رووپێوێکی دیموگرافی بۆ سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان
📊 ئامار و راپرسی
دوایین سەرژمێری و رووپێوی دیموگرافیی وردی عێراق، کە پارێزگاکانی کوردستانیشی لەخۆگرتبێ لە ساڵی 1987دا بوو. بەوپێیەش هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی 30 ساڵ لە رووپێوێکی گشتگیری دیموگرافی بێبەش بووە و گۆڕانە دیموگرافییەکانی لەسەر بنەمای توێژینەوەیەکی ورد هەڵنەسەنگێندراون. هەفتەی رابردوو، دەستەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەران IOM و سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رووپێوێکی دیموگرافییان بۆ سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان کردووە و هەڵەبجەش لە رووپێوەکەدا وەک پارێزگای سلێمانی دانراوە. بۆ ئەم رووپێوە 13 هەزار و 600 خێزانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان وەکو کەیس وەرگیراون، کە 400 خێزانیان لە کەمپەکان دەژین.
قەبارەی دانیشتووان
عێراق لە ساڵی 1932 سەربەخۆیی لە دەسەڵاتی بەریتانیا وەرگرت. ئەوکات بەرپرسانی بەریتانیا مەزندەیان دەکرد کە عێراق 3 ملیۆن و 500 هەزار دانیشتووی هەبێ. لە یەکەم سەرژمێری لە 1947دا، ژمارەی دانیشووانی عێراق بە 4 ملیۆن و 800 هەزار تۆمارکرا. 18 ساڵ دواتر، سەرژمێرییەکی دیکە بۆ عێراق کرا، کە تێیدا ژمارەی دانیشتووان بۆ 8 ملیۆن کەس بەرزبووەوە. لەو ژمارەیەش 902 هەزار کەسیان لە هەرێمی کوردستان دەژیان.
دوایین سەرژمێریی سەرتاسەری لە ساڵی 1987 بووە، کە تێیدا ژمارەی دانیشتووانی عێراق 16 ملیۆن و 335 هەزار کەس بووە. لەو ژمارەیەش 2 ملیۆن و 15 هەزار و 466 کەسیان لە هەرێمی کوردستان دەژیان. لە سەرژمێرییەکەی 1997دا، سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانی تێدانەبوو و تەنیا مەزندەیەک خرابووە ئاراوە کە تێیدا ژمارەی دانیشتووانی عێراق 22 ملیۆن و 46 هەزار و 244 کەس و ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 861 هەزار و 701 کەس بوو.
لەو کاتەوە دەستەی ئاماری کوردستان ئەو ژمارەیە نوێدەکاتەوە و بۆ رووپێوەکەی ئەمجارەش پشت بە نوێکردنەوەی 2014 بەستراوە، کە تێیدا ژمارەی دانیشتووانی عێراق 36 ملیۆن و 4 هەزار و 522 کەسە و ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 5 ملیۆن و 122 هەزار و 747 کەسە.
دانیشتووانی شار و گوند
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەنێوان ساڵانی 1977 بۆ 1987 رێژەی شارنشینەکان لەچاو گوندنشینەکان 24٪ بەرزببووەوە، بەڵام دواتر رێژەکە لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، بە جۆرێک کە لە ساڵی 2014 لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی رێژەی شارنشینی گەیشتە سەرووی 80٪ (هەولێر:84٪ و سلێمانی: 85٪).
راپۆرتەکە فاکتەرە ئابوورییەکان (وەکو گەشەی ئابووری شارەکان و مووچەی باشتر)، شەڕە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و ئاوارەبوونی خەڵک، بە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی شارەکان دەزانێ.
باری ناسنامەی نیشتمانی و وڵاتی لەدایکبوون
دەیان ساڵ شەڕ و سیاسەتی نێوخۆیی عێراق، وایکرد ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ ببن. وەکچۆن لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆری خەڵکی وڵاتانی دراوسێ بەهۆی شەڕی نێوخۆیی وڵاتەکانیانەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون. هەر بۆیەش لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە 98٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە عێراق لەدایکبوون و 99٪یان هاووڵاتیی عێراقین.
هاووڵاتییانی سووریا 1٪، هاووڵاتییانی تورکیا 0.7% و هاووڵاتییانی ئێران 0.1% دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.
بەگوێرەی راپۆرتەکە 25%ی ئەو خێزانانەی لە عێراق تووشی راگواستن و ئاوارەبوون هاتوون، خەڵکی ناوچەیەک لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانن. پارێزگای هەولێر زیاترین رێژەی ئاوارەبوون و شوێنگۆڕکێی بەخۆیەوە بینیوە (واتە 28٪)، هۆکاری ئەمەش بۆ تێکچوونی دۆخی ئەمنی ناوچەی مەخموور دەگەڕێتەوە.
