راگەیاندراوی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەربارەی دۆخی نەخوازراوی هەرێم
📝 بەڵگەنامەکان
خەڵکی دڵسۆزی کوردستان
مامۆستایانی خۆشەویست
بەداخەوە بەهۆی ئەو قەیرانانەی بەرۆکی هەمو لایەکمانی گرتوە کە خۆیان دەنوێنن لە قەیرانی سیاسی، یاسایی، دارایی، بەدیاریکراوی دارایی کە بۆ (22) مانگ دەچێت بەردەوامە، لەو ماوەیەدا هەمو کۆتا مانگان بەشێوەیەک لە شێوەکان بینەو بەردەی بەخۆیەوە بینیوە، یەکێتـی مامۆستایانی کوردستان بەدرێژایی ئەو ماوەیە لەیەک کاتدا بەهەستکردن بە بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و نەتەوایەتی و ئەو شەڕە نەگریسەی بەرۆکمانی گرتوە، زۆربەهێمنی و پشو درێژیەوە مامەڵەی کردوەو بەردەوامیش هەوڵی داوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوەکو چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت و نەگاتە دۆخێک لەدەست دەربچێت، مخابن بەهۆی ئەوەی مەودای پێدانی موچە لەبری نزیکبوونەوە، تا دێت دوردەکەوێتەوە بۆیە خۆپیشاندان لەهەندێک شوێنیش هەڵپەساردانی دەوام لە ناوەندەکانی خوێندنیشی بەدواهات، هاوکات ئەم تەنگژە سیاسی و یاساییەشی هاتە سەر وایکرد دۆخەکە شڵەژاوتر بێت و توندوتیژی و خوێن رشتنیشی تێدا بکەوێتەوە، یەکێـتی مامۆستایانی کوردستان لەبەرامبەر ئەم رەوشە نالەبارە کەهەمومان لێی بەرپرسیارین هەر لایەو بەقەد قەبارەی خۆی، هەڵوێستی رونی خۆی بەمشێوەیە رادەگەیێنێت:-
1- پێویستە حکومەت پرۆژەی چاکسازی هەبێت و بە پەلە هەنگاوەکان هەڵبهێنێت، ئەوەی بەلای ئێمە زۆر گرنگە هەروەک لە کۆبوونەوەی هاوبەشی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی تەنفیزی (ی.م.ک) کە رۆژی دووشەممەی رابردو بەڕێوەچو تەئکید لەسەر ئەوە کرایەوە چاکسزی زۆر زەروریە، بەڵام هەر چاکسازیەک لە بڕی موچە و دەرماڵە بکرێت نابێت مامۆستایانی سەر بەهەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بگرێتەوە.
2- داواکارین لەلایەنە سیاسیەکان، بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان لەبەرچاوبگرن، یاری بەهەست و سۆزی خەڵکی نەکەن و چیتر نەهێڵن زەمینەی تەراتێن کردنی دوژمنانی کورد و کوردستان نەڕەخسێت تاوەکو بەویستی خۆیان دەستی تێدا بگێڕین، سەرەنجام دۆخەکە بگەڕێننەوە چوارگۆشەی یەکەم، پێشیان دەڵێن ئەم کوردە بەش مەینەتیە کەمی ئازار نەدیوە تاوەکو زۆرتر بکرێت کەمیش خوێنی لەبەر نەچۆڕاوە تاوەکو چۆڕاوگەکەی بە کەف و کۆڵتر بکرێت.
3- پشتیوانی لەداخوازی رەوای مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەین، خۆشمان بە بەرپرسیار دەزانین لە داکۆکیکردن لە مافە رەواکان، داواکاریشن هەروەک لەیاسای (ی.م.ک)دا هاتوە هەڵوێست و داواکاریەکان بە شێوەیەکی مەدەنیانە و پیشەییانە دەرببڕدرێت.
4- هەمو جۆرە توندو تیژیەک رەتدەکەینەوە لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت جەختیش دەکەینەوە هەرگیز توندوتیژی و هەڵکوتانە سەر دامودەزگا حکومی و لایەنە سیاسەکان، سیمای مەدەنیانە و مرۆڤانە نیە.
5- داوا لە مامۆستایان دەکەین ئەو ئەمانەتەی لە ئەستۆیان دایە بەباشی بیپارێزین هەروەک تا هەنوکە پاراستویانە و خۆنەویستانە وێستگە بەوێستگە هێناویانە لە ئێستاشدا لەهەمو کاتێک زیاتر پێویستە بپارێزرێت و بیگەیێنرێتە دوا قۆناغ.
لەکۆتاییدا جارێکیتر ئەوە دووپات دەکەینەوە داواش لەهەمو لایەنە بەرپرسەکان دەکەین ئەم دۆخە هی ئەوەنیە بەشێوەی کاتی سڕ بکرێت بەڵکو دەبێـت بە پێداگیریەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و ئالیەتی چارەسەری ریشەیی بدۆزنەوە و بەکۆمەڵانی خەڵک و مامۆستایان و فەرمانبەرانیش بوترێت.
بژی خەباتی پیشەیی و مەدەنیانە
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان
مەکتەبی سکرتاریەت
11-10-2015