مەکتەبی سیاسی پارتی بەیاننامەیەک لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا دەردەکات
📝 بەڵگەنامەکان
هاوڵاتیانی ئازیز
کوردستانیانی هێژا
وەک هەموان دەزانن، هەر لەو کاتەوە کە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و ووڵاتی سوریا، هەل و مەرجێکی نوێی بۆ کوردانی رۆژئاوا هێنایە ئاراوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان و لە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ئەرکی نەتەوەیی و هاوپشتی برایانەمان بەرامبەر کوردانی ئەو پارچە ئازیزەی کوردستان و لە پەرۆشیمان بۆ ئەوەی هەلومەرجەکە بە قازانجی سیاسیی خەڵکی رۆژئاوا بشکێتەوە، دەستی هاوکاری و پشتیوانیمان بۆ هەموو لایەنەکان درێژ کرد و هەموو هەوڵێکماندا تا هەموویان یەک دەنگ و هاریکاری یەکدی بن و پێکەوە کاربکەن تا لە دوارۆژی ئەو ووڵاتەدا مافەکانی گەلی کورد زامن و مسۆگەر بن، بەڵام بەداخەوە حزبی پەیەدە هەر زوو لەم رەوتە هەڵگەڕایەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆ سیاسەتێکی تاکڕەوانەی قۆرغکارانەی خۆسەپێنی گرتەبەر و لەسەر ئاستی سوریا و سەنگەربەندیی هەرێمایەتیش، رۆژئاوای لە سیاسەتێکی شووم و نەزۆک و سەرکێشانەوە تیوەگلاند کە جگە لە مەترسی و ئایندەی نادیار هیچی دیکەی بۆ کورد لێ شین نابێت.
پەیەدە بەوەندەشەوە نەوەستا و تاکڕەوی و پاوانکاری گەیاندە ئاستی دژایەتییەکی بێشەرمانەی هێزە سیاسییەکانی دیکە و دەستنەپاراستن لە گرتن و راوەدونان و دەرکردنی سەرکردە و کادیر و لایەنگرانی حیزبەکانی دیکە و بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا وەک لەم چەند رۆژەی رابردوودا بەشێوەیەکی فراوان روویدا.
لە سایەی ئەو سیاسەتە تاکڕە و و ناڕەوایەی پەیەدەدا، ئێستا رۆژئاوا لە جیاتی ئەوەی ببێتە نموونەیەکی سەرکەوتوانەی کورد لە خۆبەڕێوەبردنێکی دیموکراتیانە و فەزایەک بۆ ئازادی خەبات و هەڵسوڕانی سیاسیدا، کەچی خراپتر لە ناوچەکانی ئیدارەی رژێم، بۆتە جێیەک بۆ قۆرغکاری و سەرکوتکردنی ئازادی سیاسیی.
پەیەدە کە داوای ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی و کرانەوەی پارچەکانی کوردستان لەسەر یەکدی دەکات کەچی بۆ خۆی بەو شێوازە دیکتاتۆریانەیە مامەڵە لەگەڵ تێکۆشەران و جەماوەری رۆژئاوای کوردستان دەکات، مامەڵەیەک کە لە دونیای تێکۆشانی ئەم سەردەمەدا مۆدێلێکی قیزەونی بەسەرچووی نەفرەت لێکراوە و بە هیچ جۆرێک قابیلی قبوڵ نییە، بۆیە پێویستە پەیەدە دەستبەرداری ئەم سیاسەتە تاکڕەو و خۆسەپێنە بێت، کە بەهەموو پێوانەیەک زیانی گەورە بە بەرژەوەندی رۆژئاوا دەگەیەنێت، پێویستە پەیەدە وەڵامدەرەوەی ئیرادەی کوردانی رۆژئاوا بێت کە بەسەر حیزب و بیر و ڕای جۆراو جۆردا دابەش بوون و هەمووانیش خەڵکی رەسەن و رۆڵەی ئەو پارچەیەی کوردستانن و هیچ هێزێک بۆی نییە ئازادی تێکۆشان و کاری سیاسسیان لێ قەدەغە بکات.
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوپەڕی هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ خوشک و برایانی کوردی رۆژئاوا و تێکۆشەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا رادەگەیەنین.
بە توندیش ئیدانەی ئەو شاڵاوی رەشبگیرە دەکەین کە لە لایەن پەیەدەوە دەکرێتە سەریان..
جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کە بەرژەوەندی رۆژئاوای کوردستان لە پێکەوەکارکردنی هەموو لایەنەکاندایە و پێویستە ئەم تاکڕەوی و خۆسەپاندنە کۆتایی بێت.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
18 – 5 - 2014