لە چوار مانگی رابردوودا داهاتی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی بەمشێوەیە بووە
📊 ئامار و راپرسی
بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لەچوارچێوەی هەفتەی هاتووچۆدا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 5ی ئایاری 2015، بەئامادەبوونی ژمارەیەک لەکەناڵەکانی راگەیاندن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ وتەبێژی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی رێکخست و لەهەمانکاتیشدا فەرمانبەرێک و ئەفسەرێک و کارمەندێکی هاتووچۆی ساڵانی پەنجاکانی خەڵات کران.
نەقیب کاروان محەمەد صدیق وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی تیشکی خستەسەر چالاکیەکانی هەفتەی هاتووچۆو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە دوێنێ نیوەڕۆ 4ی ئایار تاکو کاتژمێر 1ی شه و سزای دارایی شۆفێران راگیراوه و مەفرەزەکان و کارمەندانی هاتووچۆ تەنها رێنمایی شۆفێرانیان کردوە.
وتيشی: "شەوی رابردوو بەبەشداری ژمارەیەک لەئۆتۆمبێلەکان و ماتۆرەکانی هاتووچۆ مانۆرێکی سەربازی لەسنووری شەقامی مەلیک مەحمود ئەنجام دراوە".
راشیگەیاند: "خولێکی تایبەتیان بۆ ژمارەیەک لەرێپێدراوانی هاتووچۆ کردۆتەوە"، وتەبێژی هاتووچۆ، تیشکی خستەسەر رووداوەکانی چوار مانگی رابردووی ئەمساڵ و وتی: "لەماوەی ئه و چوار مانگەدا (356) رووداوی هاتووچۆ روویانداوه و بەوهۆیەشەوە (447) هاوڵاتی برینداربوون و (59) هاوڵاتیش گیانیان لەدەستداوە".
ناوبراو هۆکاری بەرزبوونەوەی ئه و ئامارەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی قەزای چەمچەماڵ بۆ سەر سنووری ئیداره و هاتووچۆی سلێمانی گواستراوەتەوە کە پێشتر سەر بە هاتووچۆی ئیدارەی گەرمیان بووە.
لەبەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەدا وتەبێژی هاتووچۆ ئاماژەی بۆ داهاتی هاتووچۆ کردوو وتی: "داهاتی ئەم چوار مانگەی هاتووچۆ بیست و یەک ملیارو سەدو حەفتاو هەشت ملیۆن و حەوسەد وهەشتاو نۆ هەزار دیناربووە"، هەروەها ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "لەم چوارمانگەی رابردوودا (7719) شۆفێر بەهۆی نەبوونی مەرجی توندو تۆڵی و (548) شۆفێر بەهۆی پەرده و هەروەها (618) شۆفێریش لەسەر جامی تاریک و(738) شۆفێر بەهۆی بەکارهێنانی مۆبایل و(440) شۆفێر بەهۆی لەئیشارەت دانەوە سزادراوون".
- 05-05-2015