وتاری سەرۆک کۆمار فوئاد مەعسوم لەکردنەوەی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەراندا
📝 بەڵگەنامەکان
بەناوی پەروەردگاری بەخشنده و میهرەبانەوە
خوشک و برایانی بەڕێز، ئەندامانی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران
میوانە بەڕێزەکان
سڵاوی خوداتان لێ بێت
هەست بە شانازی و متمانەی زۆر دەکەم، لەمیانی کردنەوەی خولی پەرلەمانی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەراندا بۆتان دەدوێم کە بەپێی حوکمەکانی دەستور بانگهێشتی ئەم کۆبونەوەیەمان کرد لە روانگەی پەرۆشی تەواومانەوە بۆ ئەوەی ئەنجومەنە بەڕێزەکەتان دەست بە کاری ئەرک و دەسەڵاتە رەسمییەکانی ببێت لە وادە دەستورییە دیاریکراوەکەیدا دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەمدواییەی پەسەندکرد.
بێگومان ئەمە ساتێکی مێژوییە کە کۆبونەوەکەتان هاوکاتی یادی یەکەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی وڵاتەکەمانە بەسەر تێرۆردا دوای جەنگێکی قارەمانانەی سەرکەوتوانە کە قوربانی مرۆیی و مادی زۆری بەخشی و ناخۆشییەکانیشی هاوکات بوو لەگەڵ روبەڕوبونەوەی قەیرانی ئابوری بەهۆی نزمبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا. هەموو ئەوانە وره و توانای گەلەکەمانی نەڕوخاند لە پاراستن و پابەندبوونی بە سیستمی دیموکراسی و فیدراڵی و دەستاودەستکردنی بە ئاشتی دەسەڵات و بەهێزکردنی یەکڕیزییە نیشتمانییەکەی و قوڵکردنەوەی گیانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و دەست لەناودەستکردنی عێراقییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشه و ئاستەنگەکانی کە روبەڕویان دەبێتەوە.
لەم قۆناغە پڕ لەئومێدەی مێژوی گەلەکەماندا کە عێراق بە متمانه و واقیعیانە پێگە شیاوەکەی خۆی دەگەڕێنێتەوە لەهەردوو ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و متمانه و رێزی هەموو جیهان بەدەستدەهێنێت بە گەل و حکومەتەکان و دامەزراوە ئابوری و وەبەرهێنەرو ئەکادیمی و روناکبیری و وەرزشییەکانیانەوە. ئەنجومەنەکەتان ئەرکی قورسی دەکەوێتە سەرشان کە دەبێت بە شێوەیەکی بەرپرسیارانه و بەپەله و پڕبەرهەمەوە رایانبپەڕێنێت.. ئومێدی زۆرمان هەیە ئەم خولە نوێیە بەشدارییەکی راستەقینەی گەورە بکات لە دەوڵەمەندکردنی بەکارهێنان و پەیڕەوکردنی دیموکراسی لە وڵاتەکەمان و پاراستنی دەستکەوتەکانی و چارەسەرکردنی کەموکورتی و کۆسپەکان بەوجۆرەی هێزو وزەی زیاتر ببەخشێت بە رەوتی دیموکراسی و فیدراڵی و گەشەپێدانی سیستمە سیاسییەکەمان کە بناغەیەکی پۆڵاینی کۆڵەکەکانی دەوڵەتی دیموکراسی عیراقی نوێیە کە هیوامان لەسەری هەڵچنیوە، دەوڵەتی هاووڵاتیبون کە پەرۆشی پێودانگەکانی فرەیی، جیاوازییەکان، هاوبەشی و یەکسانی، کرانەوە، دیالۆگ، تەوافق و هاوسەنگی داهێنەرانە بێت.
لەکاتێکدا هیوایەکی بەهێزمان هەیە کە ئەم خولە سەرکەوتوبێت لە دیاریکردنی حکومەتێکی نوێی بەتواناو بەهێز کە بتوانێت بەرنامەیەکی حکومی پێشکەوتوی سەرانسەری بەدیبهێنێت داواکاری و خواستەکانی گەل جێبەجێ بکات لەئاستی ویستەکانی گەلدا بێت بۆ ژیانێکی سەربەرزانە.. داوای سەرکەوتنی تەواوتان بۆ دەکەم لەئەستۆگرتنی ئەمانەت و بەئاکام گەیاندنی بەرپرسیاری گەورەی نیشتمانیتاندا، ئەوەش رەچاو دەکەین کە نێوانی باشی هەردوو دەسەڵاتی قانونگوزاری و جێبەجێکردن و دادوەریش دەبێت لە چوارچێوەی رێزگرتنی تەواوی بڕگەکانی دەستووردا بن، هاوکات دەبێت هاریکاری نێوانیشیان لە روانگەی پەرۆشی هاوبەش بێت بۆ رێزگرتنی دەسەڵاتی هەر دامەزراوەیەک لە دامەزراوەکانی قانونگوزاری و جێبەجێکردن و دادوەری و ئاسۆی کاری هاوبەش و تەواوکەری یەکتر بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و وڵاتمان.
عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە لەسەر خاکی عێراقی وڵاتیاندا ژیاون و لەسەر خاکەکەی نەتەوه و گەل و ئاین و ئاینزاو رەنگەکان تێکەڵ بوون، لە کەشوهەوایەکی تەبایی و برایەتی و متمانە بەخۆبوندا بە هاریکاری و خۆشویستنی یەکتر ژیاون.. مەزنترین شارستانییان لە رابردوییەکی دیاردا تۆمارکردووە.. تائێستاش گیانی یەکڕیزی و برایەتی کرۆکی پەیوەندییەکانیانە. بەبێ زامنکردنی مافە دەستورییەکان بۆ هەموان و چەسپاندنی پێودانگەکەنی هاووڵاتیبون و یەکڕیزی نیشتمانی و هەورازخستنی گیانی هاوکاری و لێبوردەیی و زامنکردن و پتەوکردنی روبەرەکانی ئازادیی کە دەستور دەستەبەری دەکات، بەسەر تێرۆرو دواکەوتویی و بێکاری و هەژاری و نەزانی و توندڕەوی و فکرە تەکفیرییەکاندا سەرناکەوین. دەوڵەتی دیموکراسی سەربەخۆو یەکگرتو و خاوەن سەروەری بەدینایەت بەبێ پێداگری لەسەر کۆڵەکەکانی دەوڵەتی قانون و ئازادییەکانی کۆمەڵ و تاکەکەسی و پەرەپێدانی لایەنەکانی ئابوری، کۆمەڵایەتی، روناکبیری و زمان.
بێگومان ئێمە پێویستی زۆرمان بە هەڵوەستەیەکی رەخنەگرانەیە بۆ هەموو ئه و لایەنانەی کە تایبەتن بە سیستمە سیاسی، ئەمنی، ئابوری و پەروەردەییەکەمان نەک هەر بەتەنیا بۆ پیاچونەوەیان بەڵکو لەپێناوی گەشەپێدانیان بەوجۆرەی بەدیهێنانی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی زامن دەکات کە ئەوەش بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکانە نەک بەتەنیا دەسته و تاقمێک.
ئیمڕۆ عێراقییەکان پێویستیان بە پەرەپێدانی هاوسەنگ و بەردەوامییە کە سەربەرزی بۆ هەموان دەستەبەر دەکات و داهات و دەرفەتی کاریان بۆ دەڕەخسێنێت بەتایبەتی گەنجان و بەشداری دەکات لە هێنانەکایەی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئۆقرەیی و ئاوێزانی ژیانی پیشەیی و خێزانی و کۆمەڵایەتی دەبێت کە ویستی هەموو هاووڵاتییەکه و چاوەڕێی گشتگیرکردنی دەستەبەری خوێندن و تەندروستیش دەکەن.
بەرپرسیاریەتی پێویستی بەوەیە کە ئەوەندەی دەکرێت کاربکەین و دەستپێشخەری بکەین. وڵاتەکەمان ئێستا روبەڕوی مەترسیی پشتبەستن بە تاکە سەرچاوەیی دەبێتەوە کە نەوتە بۆیە دەخوازرێت بایەخ و پەرۆشی بۆ نوێکردنەوه و گەشەپێدانی ئابوری نیشمانیمان هەمەجۆر کردنی سەرچاوەکانی داهات بێت لە هەموو کەرتەکانی بەرهەمهێنانی تردا بەتایبەتی کشتوکاڵ، پیشەسازی، بازرگانی و گەشتیارییا، ئەوەش بەبێ پلانێکی زانستی و پرۆژەی دیراسەتکراو سەرناگرێت کە سوود وەربگیرێت لە شارەزایی و ئەزمونی دەوڵەتانی دۆست و برا کە ئەزمونەکانی پەرەپێدانیان لەگەڵ ئەزمون و هەلومەرجی وڵاتماندا نزیکە کە دەبێتە مایەی سەرنجڕاکێشان و هاندانی وەبەرهێنان و پەرەپێدان کاراو خێرا دەکات لە هەموو بوارەکاندا.
