خەندان – کامەران عەبدە ساڵح
لە بۆنەکاندا کەمترین ڕێژەی گەشتیاری بیانی ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری بیتوێن و پشدەر دەکەن، لایەنی پەیوەندیداریش هۆکارەکەی بۆ کەمیی خزمەتگوزاریی گەشتیاری لە ناوچەکەدا دەگەڕێنێتەوە.
دیاری سەعدی بەڕێوەبەری بنکەی گەشتوگوزاری ڕانیە، بە خەندانی ڕاگەیاند: ئەوەندەی تێبینی کراوە، لەکاتی بۆنە و ئاهەنگەکاندا، کەمترین گەشتیاری بیانی ڕوودەکەنە ناوچە گەشتیارییەکانی پشدەر و بیتوێن.
ڕوونیشیکردەوە، هاتنی گەشتیاری عەرەب بۆ ناوچەکە ڕێژەی لەسەدا سفرەو، تەنها ژمارەیەکی کەم لە کوردانی ڕۆژهەڵات سەردانی دەکەن، ئەوانیش بەهۆی بوونی خزم و کەسوکارییانەوەیە لەو ناوچەیەدا.
دیاری سەعدی، ئەوەشی خستەڕوو، کە هەرچەندە لە سنوورەکە دەیان ناوچەی دڵگیر و دڵڕفێن هەن، بەڵام سەرجەم ئەو ناوچانە کەمترین دەستی خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە.
وتیشی: گەر گەشتیارێکی بیانی ڕوو لە پشدەر و بیتوێن بکات، لە یەککاتدا ڕووبەڕووی چەندین گرفتی وەک نەبوونی هوتێل و چێشتخانە و کابینە و کەپری گەشتیاری دەبێتەوە.
بە وتەی بەڕێوەبەری بنکەی گەشتوگوزاری ڕانیە، دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچە گەشتیارییەکان ئەرکی کەرتی تایبەتە، بەڵام زۆربەی سەرمایەدارانی ناوچەکە ئامادەنین لەڕێگەی دروستکردنی کۆمەڵگەی گەشتیاری و پرۆژە جۆراوجۆرەکانی دیکیەی، کەرتی گەشتیاریی ناوچەکەیان ببوژێننەوە.
- 24-03-2014