شێخ مستەفای قەرەداخی
ناوی تەواوی شێخ مستەفا کوڕی شێخ نەجیبی شێخ عەبدول لەتیفی شێخ عەبدوڵڵای قەرەداخییە، لە بنەماڵەی مەردۆخی یە، لە ساڵی 1892 لە قەرەداخ هاتۆتە دنیاوە.
لەلای شێخ جلالی مامی خراوەتە بەر خوێندنی حوجره و قورئان و کتێبە سەرەتایەکانی خوێندوە پاشان لای باوکی درێژەی بەخوێندن داوە و لەتەمەنی 16 ساڵیدا سەرجەم زانستەکانی بەسەرکەوتوی تەواو کردوە پاشان لەلای باوکی ئیجازە وەردەگرێت و دەبێتە هاوکارێکی باشی بۆ بەڕێوەبردنی مزگەوت و مەدرەسەکەی.
پاش وەفاتی باوکی لە ساڵی 1932 لە سەر مزگەوتەکەی دادەنیشێت و دەسدەکات بە تەدریس و ئامۆژگاری مسوڵمانان و ئیشوکاری مزگەوت و مەدرەسەکە دەبات بەڕێوە، بەجۆرێک زۆربەی کاتی لەناو مزگەوت و مەدرەسەکەی بەسەر دەبات.
شێخ کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندی لە بنەماڵەکەیەوە بۆ مابوەوە کە پڕبوو لە کتێبی بەنرخ وە هەندێک له و کتێبانە دەسنوس و دانسقە و نادر بون، ئەم کتێبخانەیە لە ساڵی بیستەکان سوتاو پاشان زیندوکرایەوە بەڵام لە بەختی کوردان دیسان لەساڵی 1965 و بۆ جاری دوەم سوتایەوە لەگەڵ شارۆچکەی قەرەداخدا بوە خۆڵەمێش کە بەداخەوە هەندێک له و کتێبانە دەسنوسی شێخ خۆی بون کە سوتان و لەناوچون، تەنها شتێک کە لە چەپۆک و گڕی ئاگر ڕزگاری بوو کتێبێک بەناوی (ڕیسالەی حیساب) ئەمیش کتێبێکە لە حیساب و ڕیازیاتدا و بەزمانی کوردی دایناوە، چاپ نەکراوە، هەروەها هەندێک لە شیعرەکانی ماوە کە لە دوتوێی نامیلکەیەکی بچوکدا چاپ کراوە.
ناوی هەندێک له و کەسانەی لەلای خوێندویانە : مامۆستا شێخ محەمەد قەرەداخی (خەتیب)، د. عەلی قەرەداخی (سەرۆکی رابیگەی ئیسلامی کورد)، مەلا ئەحمەدی شاسوار، مەلا محەمەدی چرچەقەڵایی، مەلا کاکە حەمەی ڕەباتی، مەلا صالحی کربچنە، مامۆستا شێخ محەمەدی شێخ محەمەدئەمینی تەکێی، مامۆستا شێخ عەلادینی شێخ نوری تەکێی، مامۆستا شێخ عومەر ئەحمەد نیزامی، مەلا عەبدوڵڵای شێخ رەسوڵی تەکێی.
ناوی ئه و مامۆستایانەی کە ئیجازەیان لا وەرگرتوە : مەلا عبدالرحمان سابڵاخی، مەلا عەلی مازندەران، مەلا عارفی رەش سەقزی، مەلا عزیزی سێوسێنان، مامۆستا مەلا محمد کەڵانی، حاجی مەلا عەبدوڵای تەکێی، مەلا حسەینی تائیشەی، حاجی مەلا ڕەزای تەکێی، شێخ فاتیح قەرەداخی، مامۆستا شێخ کمالی شێخ نوری باباعلی تەکێی.
