راگەیاندنی ناوەندی سێکولار لە کوردستان سەبارەت بە ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان
رەشنوسی دەستووری هەرێمی کوردستان کە لە لایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانەوە خراوەتەڕوو و ئێستا کاردەکەن بۆ هەموارکردنەوە و ئامادەکردنی بۆ ڕاپرسی، نەیتوانیوە بنەمایەک بێت کە ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان دابین بکات و چوارچێوەیەکی مۆدێرن و پێشکەوتوانەشی دانەناوە بۆئەوەی سیستەمی سیاسی و دادوەری و پەروەردەیی لەسەر بنەماکانی مافە جیهانیەکانی مرۆڤ و پێشکەوتنە زانستیەکان لە بواری بەڕێوەبردن و جیایی ئاین لە دەوڵەت و بەشداری فراوانی جەماوەر لە یاسادانان و بەڕێوەبردنی لەسەر دابمەزرێ.
هەربۆیە ناڕەزایەتی چین و توێژ و حزب و ڕێکخراو و کۆڕ و ناوەند و کەسانی ئازادیخواز و یەکسانی خوازی لێکەوتۆتەوە، ناڕەزایەتی سەبارەت بە سیستەمی سەرۆکایەتی و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم، دەوری ئاین لە دەستوور و یاساکان، بەرتەسکردنەوەی ئازادی بیروڕاو و ئازادیە سیاسیەکان و ئازادی حزب و ڕێکخراوەکان، پێشێلکردنی مافی ژنان و مناڵان و کرێکاران و فەرمانبەران و توێژە کەم دەرامەتەکان، لەبەرچاونەگرتنی خواستی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان و بڕیاردانی لە چارەنوسی سیاسی کوردستانداو هتد...
ئێمەش خۆمان بەبەشێک له و ناڕەزایەتیە پێشکەوتنخوازانە و ئازادیخوازانەیە دەزانین کە ڕەخنەمان لەم ڕەشنوسەی دەستووری هەرێمی کوردستان هەیە و ئامادەی کارکردنین لەگەڵ ئه و لایەنانەی کە خوازیاری گۆڕینی ئەم ڕەشنوسەی دەستوورن به و شێوەیەی کە زۆرترین ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان دابین بکات و ببێتە بنەمای دامەزراندنی سیستەمێکی ئازاد وسێکولار و پێشکەوتنخوازانە لە کوردستان. پێویستە لەلایەن دەزگا دەسەڵاتدارەکانی هەرێمەوە پێش لە ڕاپرسی پرۆسەی هەموارکردنەوەی دەستوور بکرێتە پرۆسەیەکی ئازادانە کە بەشداری فراوانی خەڵک مسۆگەر بکا و هۆیەکانی ڕاگەیاندن فەراهەم بکرێت بۆ بەشداری جەماوەر لەم پرۆسەیەدا.
ئێمە وەک ناوەندی سێکولار لە کوردستان ئەوەندەی پەیوەستە بە ئامانج و کاری ئێمەوە، ڕەخنەی خۆمان سەبارەت بەم ڕەشنوسە لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەخەینەوە ڕوو:
یەکەم: پرۆژەی یاسای دەستووری هەرێم لە ماددەی سێیەم پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە "گەل سەرچاوەی دەسەڵات"ە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە گەل یان نوێنەرەکانی هەم یاسادانەرو هەم دەسەڵاتی جێبەجێکار پێکدەهێنن. بەڵام ئەم مادەی سێیەمە بە ماددەی شەشەم لە پڕۆژە یاساکە پوچەڵ دەکرێتەوە، به و پێیەی کە ماددەی شەشەم پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی کە "بنەماکانی شەریعەی ئیسلام سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان" و "نابێ یاسایەک دابندرێت ناکۆک بێت لەگەڵ حوکمە نەگۆڕەکانی ئیسلام".
