وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرایدەکات، ئامادەکاریە سەرەتاییەکان بۆ بودجەی ساڵی (2014) ی عێراق کراوه و پێشبینیش دەکرێت، بودجەی ساڵی داهاتو، بە ڕێژەی(7-10%) زیاد بکات و نزیکەی (130) ملیار دۆلار بێت.
فازڵ نەبی، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، ڕایگەیاند: وەزارەتەکەیان ئامادەکاریە سەرەتاییەکانی بۆ بودجەی ساڵی (2014) کردوه و لە هەفتەی داهاتودا، گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە بودجە دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی فرۆشتنی نەوت و دەرچونی عێراق، لە ژێر بەندی حەوتی نەتەوە یەکگرتوەکان پێشبینی دەکرێت، بودجەی ساڵی داهاتو، بە ڕێژەی (7-10%) زیاد بکات و نزیکەی (130) ملیار دۆلار بێت.
سەبارەت بەوەی ئەمساڵ لە کاتێکی زوتردا بودجەی عێراق ئامادەکاری بۆ کرا، فازڵ نەبی ئاماژەی بەوەکردوە؛ لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیان ڕاگەیاندین کە بەشێوەیەکی خێرا، ئامادەکاری بۆ بودجەی ئەمساڵ بکەن بەمەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەمانگی ئابدا.
- 02-07-2013