هەولێر، لە جەژندا نزیکەی حەوت هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە
📊 ئامار و راپرسی
خەندان – رەهێل سەمەد
بەرێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت لەماوەی سێ رۆژی جەژنی رەمەزاندا لەسنوری پارێزگای هەولێر حەوت کەس بەهۆی رووداوەکانی ئۆتۆمبێل گیانیان لەدەستداوە و 39کەسی دیکەش برینداربوون و نزیکەی شەش هەزار کەس روویان لە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن کردووە.
کاروان عەبدولکەریم بەرێوبەری راگەیاندنی پۆلیسی هەولێر بە (خەندان)ی راگەیاند: "لەماوەی سێ رۆژی جەژنی رەمەزان لەسنوری پارێزگای هەولێر بە قەزا و ناحیەکانەوە سێ حاڵەتی شەڕکردن و سێ حاڵەتی دزیکردنیش تۆمار کراون.
وتیشی: هەر له و ماوەیەدا 12 رووداوی ئۆتۆمبێل هەبووە بەوەرگەڕان و پێکدادان روویداوە، کە بەهۆیەوە حەوت کەس گیانیان لە دەستداوە و 39 کەسیش برینداربوون، ئەمەش جگە لەوەی چوار کەس سوتاون و کە یەکێکیان منداڵە.
بەرێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هەولێر ئاماژە بەوەشدەکات : لەگەڵ بوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئاوارە لەناوشاری هەولێر تواندرا بەشێوەیەکی سەرکەوتوو پلانەکەمان جێبەجێ بکەین و کەمترین حاڵەتی دزی و کێشەی کۆمەڵایەتی دروست بێت.
جگە لە ئامارەکانی پۆلیسی هەولێر بەگوێرەی زانیاری نەخۆشخانەکان لەماوەی ئەو سێ رۆژەدا بەهۆی خواردنەوە، شەش هەزار و 965 کەس روویان لە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن کردووە و چارەسەری پێویستیان بۆ ئەنجامدراوە.
- 11-08-2013