پارتی: وەڵاممان دەبێت بۆ ئەو لایەنانەی پلانیان لەدژی زێباری داڕشت
📝 بەڵگەنامەکان
لە دانیشتنی رۆژی 21-09-2016ی پەرلەمانی عێراق، بە پلانێکی پێشوەخت داڕێژراو و لە پرۆسەیەکی شێوە گەلەکۆمە، متمانە لە بەرێز هوشیار زێباری وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق سەندرایەوە. بەرێز زێباری کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانە و، لە کابینەکانی حکوومەتی فیدراڵیدا لە هەردوو پۆستە وەزارییەکەیدا، بەتایبەتی لە سەردەمی وەزیریی دەرەوە و پاشان وەزیری داراییدا کە، بەڕای چاودێرانی ناوخۆ و دەرەوە، زۆر تێدا سەرکەوتوو بوو، بەڵام بەردەوام ئامانجی هێرشی ناحەزان بووە.
لەم چەند مانگەی ڕابردووشدا لە بەرانبەر هەوڵەکانی بەڕێز هوشیاردا بۆ رێکخستنی وەزارەتی دارایی بەشێوەیەک کە پەردە لەسەر گەندەڵیە زۆروزەبەند و قەبەکان لابچێت و رێگەیان لێ بگیرێ، لەوکاتەدا هەوڵی چڕو پڕ هەبووە بۆ ئەوەی ململانێ سیاسییەکان تۆختر بکرێنەوە تا لە کەشێکی لەباردا ئەو پرۆسەیە بەرگێکی تری پێ ببەخشن و بتوانن هەوڵەکانی هەڤاڵ هۆشیار بەو شێوەیە لەبار بەرن.
ئێمە ئەو کردارەی لێسەندنەوەی متمانە لە کاک هوشیار زێباری و بەو شێوەیە بە پیلانێکی سیاسی دەزانین. ئەوانەی لە پشت ئەم هەوڵەشبوون درێژەپێدەرانی سیاسەتی شۆڤێنی دژ بە کورد بوون و لێدوانەکانی رابردوو و ئێستاشیان لە میدیاکاندا گەواهیدەری ئەو راستیەن.
ئەو کەس و لایەنانە ئامانجیان لەناوبردنی هەموو ئومێدێکە بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لەم دەڤەرەداو دەخوازن رەوشەکە بۆ دۆخی سەردەمی تاکڕەوی بگەڕێننەوە. لە وەڵامی ئەو هەوڵەدا رایدەگەیەنین کە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە هاوکاریکردنی حکوومەتی بەرێز عەبادی و هەموو ئەو کەس و لایەنانە بەردەوام دەبین کە بڕوایان بە پرۆسەی دیموکراسی و رێزگرتنی دوولایەنەو گیانی لێبوردەیی و پێکەو ژیان و سەرجەم مافەکانی گەلەکەمان هەیە. بۆ ئەو لایەنانەی کە لەم پیلانگێریانەشدا بەشدارن لە کاتی خۆیدا وەڵاممان دەبێت.
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
22-09-2016