راگەیێندراوی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (42)ەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان
📝 بەڵگەنامەکان
بەر لە چل و دوو ساڵ رۆڵە خۆراگرەکانی گەلەکەمان بە سەرکردایەتی پارتیمان
پارتی دیموکراتی کوردستانپارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک بارزانی، بۆ رەتکردنەوەی چەوساندنەوە و درێژەدان بە خەباتی رەوای کورد و شکست هێنان بە پیلانی لەباربردنی شۆڕشی ئەیلول، شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازیان هەڵگیرساند، ئه و شۆڕشەی درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بە سەرۆکایەتی بارزانی نەمر، هەروەها گیانی یەکڕیزیی و هاوسەنگەری گەلی کوردستانی بەرجەستە کرد تاوەکو پێکهێنانی بەرەی کوردستانی، کە هەوێن و داینەمۆی راپەڕینە شکۆدارەکانی ساڵی (1991)بوو.
زنجیرەی خەباتی چەکداری و سیاسی ئه و قافڵە سەرکەشە هەر لە بەرایی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و قۆناغە جیاجیاکانی تێکۆشان داو ئه و دەسکەوتانەی له و کاروانە نەپساوەیەدا بەدیهاتوون لەوانەش (رێککەوتننامەی 11ئاداری 1970) و راپەڕینەکانی (1991)و ئەزموونی حوکمرانی هەرێمی کوردستان، گەواهیدەری ئەوەن کە ئەوەی ئەمڕۆ بەدیهاتووە، بەرهەمی کۆڵنەدان و بەردەوامیی ئه و کاروانەیە.
کارنامەی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز بەبێ جیاوازی لە رووی ئیتنی و ئایینی و ئایینزاوە لەگەڵ قۆناغی ئەوسای خەباتدا لە بەرژەوەندی تەواوی گەلی کوردستان دا بووە. وەک نەوایەکی ئارام، ئامێزی بۆ تەواوی نیشتیمانپەروەران ئاوەڵا بووە، لە هەورازو نشێوی خەباتدا سڵی لە خیانەتکاریی و پیلانگێڕیی دوژمنانی نەکردۆتەوە و بەردەوام خۆڕاگرانە مکوڕ بووە لەسەر جۆشدان و رابوونی سیاسی و هۆشیاریی، بۆیە شوورەیەکی پۆڵایینی شۆڕشگێریی و کوردایەتی ئەوتۆی بونیاتنا، کە گیانی هەمیشەیی بەرخودان و بەرگریی وەبەر خەڵکی کوردستان دا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی.
بیرەوەری (42)ەمین ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز لەهەلومەجێکدایە، کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق و، لە گۆڕنانی ئه و پیلانگێڕی و خیانەتەی بەرامبەر خەونی گەورەی گەلەکەمان و قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ئارادابوون، بە سەرکەوتنی پارتیمان و بەدەستهێنانی ئه و متمانە گەورەیەی جەماوە و خەڵکی کوردستان وەکو هێزی داکۆکیکار و یەکەمی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک لوغمی دیکەی بەردەم ئایندەی کوردستان پوچەڵ و هاوکێشەکانیش پێچەوانە بوونەوە.
پارتی وەکو چۆن لە هەڵبژاردنەکاندا دروشمی (دەستکەوتی زیاتر بۆ کوردستان)ی بەرزکردەوە، ئێستاش بە باوەڕێکی نەگۆڕەوە لە پێناو بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر و دەستەبەرکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان بەشدارە لە دانوستاندنەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێڕاقدا.
حکومەتێک کە لەسەر پرنسپەکانی هاوبەشی و تەوافوق و هاوسەنگی دابمەزرێت و حکومەتی سەرجەم پێکهاتە سەرەکیەکان و گەلانی عێڕاق بێت و کورد پێگەی بەهێزی تێیدا هەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا هەرێمی کوردستان کاریگەرە نەرێنیەکان و لێکەوتەکانی پەلاماری تیرۆرستان و ئابولەقەدانی پێوەدیارە و، بە هەزار کەس لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئاوارەی هەرێم بوون جگە لە سەدان هەزار کەسی دیکەی خوشک و برایانی کریستیان و عەرەبی پارێزگاکانی ناوەڕاستی عێڕاق، ئەمە جگە لە هاونیشتیمانیانی رۆژئاوای کوردستان، بەڵام خاکی کوردستان وەک هەمیشە پەناگەیەکی ئارام و ئاسوودەیی بووە بۆ هەر هاووڵاتیەکی دەرەوەی هەرێم و تەواوی کوردستانیان لە بەهاناچوون و هاریکاریکردنی ئاوارەکان و پەنابەران، درێغیان نەکردووە، کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی دوو ملیۆن کەس.
