ساڵی 1971 لە جەیهانی سەر بە شاری (ئەدەنە) هاتۆتە دونیاوە، فیگان بەگشتی 10 خوشک و بران کە خۆی نۆیەمینیانە، لە تەمەنی 18 ساڵیدا لە بزووتنەوەی سۆسیالیستەکان نزیک دەبێتەوە و لەگەڵ تێکۆشەرانی گۆڤاری (ڕێگای کرێکاران) دەکەوێتە ناو کارو خەباتەوە، هەرلەو دەمەدا واتا کاتێک تەمەنی 18 ساڵ دەبێت فیگان بەشداری خۆپێشاندنێک دەکات و لەلایەن پۆلیسەوە لە ئەدەنە دەستگیر دەکرێت، هەرچەندە بنەماڵەکەی شەرم لە دەستگیر کردنی کچەکەیان دەکەن و بە تێکدەری ناودەبەن سەرەرای ئەمەش پشتی تێناکەن و بەهانایەوە دەچن، دوای ئەوەی دوای ماوەیەکی زۆر لە زیندان دەمێنێتەوە و پاشان ئازاد دەکرێت ئەمجارەیان باوکی لە ماڵەوە زیندانی دەکات بەڵام فیگان ڕیگاچارەیەک دەدۆزێتەوە و لەئاکامدا لە دەستی باوکی هەڵدیت و ملی ڕێگای ئیستەنبوڵ دەگرێتەبەر، فیگان لەبارەی بنەماڵەکەیەوە دەڵێت (بنماڵەکەمان بەم هەڵبژاردنە هزریە سیاسییەی من بەختەوەر نەبوون و پێیان قەبوڵ نەدەکرا، خزمانم بە چاوێکی تێرۆریست و جوداخواز لەمنیان دەڕوانی، بێگومان باوکیشم بە هەمان شێوە، لەدوای جیابونەوەم لە ماڵەوە دوای 7 ساڵ باوکم قسەی لەگەڵ کردم، باوکم کەسێک نییە کە کەسێکی تۆخی ڕەگەزپەرست بێت چونکە تاکو ئێستا دەنگی بە چەند پارتی داوە وەکMاHP، CHP AKP، بنەماڵەکەم خێزانێکی موحافیزکاری دیندارن)، دوای 7 ساڵ کە باوکی فیگان چاوی بە کچەکەی دەکەوێت پێی دەڵێت (من ڕێز لە فکرەکەت دەگرم و کارێکی باشت کردووە کە ئەم ڕێگایەت هەڵبژارد).
دوای ماوەیەک لە ئیستەنبوڵ فیگان لە ڕۆژنامەی (ئاتڵم) دەکەوێتە کار کە ڕۆژنامەیەکی چەپ بووە، لەناو کارەکەیدا بڕیاری هاوسەرگیری لەگەڵ هاوپیشەیەکیدا دەدات، کاتێک فیگان لەسەروبەندی هاوسەرگیریدا دەبێت هاوپیشەکەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر دەکرێت و دەخرێتە زیندانەوە، دوای چاوەڕوانییەکی زۆر فیگان لە زیندان هاوسەرگیری فەرمی لەگەڵ هاوپیشەکەی ئەنجام دەدات لە زیندان، هاوژینەکەی فیگان ناوی (سەدات شەنئۆغڵو) وە، فیگان کاتێک ئەم هاوسەرییەی پێکهێنا تەمەنی 33 ساڵ بووە و هیچ منداڵیان نەبووە.
دوای ماوەیەک فیگان وەک ئێدیتۆری گۆڤاری (ژنانی سۆسیالیست) دەست بەکار دەبێت، دوای ماوەیەکی تریش فیگان دەبێت سەرۆکی (پارتی چەوساوانی سۆسیالیست) لەبارەی بنەماڵەکەیەوە جارێکی تر فیگان دەڵێت (کاتی خۆی کەسوکارم دەنگیان بە MHP دەدا واتا پارتی بزووتنەوەی ڕەگەزپەرست بەڵام خۆشبەختانە لەبەر دڵی من ئێستا دەنگ بە HDP دەدەن)، فیگان یوکسەکداغ لە کۆنگەرەی دووەمیHDP هدپ کە لە حوزەیرانی ساڵی 2014 بەسترا بە هاوسەرۆکی ئەو حزبە هەڵبژێردرا و ئێستاش ئەندام پەرلەمانە، بۆ هەڵبژاردنی 1 ی نۆڤەمبەر دووبارە کاندیدە.