شەهیدانی کۆیە لەشەڕی داعشدا
ئامادەکردنی: زامدار ئەحمەد مەلا ڕەسووڵ
چاپی یەکەم 2016
چاپخانەی رۆژهەڵات هەولێر
کتێبی "شەهیدانی کۆیە، لەشەڕی داعشدا"، بەشێوەیەکی گشتی باس لە شەهیدانی سنووری جوگرافی قەزای کۆیە دەکات، لەسەرەتای هاتنی داعش و بەرگری کردنی پێشمەرگە، تا 10ی حوزەیرانی (2016). لەوماوەیەدا بیست و چوار شەهید بوونی هەیە.
ئەم کتێبە وەکوو وەفا و سۆز و خەمخۆرییەک بەرانبەر بە شەهیدان نوسراوە، هاوکات بۆ دۆکیۆمێنت کردن و مانەوەی بەشێکە لەمێژوو.
کتێبەکە لەدوو بەش پێکدێت، بەشێکی تایبەتە بە ژیاننامەی شەهید کە خۆی لە دوو پەر دەگرێ، بەشەکەی دیکەشی تایبەتە بە وێنە ئەلبوومی شەهیدان، ئەم کتێبە بە شێوەی رەنگاورەنگ، چاپ کراوه و بێ بەرانبەر بەسەر کەس و کاری شەهیدان دابەشکراوە..
زیاتر لە هەزار کتێبی لێ چاپ کراوە و تاکوو ئێستا نزیکەی 900 کتێب بەسەر کەسوکاری شەهیدان و بەشێک لەپێشمەرگە دابەشکراوە.
پێشەکی کتێب....
داعش، کورتکراوەی دەوڵەتی ئیسلامی لەعیراق و شام، یەکێکە لە دیارترین و ناسراوترین رێکخراوە ئیسلامییەکانی ئەم سەردەمەی جیهانە. پێشینەی دروست بوون و راگەیاندنی داعش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سەرەتای (2000)ەکان، لە ژێر ناوی دیکە، چالاکییەکانیان لەدژی سەربازەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەنجام دەدا، لە پاش هاتنی هێزی ئەمریکی بۆ عێراق و کۆتاییهێنان بە ڕژێمی بەعس و ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەددام حوسێن.
کۆمەڵیک هۆکاری سیاسی و ئابووری و مێژوویی و کولتووری بوونە هۆی دروستبوونی داعش. داعش، لە ئەنجامی یەکگرتنی هەردوو دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و بەرەی نوسڕە دروست بوو و لە هەشتی نیسانی ساڵی (2013)دا، لە ڕێگەی تۆمارێکی دەنگییەوە ئەبوبەکر بەغدادی ئەم هەواڵەی ڕاگەیاند و خۆیشی وەکو خەلیفەی ئەم ڕێکخراوە ناساند، لەدوای ئەم ڕێککەوتە مێژووی خوێناوی داعش دەستی پێکرد.
لە سەرەتای ساڵی (2013)دا، بەشێوەیەکی فەرمی داعش چووە نێو وڵاتی سوریا و دەستیکرد بە هێرشکردن بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و لەماوەیەکی کەمدا، توانی زۆر شاری گەورە لە عێراق و سوریا داگیربکات و خەڵکێکی زۆری سەربازی و مەدەنی ژیانیان لەدەستدا، لەبەرانبەر کردەوەکانی داعشدا.
دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، لەنۆی حوزەیرانی ساڵی (2014)دا، چوونە نێو شاری موسڵ کە دووەم گەورەترین شاری عێراقە و دەستیان بەسەر فرۆکەخانە و وێستگەی تەلەفزیۆن و بارەگا حکومییەکاندا گرت و نزیکەی (1000) بەندکراویشیان ئازاد کرد. بۆ ڕۆژی دواتریش واتە دەی مانگ، داعش توانی بەتەواوی دەست بەسەر شاری موسڵدا بگرێت و هێندەی دیکە شوێن پێی خۆیان بەهێز بکەن و ناوەندێکی گەورەش بۆخۆیان دەستەبەر بکەن. هاوکات شاری ڕەقە لە سوریا، مۆڵگەی سەرەکی داعش بوو.
