وەزارەتی دارایی عیراق ئاشکرایکرد، یەک تریلیۆن دینار لەبودجەی گشتی ساڵی 2014 تەرخانکراوە بۆ ڕەشنووسی بودجەی خەرجی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.
فازڵ نەبی، بریکاری وەزیری دارایی عیراق بەخەندانی ڕاگەیاند، " لەپارەی بودجەی گشتیی دەوڵەت بۆ ساڵی 2014، یەک تریلیۆن دیناری عیراقی بۆ خەرجی کۆمپانیاکانی بەرهەمێهێنانی نەوت لەهەرێمی کوردستان تەرخانکراوە"، وتیشی:" گەر خەرجی کۆمپانیاکان له و بڕە زیاتر بوو کەتەرخانکراوە بۆی، ئەوا لەڕێی کۆمپالەوە وەزارەتی دارایی ئەو بڕە پارەیە لە گەنجینە داوا دەکات".
بەوتەی فازڵ نەبی، خەرجی کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێم دەخرێتە بەر دەم لیژنە سێ قۆڵییەکە نەک وەزارەتی دارایی، دوای پێداچوونەوە پێیدا لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی، ئەوەشی خستەڕوو کە، لیژنە سێ قۆڵیەکە پێکهاتووە لە وەزیری دارایی و نەوت و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی.
بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2014 بە 174 تریلیۆن دینار دەستنیشان کراوە، دوای ئەوەی کورتهێنانی بودجە بە 30 تریلیۆن تەرخانکرا، هاوکات سەدا 93 بودجەی گشتی دەوڵەت پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.
بودجەی گشتی عیراق لە 16 مانگی ڕابردوو خراوەتە بەردەست ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بەڵام هێشتا بڕیار لەسەر بودجەکە نەدراوە.
- 04-11-2013