش کاروانەوە پێشەنگم [1]