رونکردنەوەیەک لە شاسوار عەبدولواحیدەوە
📝 بەڵگەنامەکان
راستکردنەوەیەک :
زۆرێک دەڵێن ئەو جوڵانەوەیەی کە دروست دەبێت لە دوو هەفتەی داهاتودا جوڵانەوەیەکە کە کەمپین دەکەن بۆ (نەخێربۆ ریفراندۆم)، کە لە راستیدا وا نییە.
ئەو جوڵانەوەیە بە هەموو شێوەیەک و لە ژێر هەر ناونیشان و ناوێکەوە بێت ریفراندۆم رەت دەکاتەوە لە ئێستادا، وە پێی وایە کە ئەگەر ریفراندۆم لە 25/9 ئەنجام بدرێت ئەوا شەرێکی نەخوازراو یەخەی هەرێمی کوردستان دەگرێت و منداڵی فەقیر و هاوڵاتی ئەم وڵاتە شەهید دەبن و هیچ وڵاتێکی زلهێزی دۆستی کورد بەرگری لە هەرێمی کوردستان و ئەزمونی 26 ساڵی رابردو ناکات، ئەمە جگە لەوەی فەقیری و نەهامەتی و برسێتی بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
بۆیە ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام بدرێت ئەوا ئەو جوڵانەوەیە هانی خەڵکی دەدات کە بە هەموو توانای خۆیانەوە بەشداری ریفراندۆمەکە بکەن و بە نەخێر لە ئێستادا دەنگ بدەن، وە هەموو هەوڵێک دەدەین کە دەنگی نەخێر زۆرینەی دەنگی ریفراندۆمەکە بێت.
لە ئێستا بەشێکی زۆر لە حیزب و گروپ و کەسایەتییەکان خۆیان لە ئەسڵی بابەتەکە لادەدەن و جورئەتی ئەوەیان نییە کە بە دەنگی بەرز راستی بابەتەکان بۆ خەڵکی رون بکەنەوە و لە هاوڵاتی تێبگەێنن کە توشی چی دەبن لە حاڵەتی دەنگدان بە بەڵێ، وە تەنها باسی دواخستنی ریفراندۆم دەکەن، بێ ئەوەی کەمپینی بەرامبەریان هەبیت بە دەنگدان بە نەخێر !!! هەر بۆیشە تاکە خیتابی سیاسی و خیتابی زەق لە هەرێمی کوردستان بریتییە لە خیتابی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بە نیازە لە پێناو مانەوە لە دەسەڵات و لە پێناو دواخستنی هەڵبژاردنی گشتی و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان، هەستێت بە روبەروکردنەوەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شەرێکی تری نەخوازراو و بە کوشتدانی رۆڵەی خەڵکی، چونکە سەرکردایەتی کورد و خودی بارزانی پێویستیان بە شەرێکی ترە پاش تەواو بونی شەری داعش.
وەک هاوڵاتیەک و کەسێک کە زانیاریەکی دروست و دەقیقم لایە، وەک ئەرکێکی ئەخلاقی لەگەڵ هاوڕێکان و هاوبیرەکانی تردا بەم کارە هەڵدەستین و ناهێڵین خەڵکی وڵاتەکەمان بکوژرێن و ژیانیان تێک بچێت، بۆیە هەر کەسێک، هەر لایەنێک، هەر گروپ و کەسایەتییەک پشتگیری لەو جوڵانەوەیە و ئامانجەکانی جوڵانەوەکە و کەمپینی دەنگدان بە نەخێر لە ئێستادا نەکات، ئەوا رازییە بە ریفراندۆم و چارەنوسی خەڵکی و ژیان و گوزەرانی خەڵکی لە دوای 25/9 لە ئەستۆی ئەو کەسایەتی و لایەنانەدایە.
شاسوار عەبدولواحیدشاسوار عەبدولواحید
27-07-2017