نزیکەی 125 تەن ئاڵوگۆڕیی پۆستە لە نێوان هەرێمی کوردستان و جیهاندا کراوە
📊 ئامار و راپرسی
سەرەڕای پێشکەوتنی زۆرو خێرایی تەکنۆلۆژیا، بەڵام بواری پۆستە بایەخ و پێویستی خۆی لە دەستنەداوه و بەردەوامە لە کارو خزمەتکردن، پۆستەی هەرێمی کوردستانیش کە سەر بە وەزارەتی گواستنەوه و گەیاندنە سەرەڕای قەیرانەکانی دارایی، بەڵام بەردەوامە لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان و گرێدانی پەیوەندی لە نێوان هەرێم و وڵاتانی جیهان.
بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆستەی هەرێم لە ساڵی 2015 کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، "سەرەڕای ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەک لەوانە (بە ئەلیکترۆنیکردنی نووسینگەکانی پۆستە)و (بنیاتنانی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی پۆستەی هەولێر)و (چاپکردنی گروپێکی پێکهاتوو لە چوار جۆر پولی پۆستەی تایبەت بە هەرێم) کە ژمارەکەی گەیشتۆتە (880000) پول و جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەم، دووەمی پرۆژەی (post code) ی شاری سلێمانی، توانراوە لە ساڵی 2015 بە بڕی (124) تەن و (911) کیلۆگرام ئاڵوگۆڕی پۆستە لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهاندا بکرێت و داهاتی ئه و ساڵەش گەیشتۆتە 2 ملیارو 312000 ملیۆن دینار".
لە ئامارەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش دراوە: "تەواوی پۆستەی هەرێمی کوردستان لە رێگای سەنتەری نێودەوڵەتی هەولێر بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستە، لە رێگای بۆندێکەوە لەگەڵ هێڵی ئاسمانی (الملکیە الاردنیە) رەوانەی دەرەوە دەکرێن و ئەوانەی لە دەرەوەش دێن لە رێگای بەغداوە وەردەگیرێن".
سەنتەری نێودەوڵەتی هەولێر بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستە لە ساڵی (2007) دامەزرێنراوه و لەلایەن یەکیەتی پۆستەی جیهانیی (UPU) بە فەرمی دانی پیانراوه و سیمبولەکەی (IQEBLA) و سەنتەری ئاڵوگۆری پۆستەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی بەردەوام (سێ رۆژ لە هەفتەیەکدا) نێردراوی پۆستەی هەموو هەرێم لە رێگای هێڵی ئاسمانی (الملکیە الاردنیە) دەنێرێتە هەموو وڵاتانی جیهان.
- 14-01-2016