ئەمش دیسانەوە پێویستی بە رەتکردنەوەی دیاردەکانی گەندەڵییە بەهەموو شێوەکانیەوه و رەتکردنەوەی بەکارهێنانی ئسلوبی تائیفی و دووبەرەکی و رق لەیەکتر بوونە لەنێو عێراقییەکان خۆیان و تێکشکاندنی هەر هەوڵێکی تەکفیری لە بەرگی ئاینیداو بەکارهێنانی هێماو فکرەکانیان بۆ زیانگەیاندن بە گەل و وڵاتەکەمان.
هەر ئەم دۆخە پێویستی بە رێزگرتنی ژنانە کە دەستور بڕیاری لەبارەوە داوە لەرێی نەهێشتنی هەموو جۆرە شێوەکانی جیاوازیگەری دژی ژن و زامنکردنی تەواوی مافەکانی هاووڵاتیبونیان لەوانە مافی یەکسانبوونی لەگەڵ پیاودا بە گرتنە دەستی پۆستەکانی سەرکردایەتی لەبوارە سیاسی، ئابوری، روناکبیری کۆمەڵایەتییەکاندا.
خوشک و برایانی بەڕێز،
ئەم خولی چوارەمەی ئەنجومەنی نوێنەران لە هەلومەرجێکی وردو ناسکدایە کە هاوکاتە لەگەڵ بەرەوپێشچونی هەنگاوی عێراقییەکان بۆ تەواوکردنی بنیاتنانی دەوڵەتە نوێ و پێشکەوتوەکەیان کە هەوڵدەدا وەک هەر دەوڵەتێکی دیموکراسی تەواوی خزمەتگوزارییەکان دابینبکات کە دەستورو قانون دەستەبەریان کردوە بۆ هەموو هاووڵاتیان. بەتایبەتی چاومان لەوەیە مافەکانی هاووڵاتیان لە ناوچە رزگارکراوەکان و هەموو ئاوارەبوەکان و دیلەکان بپارێزین شانبەشانی دەسبەکاربون بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگاربوەکان و هەموو وڵات.
لێرەدا دووپاتکردنەوەی نەگۆڕمان نوێ دەکەینەوە بۆ پێویستی چارەسەرکردنی دیاردەکانی بێکاری و هەژاری و قوڵکردنەوەی هوشیاری کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن و پەروەرده و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان.. لەپاڵ بەهێزکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی هاریکاری ئەمنی ئیقلمی و نێودەوڵەتی و چڕکردنەوەی هەوڵی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاو لەئاستی ستراتیژی پاش ئەوەی نزمبونەوەی ئاستی ئاوەکان کاریگەری ترسناکی دروستکردوە لەسەر ژینگەی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ و ئابوری لەهەموو وڵاتدا، دەبێت جموجۆڵەکان لەئاستی نێودەوڵەتیدا چالاک بکرێن لەپێناوی زامنکردنی مافەکانی عێراق لە سەرچاوە ئاوییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی تر، پێویستە هوشیاری قوڵبکرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان و تێپەڕاندنی هەڵەکان و کارکردن بۆ بەشداری پێکردنی هەموو توانا نیشتمانییەکان و چالاکییە جدییەکان هەموو هێزو توانا زیندوەکانی گەل بە ئامانجی بەدیهێنانی پێشکەوتنی سەرتاسەری کە گەرەکمانە.
خوشک و برایانی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران
ئێوە بەرپرسیارێتیتان لەئەستۆدایە لەبەردەم خوداو گەل و دەستوردا بۆ داواکاری و خواستەکانی عێراق و عێراقییەکان. پێویستە بەوپەڕی راستگۆیی و لێپرسراوێتییەوە بەشداری بکەن لە هەوڵە نیشتمانییەکاندا بۆ گۆڕاندنی ئەم بارودۆخە دور لەهەر لێکدانەوەیەکی شەخسی و حزبی، چونکە عێراق وڵاتی هەموانە مافی هەموو عێراقییەکانە سوود وەربگرن لە پێشکەوتن و بەرهەمەکانی گەشەکردن.
نەمریی بۆ شەهیدانی ئازادی عێراق و ئایندە دیموکراسییەکەی.
سەرکەوتنی هەمیشەیی و ئاشتی و پێشکەوتن بۆ گەلەکەمان.. هەموو هیوایەکمان سەرکەوتنتانە لە بەئاکام گەیاندنی لێپرسراویەتی نیشتمانی زۆر کە کەوتۆتە سەرشانتان بەوجۆرەی کە لە بەرژەوەندی نیشتمان و هاوڵاتیاندایە.
بەخوداتان دەسپێرم و خواتان لەگەڵ
03-09-201803-09-2018