هەربۆیە ئێمە پێمانوایە کە دەبێت ئەم ماددەیەی شەشی دەستوور لە دەستووری هەمیشەیی هەرێم لاببرێت لەبەر ئەم هۆیانە:
ئه و ماددەیەی کە دەڵێت "بنەماکانی شەریعەی ئیسلام سەرچاوەی سەرەکی یاسادانانه و نابێ یاسایەک دابنرێت ناکۆک بێت لەگەڵ حوکمە نەگۆڕەکانی ئیسلام" ناکۆکە لەگەڵ ئه و ماددەیەی کە دەڵێت "گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە" چونکە لەوەی پێشەوە ئاین دەبێت بە سەرچاوەی یاسادان لەوەی دواتریش گەل دەبێت بە سەرچاوەی یاسادانان.
کاتێک کە بنەماکانی شەریعەی ئیسلام دەکرێن بە سەرچاوەیەک بۆ یاسادانان ئەوە مانای ئەوەیە کە هەرچی فەقیهە موسڵمانەکان لە ماوەی 1400 ساڵی ڕابردودا وەک فەتواو یاسا بەرهەمیانهێناوه و وەک یاسا دەریانکردوە دەبێت ببێت بە سەرچاوەی یاسادانان لە ئەمڕۆ و دواڕۆژی هەرێمدا. ئەمەش لەگەڵ سروشتی گەشه و گۆڕاوی کۆمەڵگەکان نەک یەکناگریتەوە بەڵکو دژایەتی دەکات.
کاتێک کە بنەماکانی شەریعەی ئیسلام دەکرێن بە سەرچاوەیەک بۆ یاسادانان ئەوە مانای ئەوەیە کە هاوڵاتیان لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت بەڵکو لەسەر بنەمای موسڵمانبوون و ئێزیدیبوون و کرستیانیبوون و کاکەییبوون و شەبەکیبوون سوننیبوون و شیعیبوون مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. ئەمەش پێچەوانەی ئه و بنەما سەرەکییەی دەوڵەتی مەدەنییە کە پێداگری لەسەر یەکسانبوونی هاوڵاتیان لەبەرامبەر یاسادا دەکات.
کاتێک کە بنەماکانی شەریعەی ئیسلام دەکرێن بە سەرچاوەیەک بۆ یاسادانان ئەوە نایەکسانی ژن و پیاوی لێدەکەوێتە چونکە ژنان بەپێی شەریعەتی ئیسلامی مافی یەکسانیان نە لە میرات نە لە شایەدی نە لە مارەبڕین و ژیانی خێزانی نییە. ئەمەش پێچەوانەی ناوەڕۆکی ماددەی بیست و بڕگەکانی پڕۆژە یاساکەی دەستوورە کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە "پیاو و ژن بەرامبەر بە یاسا وەک یەکن"، یان ئەوەی دەڵێت "حکومەت هەوڵدەدات هەموو کۆسپێک و ڕێگرییەک لە ڕێگای یەکسانیی لە ژیان و مافە شارستانی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی و ئابورییەکاندا لابەرێ". لەڕاستیدا دانانی شەریعەتی ئیسلام وەک سەرچاوەیەکی یاسادانان ڕاست پێچەوانەی ئەم ماددەیەیه و دەبێتە کۆسپێک لەپێش گەیشتنی ژنان بە مافەکانیان لە هەموو ئه و بوارانەی کە ماددەکەی ئاماژەیپێکردوون.
بەپێی ئه و خاڵانەی سەرەوە دانانی شەریعەتی ئیسلام بەسەرچاوەیەکی سەرەکی یاسادانان پێچەوانە و دژ بە مافە جیهانیەکانی مرۆڤە و پوچەڵ کردنەوە و پێشێلکردنی ئه و مافانەی مرۆڤە کە ئەم دەستوورە دانی پێداناوە.
دووەم: پرۆژە یاساکە هەر لە ماددەی شەشەم "دان دەنێت بە ناسنامەی ئیسلامی زۆرینەی گەلی هەرێمی کوردستان".
