بارزانی شەڕی لە دژی داعش راگەیاند
📝 بەڵگەنامەکان
بەناوی خودای بەخشندەو میهرەبان
جەماوەری سەربەرزی کوردستان
گەلی کوردستان لەسەر کلتوری ئایین پارێزی و فرەئایینی و پێکەوەژیان راهاتووە و تەعەدای لەکەس نەکردوەو بەدرێژایی مێژوو تەنیا بەرگریی لەخۆی کردووە. بەڵام دوژمنان وازیان نەهێناو هەرجارە و بەشێوەیەک دەیانەوێ زیان بەگەلەکەمان بگەیەنن، لەدوای رووداوەکانی موسڵ کوردستان تەنیا بەرگریی لەخۆی کرد، بەڵام تیرۆریستان کەوتنە شەڕفرۆشتن و پەلاماردانی کوردستان و ڕووداوە ناخۆشەکانی ئەو چەند رۆژەی رابردوی لێکەوتەوە، بۆیە بڕیارماندا لەدۆخی بەرگری بێینەدەرو هەتا دوایین هەناسە شەڕی تیرۆریستان بکەین.
فەرمانمان بەهێزەکانی پێشمەرگەو لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بەهەموو توانایەک پەلاماری تیرۆریستان و دوژمنانی خاک و خەڵکی کوردستان بدەن.
روداوەکانی ئەم دواییەی دەڤەری زوممارو شنگال و ئەو کارەساتەی بەسەر خوشک و برا ئێزیدیەکانمان هاتووە دڵتەزێنەو گەلی کوردستان لەوە دڵنیا دەکەینەوە کە دەستبەرداری بستێک لەخاکی کوردستان نابین و شنگال و خوشک و برا ئێزیدییەکانمان وەک گلێنەی چاومان دەپارێزن و چیای شنگال بەخۆڕاگری و سەرکەشی دەمێنێتەوە، ئەو بەشە ئازیزو رەسەنەی گەلەکەمان هەر سەربەرزەو ئەرکی تاک تاکی ئێمەیە شکۆیەکەی بپارێزین.
تیرۆر پرسێکی جیهانییەو روبەڕووبوونەوەی هەوڵێکی نێودەوڵەتی پێویستە، چەندین ساڵە کوردستان قوربانی هەڕەشەی تیرۆرو تیرۆریستان بوەو جێگەی داخە کە ئێمە تەنیا بووین و کەس یارمەتیی گەلی کوردستانی نەداوە لەدژی تیرۆر بەرگری لەخۆی بکات.
لەگەڵ ئەوەیشدا لەشەڕی تیرۆرو شەڕانگێزیدا پشتمان بەگەلی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەو دەزگە ئەمنییەکانی کوردستان بەستووەو هەمیشەیش پابەندی بنەماکانی ئازادیخوازی و کلتوری رەسەنی پێکەوەژیان و لێبوردەیی کوردستانی بووین و ئەوە خاڵی بەهێزی سەرکەوتنمانە بەسەر دوژمن و دڵڕەش و تیرۆریستاندا.
لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە رۆڵە قارەمانەکانمان هێرشیان بۆ سەر تیرۆریستان دەستپێکردوەو لەپێشڕەوییدان، داوا لە خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و میدیا کوردستانییەکان دەکەم بەورەی بەرزو بەوپەڕی چاوکراوەیی و هەست بەبەرپرسیارێتی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن و زیاتر لە هەر کاتێک یەکڕیزیی نیشتمانی و نەتەوەیی بپارێزن.
پێشمەرگە قارەمانەکانیش لەوە دڵنیا دەکەمەوە کە گەلی کوردستان بەهەموو توانایەک پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەن و چاویان لە ورەی پۆڵایین و گیانفیدایی و قارەمانێتی ئێوەی سەربەرزە.
لە کۆتاییدا سوپاسی خۆڕاگریی هەموو خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزە خۆبەخشەکان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم و لەوە دڵنیا بن کە ئاییندەیەکی گەش چاوەڕوانی گەلی کوردستانە.
بژی کوردستان
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی
مەسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2014/8/4