دوارۆژ، دڵشاد ئەحمەد
بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ڕاپەرین ڕایدەگەیەنێت، تەنها لەمانگی کانونی یەکەمی ڕابردو ڕوداوەکانی سوتان و لافاو بڕی زیاتر لە 48 ملیۆن زیانی بە هاوڵاتیانی سنورەکە گەیاندوە.
حسێن عەبدوڵا، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین بە (دواڕۆژ)ی ڕاگەیاند، مانگی ڕابردو لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیمان کە حەوت بنکە و سێ مەفرەزە لەخۆدەگرێت 31 ڕوداوی جۆراوجۆری وەک ئاگرکەوتنەوە و لافاو و ڕوداوی تر ڕویداوە و بەهۆیانە بەبڕی 48 ملیۆن و 841 هەزار دینار زیان بەر هاوڵاتیان کەوتوە.
وتیشی، لە ڕوداوەکان حاڵەتێکی برینداری و حاڵەتێکی سوتانی کەسێک هەبوە.
بەرپرسەکەی ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی هێمای بۆ ئەوەشکرد، بەدەر لەو ڕوداوانە ڕۆژانە پشکنین بۆ دوکان و ناوچە بازرگانیەکان دەکرێت بەمەبەستی دڵنیایی تایبەت بە بەرگری شارستانی و لەو ڕوەوە مانگی ڕابردوو نزیکەی 90%ی ئەو پشکنینانە دەرچوون و ڕێنمایی پێویستیش دراوەتە ئەوانەی لە پشکنیندا دەرنەچوون.