ئێمە پێمانوایە کە ئەم ماددەیە دەبێت لە دەستوورە هەمیشەیەکە لاببرێت لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:
هەرێم، وڵات یان دەسەڵات پێویست ناکات کە شوناسی هەبێت چونکە هیچ کۆمەڵگەیەک لە یەک گروپی نەتەوەیی، ئاینیی، کەلتوریی پێکنەهاتووە. دانان بە هەر شوناسێک بۆ هەرێم مانای سەپاندنی شوناسێکی دیاریکراوە بەسەر ئه و گروپانەی کە شوناسەکە نایانگرێتەوە یان قەبوڵیان نییە.
دەوڵەت چوارچێوەیەکی یاسایی و دەزگاییە کەپەیوەندیی نێوان ئه و شوناسەجیاوازانە لەڕووی یاساییەوه و بەپێی ماف و بەرپرسیاریەت ییەک سانڕێکدەخات نەک دەزگایەکی خاوەن شوناس.
شوناسی کۆمەڵگەکان نەگۆڕ نین چونکە وەک سروشتی کۆمەڵگەکان لە گۆڕانکاری بەردەوامن بۆیە ناکرێت شوناس بۆ کۆمەڵگە لە گۆڕانهاتوو و فرە کەلتورییەکان جێگیر بکرێت و بسەپێنرێت.
دەستووری هەرێمی کوردستان دەبێت یەکسانیی هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر یاسادا ڕابگەیەنێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی ئاینیی، مەزهەبیی، بیروڕا، بیرباوەڕ، جێندەر، نەتەوه و ڕەگەز و زمان.
سێیەم: ماددەی سییەم کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە "نابێ حوکمەکانی باری کەسێتی پەیڕەوانی ئاینێک لەسەر پەیڕەوانی ئاینێکی دیکە بسەپێنرێت" وا دەردەکەوێت کە مافە ئاینییەکانی هاوڵاتیانی هەرێم دەپارێزێت بەڵام لە جەوهەردا کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ئاین و ئاینزا لە یەک جیادەکاتەوه و لەبەرامبەر یاسادا نایەکسانیان دەکات. بۆنمونە چۆن دەکرێت موسڵمانێک ئەگەر دزی کرد ئەوە دەستی ببڕدرێت کەچی ئێزیدییەک ئەگەر دزی کرد ئەوە شەش مانگ زیندانی بکرێت. ئەمە نایەکسانی دەسەپێنێت نەک یەکسانی کە ئەرکی دەستوورە. بەم شێوەیە ئەم مادەیە شەریعەتی ئیسلامی و پەیڕەوی ئاینە جیاوازەکان دەکات بەیاسا و هەموو هەموو بنەما مەدەنی و مۆدێرنەکان و یاسا مەدەنیەکانی باری کەسی دنیای ئەمڕۆ دەسڕێتەوە.
لە دەستووری هەرێمی کوردستاندا پێویستە بنەماکانی یاساکانی باری کەسیی لەسەر پرینسیپە سیڤیل و مەدەنی و مافە جیهانیەکانی مرۆڤ دابنرێ و دووربن لە پەیڕەوکردنی بنەماکانی هەر ئاینێک.
چوارەم: ماددەی نۆزدە کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە نابێت "مزگەوت و کەنیسه و شوێنەکانی خواپەرستی بکرێنە گۆڕەپانی چالاکی حیزبی و سیاسیی" کەچی شەریعەتی ئیسلام دەباتە نێو دادگاکان و دەیانکات بە بنەمای یاسادانان. ئەم ماددەیە تەواو ناکۆکە لەگەڵ ماددەی شەشەم. چونکە ئەگەر شەریعەت بکرێت بە سەرچاوەیەکی یاسادانان ئەوە دەبێت ئاسایی بێت کە مزگەوت و کەنیسە بکرێن بە شوێنی سیاسەتکردن. کاتێک کە بنەماکانی ئاینێک بکرێن بە سەرچاوە بۆ یاسادانان ئەوە هەر خۆی تێکەڵکردنی ئاینە بە سیاسەت، جا کە وابێت بۆ دەبێت شوێنی قسەکردن لەسەر ئاین لە کاری سیاسیی قەدەغەبکرێت.