شێخ بۆ ماوەیەک دەچێتە بەغداو دەبێتە قازی بەڵام دوای سێ مانگ لە سەر داوای دۆستان و ئازیزانی بەغداد بەجێدەهێڵێت و دێتەوە قەرەداخ و لە سەر مزگەوتەکەی دادەنیشێت و دەسدەکاتەوە بە تەدریس و بەرێوەبردنی مەدرەسەکەی، هەر وەک شێخ نوری شێخ باباعلی لە قەسیدەیەکی شیعریدا داوای گەڕانەوەی لێدەکات و دەڵێت :
ڕەنگی وێرانی بە جارێ نیشتووە لەم ناحییە بێ جەنابت با وەتەن بێ، نامەوێ ئیتر بەخوا
فیکری وردی خۆت عەیان کە لەم فەقیرە زووبەزوو گەر مەرامی تۆ زیارەت بێ خدا مەقبولی کا
وەر خەیاڵت وایە تەرکی ئێرە کەیت لازم نییە بۆ مەعاش و ماڵی دنیا قەت مەکەن ئیشی وەها
شوکر للە ئیعتبارت زیاد لە شەئنی خۆت هەیە جا شەرەف باشە بە دینت یاخو ماڵی بێ بەقا
شێخ زەوقێکی شیعری جوانی هەبوە و نازناوی (جمالی) بەکارهێناوە کە (حەوت قەصیدەی) شیعری لە سوتان ڕزگاری بوە و لە ساڵی 1972چاپکراوە : نمونەیەک لە شیعرەکانی
من و غەم هەم دەم وهەم ڕازی یەک بین جەهەنەم گەر جیهان ژێره و زەبەر بێ
بەمن چی باسی تەییارەی ووڵاتان کە من قەوم و برام بێ باڵ و پەڕ بێ
لە سەیرانی سەیارەم چی کەوا من جگەر گۆشەم ئەسیر و بارە بەر بێ
شێخ پیاوێکی دڵفراوان و میوان دۆست و نان بدە بووە هەموو کات ماڵی پڕ لە میوان بوە.. هەروەها پیاوێکی بێفیزو خۆشەویست بووە بەدەم چارەسەری کێشه و گرفتی خەڵکەوە بوە سەردانی دێهاتەکانی دەکردوو بەشداری خۆشی و ناخۆشیانی دەکرد، گەلێ فتوای جوانی هەیە لەسەر مەسەلە شەرعیەکان بۆ ئه و کەسانەی هاتونەتە لای و داوای چارەسەری کێشەکانیان کردوە، بەڵام بەداخەوە کۆنەکراونەتەوە
بەهۆی بارودۆخ و ئاڵۆزیەکانی ئەوکاتەوە شێخ لە
08-09-196208-09-1962 قەرەداخی جێهێشت و هاتە سلێمانی و لەمزگەوتی (شێخ عبدالرحمن)ی عازەبان ناسراو بە (هەلاجەکان) بوو بە پێشنوێژو سەرباری ئاوارەبون و سوتانی ماڵ و کتێبخانەکەی بەڵام بەصەبرو خۆگرییەوە لەم مزگەوتەشدا دەستی کردەوە بە وانە وتنەوە و پێگەیاندنی قوتابیان.. لەم کاتەدا شیعری دەردی پیری دەنوسێت :
لە دەستم دەرچوو دەوری جوانی حەیف و درێخا قەدرم نەزانی
وەختێکم زانی لە ناکاو پیر بووم بەداوی بەڵای دەوران ئەسیربووم
کۆچی دوای : لە کاتژمێر 12 ی نیوەڕۆی ڕۆژی
17-05-197117-05-1971 گیانی پاکی بۆ لای خوای گەورە دەگەڕێتەوە و لە گۆڕستانی گومەزی لە قەرەداخ بەخاک دەسپێرێت.
بەبۆنەی کۆچی دوای شێخەوە چەند کەسێک هەست وسۆزی خۆیان دەربڕیوە و شینی فیراق و دوری دەکەن :
•• شێخ حسیب قەرەداخی شاعیر :
جودی قەرەداخ مەنزڵ گومەزی ئەی باوکی گەورەم ئەبێ دابەزی
خاکی قەرەداخ.. شێخی قەرەداخ بەتۆ ئەسپێرین ئێمەی دڵ بەداخ
حەڤدەی مایسی حەفتاو یەک ئەمڕۆ مامم کۆچی کرد هەی ڕۆ باوکەڕۆ
• مامۆستا شێخ کمال :
ئەگریم بۆ شەرع و کەلام و حیکمەت کە دەرگای لەسەر خڕ داخراوە
قوتابخانەکەی قەراخیش وەک من کەوتۆتە ڕۆڕۆ و فرمێسک هەڵڕشتن
• دایە عیسمەت :
ڕۆژی دوشەمە لەمانگی مەولوو شێخەکەی قەراخ وەفاتی فەرموو
بەخوا ئه و شێخە کۆڵەکەی دین بوو خۆشەویستێکی گشت عالەمین بوو