ڕۆژنیوز - هاوار ستار
پاش دوو هەفتە لە کۆکردنەوەی هاوکاری، ئەنجامی کەمپەینی ئێمەش لەگەڵتانین، بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ گەلی #عەفرین# ڕاگەیەندرا، بەپێی ئەنجامەکەش، بڕی 8 ملیۆن دینار و 5 هەزار دۆلاری ئەمریکی کۆکراوەتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ، لە ناوەندی دیالۆگ لە شاری #کەرکوک#، ئەنجامی کەمپەینی ئێمەش لەگەڵتانین بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک هاوکاری بۆ عەفرین لە شاری کەرکوک ڕاگەیەندرا، کە ماوەی دوو هەفتە بەردەوامیی هەبوو.
توانا قاسم، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کەمپەینی ئێمەش لەگەڵتانین، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەنجامی کەمپەینەکەی بۆ ڕایگشتی خستەڕوو تیایدا هاتبوو: لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، کە لە نێوان 19ی شوباتەوە تا 5ی ئاداری ئەمساڵ بەردەوامبوو، هەڵمەتی ئێمەش لەگەڵتانین بۆ هاوکاریکردنی بەرخودانی عەفرین لەناو چین و توێژەکانی کەرکوکدا بەردەوامی هەبوو.
ڕاشیگەیاند: لەم کەمپەینەدا بەهاوکاری خێرخوازانی نەتەوەکەمان توانرا بڕی 8 ملیۆن و 16 هەزار دیناری عێراقی و پێنج هەزار و 950 دۆلاری ئەمریکی و بڕی 3 کارتۆن دەرمان کۆبکرێتەوە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو: ئەگەر ئەو بڕانەی کۆکراونەتەوە بەراوردی بکەین ناکاتە دڵۆپێک خوێنی شەهیدانی ناو سەنگەرە تۆکمەکانی عەفرینی خۆڕاگر، کە 45 ڕۆژە بە خوێنی گەشیان مانشێتی پیرۆزی سەرکەوتن و خۆڕاگری دەنووسنەوە، بەڵام ئەم هەڵمەتەی ئێمە وەکو لەناونیشانەکەیدا دیارە ویستمان بە کچ و کوڕە ئازاکانی عەفرین بڵێین کەرکوکیش لەگەڵتانە و پەیامێکیش بە دوژمنان بدەین، کە لە مەهابادەوە تا کەرکوک و ئامەد و عەفرین یەک گەل و یەک چارەنووسین.[1]
#05-03-2018#