05-05-1987 - ڕوودانی لافاوێکی گەورە لە سلێمانی
باشووری کوردستان
لافاوی شاری سلێمانی
(05-05-1987- 9 ڕەمەزانی 1407ک)
-لە بەهاری ساڵی (1987) ماوەیەک بوو باران نەباری بوو، خەڵکی زۆر پەرۆشی باران بوون، ڕۆژی سێ شەممە (5/5/1987) لە دوای نیوەڕۆوە هەورێکی ڕەش بەری ئاسمانی گرت، کورد گوتەنی لە هەوری باران دەچوو، لە دەوروبەری عەصردا کردی بە هەورە گرمەو ناڵەو شریخە، باران بە ڕەهێڵە دایکرد، هاژەی دەهات وەک کوندەی سەربەرەوخوار بەردەوام بوو، باران وەک شوڵتەیمان لێزمەی دەهاتەخوارێ، خەڵکی زۆر دڵی خۆش بوو بەو ڕەحمەتە، ئیتر خەمی بێ بارانی ڕەویەوەو شاخ و دەشت و دۆڵ پاراو بوو، بەڵام لای ئێوارە هەواڵ بڵاوبوەوە کە لافاو لە مەڵکەندی و لای سەراو بە شەقامی کاوەدا بەرەو گەڕەکی جولەکەکان هەستاوەو زەرەری زۆریداوە، چەندین سەیارە ئاو ڕایماڵیوەو هەندێ ماڵ ئاوی تیچووەو زیانی گیانی هەبووە، جگە لە زیانی مادی کە چەندین دوکان و ماڵ و کۆگا ئاوی تێچووبوو.
- لە بەهاری (1987) تازە بڕیارەکانی (مجلس قیادە الثورة)ی بەعس دەرچوبو، دەرەوەی شارەکان و شەقامە سەرکیەکان و هەموو کوردستان کرابو بە (محرمة)، کەس بۆی نەبوو لە جادە لابدات و ڕوو بکاتە گوندەکان، هەرچی سەربەرزی و لوتکەو قەراغی شەقامەکان هەیە، هەمووی سەربازگەو ڕەبایەو بارەگای جەیش و جاش بوو، بستێک زەوی نەبوو بۆ پشودان و سەیران، سەیران هەر نەبوو، لەناو سەربازگەو ڕەبایەو کێڵگەی میندا کێ دەیوێرا لە شار دەربچێت، بستێک زەوی نەمابوو بۆ دانیشتن، هەموو ڕۆژێک هەر شەڕو تۆپ باران و گرتن و کوشتن بوو، کورد گوتەنی: ڕۆژی ڕەش بوو.
-هەر لە ساڵی (1987) بەعس عەلی کیمیاوی کردە بەرپرسی کوردستان و بارەگاکەی لە کەرکوک بوو، لەوێوە سەرپەرشتی سوتاندن و وێران کردنی کوردستانی دەکرد، فەیلەقی (1) سوپای عیراق و دەیان فەرماندەی سەربازی دڕی وەک سوڵتان هاشم و بارق و چەندانی تری هێنابوو، باوباوی جاشێتی بوو، هەر کورد بوو فەوجی جاشێتی دەکردەوە، سەدان مەفرەزە خاصەو تەواوری لەناو شارەکاندا دروستکرابوو، زۆربەی کۆڵان و گەڕەکەکان پڕبو لە قولەی حەرەسیاتی ماڵە جاش و مستەشارو تەواری، شار کرابوە سەربازگەو هەزاران چەکداری هەرچی وپەرچی دروستکرابوو، وڵات وەها شوێنێرابوو، بە دەیان ڕەهێڵە باران و لافاوی بەو شێوەیە پاک نەدەبوەوە.. یاخوا ئەو ڕۆژگارە بڕوات و بەرەودوا نەبێتەوە.
Karwan Chawmar