پەیامی پیرۆزبایی کۆسرەت رەسوڵ عەلی بۆ یەکێتی مامۆستایانی کوردستان
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
بەڕێزان: سکرتاریەت و ئەندامانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان
"54"ەمین ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە یەکەبەیەکتان پیرۆز دەکەم و ئاواتەخوازم وەک هەمیشە پێشەنگ بن و هەڵگری پەیامی پەروەردەو پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندروست بن.
مامۆستایانی خۆشەویست:
53 ساڵی رابردووی خەباتتان ئەوەمان پێدەڵێ کە ئێوە هاوکاتی پەروەردەکردنی نەوەکانمان هەمیشە داینەمۆی خەبات و جۆشدانی رۆحی کوردایەتی بوونە لە سەردەمی شاخ و لەدوای راپەڕینیش بەبێ گوێدان بەهیچ بەرژەوەندییەکی کەسی خۆتان و دابینکردنی بژێوی ماڵ و منداڵتان بەردەوام بوون لە کارە پیرۆزەکەتان و نەتانهێشت نەوەی دوای راپەڕینی کورد نەخوێندەوار بێ.
ئەمڕۆش کە کوردستانمان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕدەبێ و قەیرانی دارایی رووی تێکردووین لەپاڵ دواکەوتنی مووچە، کەچی مامۆستایان نەیانهێشتووە یەک رۆژ خوێندن لە کوردستان دوابکەوێ و شەمەندەفەری پەروەردەو فێرکردن نەوەستاوەو بەردەوامە، بۆیە لەسەر هەموومان پێویستە بە باشترین شێوە خزمەتی مامۆستایان بکەین و قەرەبووی ئەو هەموو ساڵە لە خەبات و قوربانیدان و خۆڕاگریەیان بۆ بکەینەوە.
لە کۆتاییدا وێڕای دووبارە پیرۆزباییم لە مامۆستایانی هەڵگری مەشخەڵی زانست، بە پێویستی دەزانم سەری رێز و نەوازش بۆ مامۆستایانی شەهید و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دابنوێنم وپێیان بڵێم "ئارام بنون کاروانی پەروەردەکردن و پێگەیاندنی نەوەی وشیار بەردەوامەو هەموومان بەرهەمی ئەم کاروانە نەپساوەین."
کۆسرەت رەسوڵ عەلی
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
14-05-2015