ئێمە کاتێک زۆر بەتوندی مەحکومی سەرجەم تاوانە نامرۆییەکان دەکەین، جەخت دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی عێڕاق بەهاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەلە بکات لە گێڕانەوەی سەقامگیر و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانپێَکەوتوەکان و گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆسەر ماڵ و زێدی خۆیان و قەرەبوکردنەوەی دانیشتوانی سەربەرزی کورد لە شاری کەرکوک و دوز و سەرجەم ئه و شوێنانەی کە بەهۆی پەلامارەکانی هێزە عێڕاقیەکان و حەشدی شەعبی زیانمەند و ئاوارە بوون، هاووڵاتیانیش دڵنیادەکەینەوە، کە بە هەموو هێز و توانایەکمانەوە بەردەوام دەبین تا کۆتایی هێنان به و کێشە و دەردەسەریانە و کۆتاییهێنان بە داگیرکاری.
ئاشکرایە دوای پیلانگێڕیەکان، ئەمڕۆ هەلێکی لەبار بۆ گەلی کورد و پێگە سیاسییەکەی رەخساوە. ئەوەش پێویستی بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی نەتەوەیی و نیشتمانی هەیە. هەروەها له و قۆناغەدا وڵاتانی بڕیاربەدەست و نێوەندە سیاسیەکانی جیهان بەبایەخەوە دەڕواننە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی شەرعی و ئەزموونی حوکمرانییەکی سەرکەوتوو بە تایبەت دوای ئەوەی لە شەڕی دژە تیرۆریشدا توانی بە هێزی بازووی پێشمەرگە دلێرەکانی و بە فەرماندەیی سەرۆک بارزانی وەک تاکە هێزی سەرزەمین ئەفسانەی داعش تێکبشکێنێ و پاشەکشەی پێ بکات. لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ هاوسەنگی هێزەکانیش گۆڕاون.
بۆیە رووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق و ناوچەکە واقیعێکی تازەی هێناوەتە ئاراوە کە ئەرکی سەرشانی لایەنەسیاسیەکان و تەواوی رۆڵەکانی گەلەکەمانە کاربکەن بۆ یەکڕیزی و هەنگاونان بە ئاراستەی بەدەستهێنانی زۆرترین دەستکەوت بۆ کوردستانیان و رەواندنەوەی مەترسیەکان و سوککردنی باری گرانی سەرشانی هاوڵاتیانمان و باشکردنی ژیان و گوزەرانیان...
بێگومان ئه و رەوشە نوێیە و شکاندنی ئابلوقەکان و بەهێزبوونی پێگەی سیاسی هەرێم و بەرقەراربوون و سەقامگیریی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان وەک فاکتەرێکی کاریگەر لەسەر گۆڕەپانی رووداوەکاندا، دەرەنجامی خۆڕاگری و سیاسەتی راست و دروستی پارتی دیموکراتی کوردستان و سیاسەتی حەکیمانە و دووربینانه و رۆڵی کاریگەری سەرۆک مەسعود بارزانی_یە لە هەوڵ و کارکردنیدا لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهان بۆ هاریکاری و هەماهەنگی زیاتر بۆ کێشەسیاسیەکەمان و پاڵپشتیکردنی دۆزی رەوای گەلەکەمان.
له و قۆناغە گرنگ و مێژووییەی ئەمڕۆماندا، ئەرکی سەرشانی هەموومانە، بەتایبەتی حزب و لایەنە سیاسیە دڵسۆزەکانی کوردستان زەمینەساز بن بۆ راپەڕاندنی ئەرکە مێژوویی و چارەنوسسازەکانی قۆناغەکە و مامەڵەی وریایانە لەگەڵ پێشهات و رووداو و گۆڕانکاریەکان چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی یا هەرێمایەتی و ناوچەیی، بۆیە پێویستە لەسەر ئاستی ناوخۆ خۆمان رێکخەینەوە و کەموکورتییەکانمان بەره و چارەسەر ببەین. هەمومان هاوکاربین بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئابوری و بەهێزکردنەوەی ژێرخانی ئابووریمان و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەوبودجە، بۆ ئەوەی لەداهاتوودا بتوانین بەیەک دەنگ بڕیاری چارەنووسساز لەسەر ئایندەی گەلەکەمان بدەین، له و پێناوەشدا دەبێ هەموو هەوڵەکانمان بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد لە عێڕاقدا و بەدەستهێنانی پاڵپشتی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت بەره و بەدیهێنانی ئامانجەکانمان.
