زیاتر لە 600 سواڵکەر دەستگیر کراون
لەماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە 35 سواڵکەر لە شاری سلێمانی دەستگیر دەکرێت و سەرۆکی لیژنەهاوبەشەکانی قایمقامیەتیش رایدەگەیەنێت، هەڵمەتی رێگری کردن له و دیاردەیە بەردەوام دەبێت و لە سەرەتای دەستبەکاربوونیانەوە تا ئێستا 600 سواڵکەر دەستگیرکراوە.
سۆران عەبدولغەفور، سەرۆکی لیژنەهاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە خەندانی راگەیاند: لەسەرەتای دەستبەکاربوونی لیژنەی سواڵکردنەوە تا ئێستا زیاتر لە 600 سواڵکەر لە ناو شاری سلێمانی و دەوروبەری دەستگیر کراون و رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.
وتیشی: "تەنها لە ماوەی هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 35 سواڵکەر دەستگیر کراون کە بەشی زۆریان لە خوار تەمەنی 18 ساڵانەوەن و هەروەها دەست بەسەر ئه و پارانەدا گیراوە کە لە خەڵکیان وەرگرتووە کە بڕەکەی زیاتر لە 400 هەزار دینارە".
سەرۆکی لیژنەهاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: هەموو ئه و سواڵکەرانەی کە دەستگیر کراون لەگەڵ ئه و بڕە پارەیەی کە دەستی بەسەردا گیراوە رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە و دواجار دادگا بڕیاردەدات چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
سۆران عەبدولغەفور راشیگەیاند: هەڵمەتی دەستگیرکردنی سواڵکەر و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەکە بەردەوام دەبێت و داواش لە دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکات هاوکاریان بن بۆ ئەوەی بەهەوڵی هەمووان رێگری له و دیارە ناشارستانیە بکرێت.
- 18-05-2015