ئاژانسی پاراستن و زانیاری \ زانیاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو چەکدارانەی داعش کە هەینی ڕابردوو چەند هێرشێکیان لەناو #کەرکووک# ئەنجامدا هەڵبژاردەیەک بوونە لە کەتیبە ئینغماسی و خۆکوژییەکانی ئەو ڕێکخراوە و لە حەویجەوە نێردران بۆ سنووری داقوق و لەوێشەوە بە حەوت پاسی نەفەرهەڵگری بچوک لە کاتپێو سێی بەرەبەیان، گەیەنرانە ناو شار.
ئاژانسەکە ئەمڕۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە ئاماژەی بەوەکردووە بە مەبەستی کەمکردنەوەی گوشار لەسەر سەرکردایەتی داعش لە شاری موسڵ و، بۆ تێکدانی باری سەقامگیریی کەرکووک و، لەئەگەری سەرکەوتنیشیاندا بۆ شکاندنی قەڵغانی بەرگریی لە کوردستانیبوونی شارەکە، گرووپی تیرۆریستیی داعش لە ڕۆژی 15ی 10ی 2016، پیلانی هێرشکردنە سەر شاری کەرکووکیان داڕشت.
ئەوەشی خستووەتەڕووبەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، ئەم ئۆپەراسیۆنە نەگریسەی داعش، بە ڕێنمایی سەرکردایەتی باڵای گرووپەکە، و لەلایەن (ئەبوو ئەحمەد) کە بەرپرسی ئەم ئۆپەراسیۆنەیە، بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو.
دەستپێکی هێرشەکانی داعش لە کەرکووک کاتژمێر 3:30 بەرەبەیانی هەینی بوو، کاتێک ژمارەیەک خۆکوژی داعش هێرشیان کردەسەر بینای کۆنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک و هەندێکیان خۆیان تەقاندەوەو دوانیشیان لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانەوە کوژران.
هەروەها داعش لەگەڕەکەکانی یەکی حوزەیران و ئەسرەو مەفقودین و تسعین و دۆمیز هێرشیکرد و ڕووبەڕوووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس، هاووڵاتییانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش چەکیان هەڵگرت.
ئاژانسی پاراستن و زانیاری\ زانیاری دەڵێت لەم پەلامارەدا، نیوەشەوی21ی 10 ی 2016، (100) چەکداری داعش، لە حەویجەوە نێردران بۆ سنووری داقوق و لەوێشەوە بە حەوت پاسی نەفەرهەڵگری بچوک لە کاتپێو سێی بەرەبەیان، گەیەنرانە ناو شاری کەرکووک. ئەم (100) چەکدارە هاوکاریی کرابوون بۆ هاتنە ناوەوەیان بۆ کەرکووک و ئاژانسی زانیاری بەدواداچونی ورد دەکات بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە هاوکاریان بوون. چەکدارە تیرۆریستەکان، کە هەڵبژاردەیەک بوون لە کەتیبە ئینغماسی و خۆکوژییەکانی داعش، بەسەر پێنج گرووپی (20) کەسی دا بۆ داگیرکردنی بینای پارێزگاری کەرکووک، پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکووک، شکاندنی زیندانەکان و بەردانی تیرۆریستانی داعش لە کەرکووک و دەستبەسەرداگرتنی فەرمانگە ئەمنی و بینا بەرزەکانی کەرکووک دابەشکرابوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڵام بەهۆی گیانفیدایی ڕۆڵە قارەمانەکانی کوردستان، تیرۆریستان نەیانتوانی ئامانجە چەپەڵەکانیان بپێکن و لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی هێزەکانیاندا، ئۆپەراسیۆنەکەیان پەکخرا، و (ئەبوو ئیسلام) ئەمیری سەربازیی ویلایەتی کەرکووک و گرنگترین ئەندامی گرووپەکە و چەندین گەورە تیرۆریستی تر، دەستگیر کران و ئێستا لەبەردەستی هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆرن.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، ئەم گرووپە 100 کەسییەی داعش، تەفروتونا بوون، تەرمی 48 تیرۆریستیان لە پزیشکی دادوەری تۆمار کراوە و ئەوانی تریان بەهۆی ئەوەی تەقێندراونەتەوە یان کەوتونەتە بەر زەبری خەڵکی کوردستان و فڕۆکەی هاوپەیمانان، پارچەپارچە بوون و کۆناکرێنەوە. #23-10-2016#
[1]