ساڵی 1954 لە #سلێمانی# لە دایکبووە.
ساڵی 1975 قۆناغی ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە، پایزی هەمان ساڵ لە زانکۆی سلێمانی کۆلێژی ئاداب- بەشی زمانی کوردی وەرگیراوە.
هەر لە ساڵی 1975دا پەیوەندیکردووە بەرێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە، لەدووەم ساڵی خوێندنی زانکۆی لە ڕۆژی #14-10-1976# بووە بە پێشمەرگە.
ڕۆژی #26-02-1978# لە گوندی (قارەمان)ی قەرەداغ دەستگیرکراوە، شەوی #18-06-1978# لە موسڵ لەسێدارە دراوە.
شەهید ئاشتی لە زینداندا نموونەی ئازایەتی بووە، جگە لەوەی هیچ سوودێکی بە دوژمن نەگەیاندووە لە ڕووی درکاندنی نهێنییەوە، تا دواهەناسەی سوور بووە لەسەر بیروباوەڕی خۆی و لە زیندانیشدا کێوی ورە بووە، تەنانەت لەدوا (مواجە) دیداریدا کە بۆ شەوەکەی لە سێدارە دەدرا، کەسوکارەکەی دەگریان، بەڵام ئاشتی بۆ خۆی دەستیکردووە بەهەڵەپەڕکێ و بە دایکی وتووە سبەینێ کەس لە پرسەکەیدا نەگری.
هەروەها شەهید ئاشتی یەکێک بوو لەو قارەمانانەی کە لە زیندانەوە چەنیدن نامەی پڕ لە ئازایەتی و کۆڵنەدانی ناردووەتە دەرەوە، نامەکانی ئاشتی نامەی مێژووی سە لماندنی نەبەردی و جوامێرین.
شە هید ئاشتی لە یەکێک لە نامەکانی دواڕۆژەکانی ژیانیدا دەڵێت:
(هاوڕێیان، هەروەک ئاشکرایە هەتا ڕێگەی خەبدات سەخت و پڕ قوربانی بێت، دوژمن بە دەیان لاو بەندیخانەکان پڕ نەکات لە شۆڕشگێڕان، شۆڕشی سوور، لافاوی خوێن دوژمنانی تێدا نەخنکێت ئازادی وەرناگیرێت، ئەگەر ئێمەش ئامادەی ئەمە بین سەرکەوتن زوو بەدەست دەهێنین، دەبێت هەموو شۆڕشگێڕێک ئەمەی لە پێش چاوبێت، کە سەربەستی دەسێنرێت نادرێت.
کە ژیان بەختکردن لەپێناوی بیر و باوەردا هەمیشە پیشەی پێشمەرگەی هێزی سوور بووە، بە لای منەوە بەبیروباوەڕم، سەربەستی ژیانە، ژیان تێکۆشانە.
من هەزم دەکرد کە نەگیرێم بۆ ئەوەی هەر ئیشبکەم بۆ بیرباوەڕەکەم، ئێستاش کە گیراوم و بڕیاری خنکاندنم دراوە، زۆر شانازی پێوە دەکەم، شانازی بە پەتی خنکاندن دەکەم، چونکە هەمان پەت خراوەتە ملی شەهیدان شەهاب و جەعفەر و ئەنوەر و سەدان لاوی شۆڕشگێڕی کوردی تر.
ژیان خۆشە، بەڵام مردن لەپێناوی گەلدا خۆشترە، من ژیانم خۆشدەوێت، مانای وا نییە کە خۆمان دەدەین بە کوشت ژیان هەر هیچ ناهێنێت، بەڵام ژیان هێندە خۆشە بۆیە بۆ ژیان هەزاران گیان دەکەینە قوربانی، هەر مرۆڤێکیش ڕێگەی خەباتی گرت دەبێت ڕوون و ئاشکرا بێت لە لای کە بەهۆی لێبوردنی ئەوەوە لە ژیانی خۆی، هە ژاران دەگەنە ئاوات.
من حەزم دەکرد زیاتر لە سەنگەری پێشمەرگایەتیدا بمامایەتەوە بۆ ئەوەی زیاتر خۆم گۆش بکردایە و زۆرتر خزمەتی چینی زەحمەتکێشانی کوردم بکردایە، هیوام وایە ئەو ڕێگەیەی کە ئێمە گرتومانە ئێوە تەواوکەری بن و پیرۆزبایی سەرکەوتنتان لێبێت، هیچ گومانم نییە لەوەی کە ئێوە سەرکەوتن و سەربەستی بەدی دەهێنن.
حەزم دەکرد کە تەمەنم درێژبوایە هەتا ڕزگاری کوردستانی ئێراقم بدیایە و بۆ ماوەیەکی کوورتیش بوایە ببومایە بە پێشمەرگە لە ڕیزی پێشمەرگە قارەمانەکانی ئێراندا.
من کاتێک دەخنکێنرێم هەرهیچ نادۆڕێنم، بەڵکوو ژیانی هەتا هەتایی لەناو میللەتەکەمدا بەدەستدەهێنم. [1]