ئێمە پێمان وابووە و نەشمان شاردۆتەوە کە هۆکاری ئەوقەیران و شەڕوشۆروکوشتارەی عێڕاقی گرتبۆوە بەپلەی یەکەم بۆ سیاسەتە چەوت و ناڕاستەکانی نوخبەی دەسەڵاتدار و کاربەدەستانی بەغدا و رەتکردنەوەی پرنسیپی شەراکەت دەگەڕێتەوە، کە دەرەنجام بووە هۆی پاشەکشەی پرۆسەی سیاسی و بەتاڵکردنەوەی لەناوەڕۆکی دیموکراسییەکەی و هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانی هێزە نیشتیمانیەکان و لەباربردنی ئومێدی دروستبوونی عێراقێکی نوێ، بۆ هەموو لایەکیش روونبۆوە کە ئەوە سیاسەتی تاکڕەوی و وەلانان و پەراوێزخستن و پشت کردنە تەوافوق و شەراکەتە عێراق بەره و هەڵدێری کۆتایی دەبات، نەک پێدانی مافی رەوای پێکهاتەکان و دیموکراسی تەوافوقی و عەدالەت. بۆیە هیوادارین دەرس و پەند له و رابردووە تاڵە وەربگیرێت و هەڵبژاردن و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت پێداچوونەوەیەک بێت به و سیاسەت و عەقلیەتە.
له و بۆنەیەدا جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە سەر هاوپەیمانیەتی و گیانی بەرپرسیاریەتی و گوتاری هاوبەش و هاوکاری لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ داڕژتنەوەی نەخشەرێگایەکی نوێ و گونجاو بۆ ئه و قۆناغەی ئێستامان و پتەوکردنی بنەماکانی یەکڕیزیی و رێکخستنی نێو ماڵی کورد و وەلانانی کێشه و گیروگرفتە لابەلاکان بۆ رووبەڕووبوونەوه و چارەسەر کردنی کێشە هەنووکەیییەکان و بڕیاردان لەسەر ئایندەی گەلەکەمان.
ئێمە کاتێک یادی(42)ساڵەی ئه و بۆنە پیرۆزە دەکەینەوە، دوبارە بەڵێن بۆ رۆحی پاکی شەهیدان نوێدەکەینەوە کە بەردەوام بین لەسەر هەمان رێبازی پارتیمان کە رێبازی کوردایەتی و نیشتیمانیمانە بۆ پاراستنی ئه و ئەزموون و دەسکەوتانەی، کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیەکانمانن و پتەوکردنی بنەماکانی ئاشتیخوازی و دیموکراسی و کوولتوری لێبوردەیی وپێکەوەژیان و سەقامگیریی سیاسی وئابووریو کۆمەڵایەتی، هەروەها دابینکردنی خۆشگوزەرانیی وئارامیی و ئاسوودەیی بۆ سەرجەم هاووڵاتیان.
لە بیرەوەری (42)ەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئەندامان و لایەنگرودۆستانمان، لە گشت گەلی کوردستان بەتایبەتی هێزە دلێر و خۆراگرەکانی پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگ و پێشمەرگە دێرینەکان، دەکەین، سڵاو و رێز بۆ خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەنێرین.
سڵاو بۆ شەهیدانی رێگای ئازادی و رزگاری کوردستان، سڵاو بۆ یادی ئه و تێکۆشەرانەی سەرقافلەی گەشانەوەی ژیلەمۆی شۆڕشگێریی و بەرخودان بوون...سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی بەرەکانی جەنگی دژە تیرۆر و پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان...
نەمریی و سەروەریی بۆ رۆحی پاکی بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو...
سڵاو لە جەماوەری خۆراگروپشتیوانی پارتی و پێشمەرگەی کوردستان...
هەر بەرزوشەکاوە بێت ئاڵای کورد و کوردستان...
سەرکەوتن هەر بۆ ئیرادەی گەلەکەمانە...
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
25-05-201825-05-2018