باکووری کوردستان 131 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا هەیە
📊 ئامار و راپرسی
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رێژەی کورسییەکانی هەڵبژاردنی بەپێی پارێزگاکان دیاریکرد. باکووری کوردستان 131 کورسی دەبێت بۆ پەرلەمانی تورکیا.
بەپشتبەستن بەهەمواری 18 ماددەی دەستووریی کە رۆژی 16-4-2017 لە رێگەی گشتپرسییەوە پەسندکرا، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 550 کورسییەوە بۆ 600 کورسی زیاد دەکرێت. باکووری کوردستانیش 131 کورسی بەردەکەوێت.
بەپێی نەخشەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، کورسییەکانی پارێزگاکانی باکووری کوردستان بەمشێوەیە دابەشدەکرێن: سەمسوور (ئادییامان) 5 - مەلەتێ 6 - گومگوم (ماراش) 8 - دیلۆک (عەنتاب) 14 - روها 14 - خەرپیت (ئێلازیغ) 5 - ئامەد 12 - مێردین 6 - سێرت 3 - ئێلیە (باتمان) 5 - بەدلیس 3 - مووش 4 - چەولیگ 3 - دێرسیم 2 - سێواس 5 - ئەرزینگان 2 - ئەرزەڕۆم 6 - قارس 3 - ئاگری 4 - ئیدیر 2 - ئەردەخان 2 - وان 8 - جۆڵەمێرگ 3 - شڕناخ 4 - کلیس 2 کورسی.
رۆژی 18-4-2018 رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بڕیاریدا هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.
رۆژی 20-4-2018 کۆمیسیۆنی دەستووری تورکیا بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئاکپارتی، جەهەپە و مەهەپە پڕۆژەبڕیارەکەیان پەسندکرد و پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیایان کرد. رۆژی 21-4-2018 بە 386 دەنگ ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەبڕیارەکەیان پەسندکرد.
بەمەش رۆژی 24-6-2018 هەڵبژاردنی پێشوەختە لە سەرانسەری تورکیا ئەنجام دەدرێت و رۆژی 15-5-2018 بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت.
[1]
22-04-201822-04-2018