بەشێوەیەکی خێرا و لە یازدەی حوزەیرانی ساڵی (2014)دا، داعش توانی شاری تکریت کۆنتڕۆڵ بکات و لە بیست و یەکی حوزەیرانیشدا، شارۆچکەی قائیم و چەند ناوچەیەکی دیکەشیان خستە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. بەڵام، داعش نەیانتوانی لە گرتنی کۆبانی لە ڕۆژئاوای کوردستان سەرکەوتووبێ، بەڵکو لەوێدا کۆتایی بە ئەفسانەی لەبن نەهاتووی داعش هات.
لە سێی تەمموزی هەمان ساڵدا، گەورەترین کێڵگەی نەوتی سوریا ناسراو بە (ئەلعومار) کەوتە ژێر دەستی داعش. لەدواتردا زۆربەی شارەکانی نێوان سنووری عێراق و سوریا کەوتە ژێر فەرمانڕەوایی داعش و لە بیست و چواری مانگیشدا، مەزارگەی نەبی یونس لە موسڵ تەقێندرایەوە و خاپوور کرا.
لەکۆتایی ساڵی (2015)دا، دەزگای ئاسایشی فیدراڵی رووسیا رایگەیاند، کە نزیکەی (80) هەزار چەکدار لە ڕیزەکانی داعشدا لە عێراق و سوریا بوونیان هەیە، له و ڕێژەیەش (30) هەزاریان لە عێراقن و (50) هەزارەکەی دیکەش لە سوریادان. بەگوێرەی ڕاپۆرتە ئەمنییەکان، پێکهاتەی چەکدارانی داعش لە عێراق و سوریا، لە هاونیشتیمانی هەریەک لەوڵاتانی (بۆسنە، بەحرەین، بەریتانیا، بەلجیکا، پاکستان، تورکیا، تونس، جەزائیر، چین، دانیمارک، روسیا، سعودیە، سودان، سوید، سویسرا، سۆماڵ، فنلەندا، فەرەنسا، قەتەر، کازاخستان،کوەیت،کۆسۆڤۆ، کەندا، لوبنان، لیبیا، میسر، مەغرب، نەرویج، نەمسا، هۆڵەندا، ولایەتە یەکگرتووەکان، ئوسترالیا، ئۆکراین، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئیمارات، ئێرلەندا، ئوردن، ئەلبانیا، ئەڵمانیا، یەمەن، ئەندەنوسیا) پێکهاتووە.
داعش، لەنێو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدایە بەتایبەتی لە سوریا و عێراقە، لەم نێوەندەشدا کوردستان بەشێکە لە عێراق و لەنێو هەناوی وڵاتانی عەرەبیدایە. بەهەرهۆیەک بێ، کوردیش لەشەڕی داعش تێوەگلا و لەسەرەتاوە پێشمەرگە ڕووبەرووی چەکدارانی داعش بوونەوە.
داعش، لە مێژووی خۆیدا، بەدەیان و سەدان و هەزاران کردەوەی نامرۆڤانەی بەرانبەر بە مرۆڤ ئەنجامدا، بۆ وێنە سەربڕین و سووتانی مرۆڤ و کارەساتی شەنگال، کە بەرانبەر ئافرەت و کچە یەزیدییەکانی ئه و سنوورەی کرد، بە بیانووی دینەوە کە کڕین و فرۆشتنی پێدەکردن. هاوکات هەوڵی سڕینەوەی کولتور و ناسنامەی دا، بە نموونە لەناوبردن و شکاندنی خاپوورکردنی مۆزەخانە، لە موسڵ. هەموو ئەمانەش دوورن لە بەهای کۆمەڵایەتی و ئەخڵاقی مرۆڤایەتی.
پێشمەرگە:
پێشمەرگە، چەمکێکی کوردییە، بۆ ئه و کەسانە بەکاردەهێنرێ کە ئامادەن مەرگی خۆیان پێش هەموو شتێک بخەن، لەپێناو پاراستنی خاک و نەتەوە و نیشتیمان و هاونیشتیمانیانی خۆیان، سەرەتای دروست بوون و بەکارهێنانی چەمکی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ سەروبەندی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ساڵی (1946) لە مهاباد، کە لەلایەن چایچییەکەی قازی محەممەد پێشنیارکرا، لەدواتردا ئەم ناوە پەسند کرا.
