ئاماری شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2016ی ڕووداوەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی...
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا 134،295 کەس سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی خێرای سلێمانی یان کردووە و لەو ڕێژەیەش 16،089 یان داخڵ کراون.
ئەو کەسانەی ڕوویان لەو نەخۆشخانەیە کردووە پۆلێنکراون بەسەر چەند حاڵەتێکدا ئەوانیش، 1،228 برینداری ڕووداوەکانی هاتوچۆ کە لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندییەکەدان و دوای ئەویش 1،010 ڕووداوی جیا جیا بەپلەی دووهەم و 894 حاڵەتی شەڕ و پێکدادان و برینداری شەڕەچەقۆ لەپلەی سێهەمدا دێت، هەروەها 698 حاڵەتی کەوتنە خوارەوە و 168 حاڵەتی فیشەک و تەقەمەنیش تۆمارکراوە.
هەر بەپێی ئامارەکە لەماوەی ئەو شەش مانگەدا بەگشتی 64 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەو ڕێژەیەش بەهەمان شێوە مردن بە ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە پلەی یەکەمدایەو زۆرترین حاڵەتی تۆمارکردوە کە 36 حاڵەت بووە، هاوکات 12 حاڵەتی گیان لەدەستدانی فیشەک و 12 حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی کەوتنە خوارەوە و 4 حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی کارەباوە تۆمارکراوە.