داوای دامەزراندنی حەوت هەزار مامۆستا دەکرێت
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، ئاکۆ حەمەد رابی
بەرپرسێکی پەروەردە رایدەگەیەنێت، داوای دامەزراندنی حەوت هەزار مامۆستای گرێبەست کراوە، بەڵام تائێستا حکومەت وەڵامی داواکارییەکەی نەداوەتەوە.
عەزیز سەعید مەلا، بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی تەمموزی 2017 لە لێدوانێکدا بە دواڕۆژی راگەیاند، پەروەردەی شار و ناوچەکان بەپێی پێویستی قوتابخانەکانی داوای مامۆستای نوێی کردوە، لەو چوارچێوەیەشدا لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە داوا لە ئەنجومەنی وەزیران کراوە حەوت هەزار مامۆستا بەشێوەی گرێبەست دابمەزرێن.
وتیشی وەزارەتی پەروەردە پێویستی بە مامۆستای نوێ هەیە و ئەگەر ئەو ژمارەیە یان نیوەی دابمەزرێن هیچ پەروەردەیەک پێویستی بە مامۆستای وانەبێژ نامێنێت.
عەزیز سەعید ئاماژەی بەوەشدا، تائێستا حکومەت وەڵامی ئەو داواکارییەی نەداوەتەوە، بەڵام پێدەچێت بەمزوانە بە رەزامەند بوون و نەبوون و وەڵامی پەروەردە بدرێتەوە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران ئاماژەی بەوەشدا، داواشیانکردوە ئەو مامۆستایانەی سێ ساڵ بەسەر گرێبەستەکەیان تێپەڕیووە بکرێنە هەمیشەیی و بەڕەسمی دابمەزرێنرێن، بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییەش چاوەڕوانی وەڵامی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین.
20-07-2017