بەدرێژایی مێژوو پێشمەرگە ڕۆڵی گرنگی لە شۆڕش و بزوتنەوە و چالاکییە سەربازییەکانی کوردستاندا هەبووە، بۆ نموونە کۆماری کوردستان و شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی نوێی و ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی (1991) و لەناوبردن و ڕووخانی حکومەتی بەعسی لەسەردەمی سەددام حوسێن، لە ساڵی (2003)دا.
لەدوای دروست بوونی داعش و فراوانحوازییەکان و هەستکردن بە مەترسی بۆ سەر خاکی کوردستان، پێشمەرگەکانی کوردستان، بەبێ جیاوازی وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی نیشتیمانی و ئەخڵاقی و هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی، هەڵسان بە بەرگری کردن لە کوردستان، لەکۆی گشتی ئه و ناوچانەی کە مەترسیان لەسەرە. بەتایبەتی لە سنووری کەرکووک و شەنگال، تەنانەت لە ڕۆژئاوای کوردستانیش.
بەشداری کردنی پێشمەرگە، لە شەری دژی داعشدا، لە پێناو پاراستنی خاکی کوردستان و هاونیشتیمانیانە، لەم نێوەندەشدا، بە دەیان و سەدان، ئەفسەر و پلە باڵا لە سەنگەرەکانی بەرگری کردن گیانیان بە کوردستان سپارد و بە سەدان و هەزاران پێشمەرگە بوونە قوربانی نەتەوە و نیشتیمانیان، بەگوێرەی سەرچاوەکان، تاکوو ئێستا نزیکەی (1500) پێشمەرگە شەهید بووە، نزیکەی (5000) هەزار پێشمەرگەی دیکەش بریندار بووە، ئەڵبەتە داستانی گەورە و مەزن و سەرکەوتنی گەورەیان بەرانبەر بە داعش بەدەست هێناوە.
خوێنەری ئازیز، ئەمەی لەبەردەستتدا، بیبلۆگرافیایی کۆی گشتی ئه و شەهیدانەیە، کە لەسنووری قەزای کۆیە و دەوروبەری لە دەی حوزەیرانی ساڵی (2014) تا دەی حوزەیرانی (2016) لە شەڕی بەرانبەر داعشدا، لە شوێن و کاتی جیاوازدا، لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان شەهید بوون.
لە ماوەی نێوان ئه و دوو ساڵەی ئاماژەمان پێکردووە، بیست و چوار کەس لە سنووری قەزای کۆیە و پێنج ناحیەکە شەهید بووە، ئەڵبەتە ئه و کەسانەی کە لێرە ئاماژەی پێکراوە، ئه و کەسانەن کە ناویان لە لیستی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی شەهیدانی کۆیەدا هەیە. ئه و کەسانەن کە پێش شەهید بوونیان لە شاری کۆیە نیشتەجێ بوونە، واتە ئه و کەسانەی کە خەڵکی کۆیەن و لەدەرەوەی کۆیە نیشتەجێ بووە و ئه و کەسانەی کە لەدوای شەهید بوونی کەس و کاریان ماڵیان گواستۆتەوە کۆیە، ئاماژەی پێنەکراوە.
لە سنووری جوگرافی قەزای کۆیە، بیست و چوار کەس، شەهید بووە، لە سەنتەری قەزای کۆیە چواردە کەس شەهید بووە، لە سنووری جوگرافی ناحیەی تەق تەق، شەش کەس شەهید بووە، لە سنووری جوگرافی ناحیەی سێگردکان سێ کەس شەهید بووە، لە سنووری ناحیەی شۆڕش-دێگەڵە یەک کەس شەهید بووە.
لەسنووری جوگرافی شاری کۆیە، بچووکترین شەهید، شەهید گەنجۆ گەرمیانی بوو، کە تەمەنی هەژدە ساڵ بوو، گەورەترین شەهید، شەهید سیروان شەقڵاوەیی بوو، کە تەمەنی پەنجا و پێنج ساڵ بوو.
