هۆگر
گۆرانگۆران کوڕە گەورەی مامۆستا گۆرانی شاعیر، لە ساڵی 1-7- 1934 لە قەرداغ لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لەسلێمانی تەواو کردووە، لە قوتابخانەی ئەو کاتی فەیسەڵییە خوێندویەتی، لە ژیانیدا چەرمەسەری و نەهامەتی زۆری دیوە، بەڵام خۆشبەختانە بەسەر کۆسپ و تەگەرەکانیدا هەنگاوی داوە و بەردەوام بووە.
کاتێ قوتابی چوار و پێنجی ئامادەیی دەبێت، دەستگیر دەکرێت و پێش تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ ئازاد دەکرێت، بەو ئازارەوە لەبەر لێهاتووی و زرنگی خۆی نمرەی باش بەدەست دەهێنێت و ئامادەیی دەبڕێت.
بەبڕوانامەی پێنجی ئامادەیی ئەو کاتە دامەزراوە، کە دەکاتە پۆلی دوانزەی ئێستا..
بۆیەکەمجار لە دائیرەی اصلاحی زراعی سلێمانی دادەمەزرێت، پێش دامەزراندنی وەکوو وەرگێڕی زمانی ئینگلیزی بۆ کوردی لە پڕۆژەی تونێلی دەربەندیخان کاری کردووە، چونکە ئینگلیزییەکی باش و پاراوی زانیوە.
چەند جار بەهۆی بیروڕای جیاوازەوە تووشی گرتن و ئەشکەنجە و زیندان بووە، هەر بۆیه لە شاری سلێمانییەوە کارەکەی دەگوزرێتەوە بۆ شاری هەولێر..
سەرەتایی حەفتاکان پێنج ساڵ لە ٳصلاحی زراعی هەولێر کاردەکات، پاشان دێتەوە بۆ سلێمانی و ساڵی 1977 و 1978 دیسان لە ئەمنی عاممەی سلێمانی دەگیرێت و تووشی ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر دەبێت و پاش چەند مانگێک ئازاد دەکرێت و پاشان بۆ چارەسەر ڕوو لە وڵاتی پۆڵاندا ئەکات، ئەو وێنەیە وارشۆی پایتەختی پۆڵاندایە، پاشان دێتەوە بۆ سلێمانی هەتا ساڵی 1983 لەوەزیفە دەمێنێتەوە.هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەی بەعس هەمیشە چاوی لەسەر بوو ناچار خۆی خانەنشین ئەکات..
هۆگر گۆران دەستی نووسینی شیعری هەبوو و چەندەها نووسینی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکاتەدا هەبووە، یەکێک بوو لە ئەندام و دەستەی یەکێتیی نووسەرانی کورد، لەگەڵ ئەژی برای نامیلکەیەکی هەیە بەناوی خەمەکانم.
هۆگر گۆران خاوەنی چوار برا و دوو خوشکە..
براکانی:
ئەژی گۆران، شاهۆ گۆران، هەڵۆ گۆران، فەرهاد گۆران
خوشکەکانی: هێرۆ گۆران، پیرۆزە گۆران.
لە ئێستادا تەنیا شاهۆ گۆران و هێرۆ گۆران و پیرۆزە لە ژیاندا ماون
خوالێیخۆش بێت کاک شاهۆ لە هەولێر کۆچی دواییکرد، د هێرۆ لە سلێمانی دەژی و پیرۆزە لە بەحرەین دەژی..
لە ساڵی 1962 هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو نەسرین قادر عەبدولمەناف دەکات کە خانەوادەیەکی دیاری هەڵەبجەن.
خاوەنی شەش مناڵ بوون.
بەناوی:ڕێبوار، ڕێکپۆش، هۆشیار، ڕووناک، چنار، جووتیار..
هۆگر گۆران لە 30-12-2016 لە سلێمانی بەنەخۆشی ماڵاوایی لەژیان کرد و لەگردی سەیوان لەتەنیشت گۆڕی گۆرانی باوکی بەخاک سپێردرا..
[1]