شەهید سەرباز گڕاوی، یەکەم شەهیدی شەڕی داعش بوو لە سنووری سەنتەری قەزای کۆیە، لە ڕێککەوتی بیست و چواری تەمموزی ساڵی (2014)دا. یەکەم شەهیدی سنووری ناحیەی تەق تەق، شەهید سەرباز ئەکرەم و ئەردەلان میرخان بوو، لە ڕێککەوتی نۆزدەی تشرینی یەکەمی ساڵی (2014)دا. لە سنوری جوگرافی ناحیەی سێگردکان، شەهید عەباس سەعدی ئیسماعیل، یەکەم شەهیدی شەڕی داعش بوو، لە ڕێککەوتی یازدەی ئەیلوولی ساڵی (2014)دا. لە سنووری ناحیەی شۆڕش-دێگەڵە، شەهید زرار گۆمەتاڵی یەکەم و کۆتا شەهیدی ئه و سنوورەیە.
کۆتا شەهید لە سنووری سەنتەری قەزای کۆیە، شەهید سیروان شەقڵاوەیی بوو، لە ڕێککەوتی بیست و چواری نیسانی (2016)دا و کۆتا شەهیدیش لە سنووری ناحیەی تەق تەق، شەهید بەکر بایز ڕەشید بوو، لە ڕێککەوتی حەوتی حوزەیرانی (2016)دا و کۆتا شەهیدیش لە سنووری ناحیەی سێگردکان، شەهید کۆسرەت یاسین بوو، لە ڕێککەوتی سی و یەکی ساڵی (2015)دا.
لەنێو شەهیدانی کۆیە، یەکەم ئەفسەر کە شەهید بوو، شەهید عەمید سەرباز گڕاوی بوو لەکۆیە، کۆتا ئەفسەریش شەهید نەقیب بەکر بایز بوو، لە تەق تەق.
لەکۆی ئه و بیست و چوار شەهیدە، شەش ئەفسەر- پلەدار، شەهید بوونە، لەنێویاندا، ملازمی یەکەم و دوو نەقیب و عەقید و دوو عەمیدی تێدایە.
زۆرترین شەهید کە لە ڕۆژێکدا هێنرایەوە کۆیە، ڕۆژی سی و یەکی کانوونی دووەمی ساڵی (2015) بوو، کە پێنج کەسی کۆیە و دەوروبەری لە گوندی مەلا عەبدوڵلا شەهید بوون. لە ناحیەی تەق تەقیش، لە ڕۆژی نۆزدەی تشرینی یەکەمی ساڵی (2014)دا دوو شەهیدی بۆ گەڕایەوە. هەروەها، لە ڕۆژی سی ئابی ساڵی (2015)شدا، دوو شەهیدی دیکەی بۆ گەڕایەوە. کە هەر چوار شەهیدەکەی ناحیەی تەق تەق بەهۆی بۆمبی چێندراوەوە گیانیان لەدەستدا. زۆرترین شەهیدانی کۆیەش، لە سنووری پارێزگای کەرکووک و دەوروبەری بووە.
لە کۆی ئه و بیست و چوار شەهیدە، دە شەهیدیان بەهۆی فیشەکەوە شەهید بووە، حەوت شەهید بەهۆی بۆمبی چێندراو (عەبۆ) شەهید بووە، پێنج شەهید بەهۆی بەرکەوتنی ساچمەی تەقینەوە شەهید بووە، دوو شەهیدیش بەهۆکاری جۆراوجۆر، شەهید بوون.
لە کۆی ئه و بیست و چوار شەهیدەی سنووری قەزاری کۆیە، نۆزدە شەهیدیان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و پێنج شەهیدەکەی دیکە، سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بووە.
لەکۆی ئه و بیست و چوار شەهیدەی سنووری قەزاری کۆیە، زۆرینەیان بەهۆی فەقییر و هەژاری و کەم دەرامەتییەوە وازیان لەخوێندن هێناوە و هەمووشی خەڵکی گوند بوونە.
هیوادارم ئەم نووسینە خزمەتێکی بچووک بێ، بە کەس و کاری شەهیدانی سەربەرزی کوردستان. ئومێدەواریشم لەداهاتوودا کۆی گشتی شەهیدانی شەڕی داعش، بۆ مێژوو لە کتێبێکی گەورەدا چاپ و بڵاوبکرێتەوە، بۆ ئەوەی بەسەر بەرزی و بەنەمری بمێننەوە.