نزیکەی 60٪ی خێزانە ئاوارەکان لە 2014دا روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و رێژەکە لە ساڵی 2015 و 2016 کەمبووەتەوە. بەپێی راپۆرتەکەش 55٪ خێزانە ئاوارەکان خەڵکی پارێزگای نەینەوان. دواتریش پارێزگاکانی سەلاحەددین 20٪، ئەنبار 7%، دیالە 4٪، بەغدا 4٪، هەولێر 3٪، کەرکووک 2٪، دهۆک 2٪ و بابل 1٪ بەدوای یەکدا دێن.
تەمەن و جێندەر
زیاترین رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، واتە 12.2٪، کەسانی خوار تەمەنی چوار ساڵن. کەمترین ژمارەی دانیشتووانیش، واتە 1.9٪، خەڵکانی سەر بە تەمەنی 55 بۆ59 ساڵن. لە ساڵی 1987دا 20٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە تەمەنی خوار چوار ساڵیدا بوون. کەمترین رێژەش، 1.8%، بۆ خەڵکانی 60 بۆ 64 ساڵی بووە. رێژەی دانیشتووانی سەرووی 65 ساڵ لە ساڵی رابردوودا 3.4٪ بووە، بەڵام لە ساڵی 1987 دەگەیشتە 3.2٪. ئەم جیاوازییانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە رێژەی منداڵبوون کەمبووەتەوە و تەمەنی مردنیش لە کوردستان بەرزبووەتەوە.
راپۆرتەکە ئاشکرایدەکات کە بەشێوەیەکی گشتی باڵانسی جێندەر لە هەرێمی کوردستان هەیە، واتە لە بەرامبەر هەر 100 کەسی رەگەزی نێردا 100 کەسی رەگەزی مێ هەیە، بەڵام لە تەمەنە جیاوازەکاندا ئەو هاوسەنگییە گۆڕانی بەسەردا دێ. بۆنموونە رێژەی دانیشتووانی نێرینەی تەمەنی خوار 29 ساڵ لە هەرێمی کوردستان 1.3٪ لە رێژەی دانیشتووانی مێینە زیاترە (نێرینە 32٪ و مێینە 30.7٪)، بەڵام رێژەی دانیشتووی نێرینەی سەرووی 29 ساڵ بە رێژەی 1.7٪ لە دانیشتووانی مێیینە کەمترە (نێرینە 17.7٪، لە بەرامبەردا مێینە 19.7%).
وابەستەیی دارایی بەپێی پارێزگاکان و جێندەر
بەپێی راپۆرتەکە، رێژەی گشتیی وابەستەیی دارایی (واتە پشتبەستن بە هاریکاریی دارایی ئەوانیدی) لە هەرێمی کوردستان 64٪یە. لەو رێژەیە منداڵانی تەمەن خوار 15 ساڵ، کە 35٪ی دانیشتووانی هەرێم پێکدەهێنن، گەورەترین پشکیان بەردەکەوێ. پارێزگای دهۆک زیاترین رێژەیی وابەستەیی دارایی تێدایە، کە تێیدا لە هەر 100 کەسی سەر بە تەمەنی کارکردن 69 کەسیان لەلایەن خەڵکانی دیکەوە دەژیێندرێن. پاشان پارێزگای هەولێر بە 65٪ و پارێزگای سلێمانی 59٪ وابەستەیی دارایی دێ.
ئەو کەسانەی دەتوانن خۆیان بژیێنن لە چاو ساڵی 1987 رێژەکەیان 43% بەرزبووەتەوە، راپۆرتەکە هۆکاری ئەمە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی خەڵکانی سەر بە تەمەنی کار لەچاو دانیشتووانی خوار 15 ساڵ دەگەڕێنێتەوە.
خێزانەکانی کوردستان پیاوانەن
سەرۆکی 90٪ی خێزانەکانی کوردستان پیاون، 10٪ەکەی دیکەیان ئافرەتن. ئەو ئافرەتانەی کە سەرۆکایەتی خێزان دەکەن دەرفەتی خوێندنیان کەمترە و خێزانەکەشیان لەچاو خێزانی خاوەن سەرۆکی پیاو هەژارترە.
قەبارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان 5.1 ئەندامە. قەبارەی خێزان لە پارێزگای دهۆک 6.2، لە هەولێر 5.1 و لە سلێمانی 4.6 ئەندامە. قەبارەی خێزان لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1987 نزیک 6.2 ئەندام بووە. زیاترین رێژەی دابەزینی ژمارەی ئەندامان لە شارەکان تۆمارکراوە. راپۆرتەکە پێیوایە گەشەی ئابووریی ناوچە شارییەکان و فاکتەری کولتووری کاریگەریی لەسەر ئەو کەمبوونەوەیە هەبووە.
بەشێوەیەکی گشتی 53٪ی ئافرەت و پیاوانی سەرووی تەمەنی 12 ساڵ هاوسەرگیرییان کردووە. هەڵوەشانەوەی خێزان دیاردەیەکی یەکجار دەگمەنە و بەپێی راپۆرتەکە تەنیا 1٪ی ئافرەتان و 0.2٪ی پیاوان لە هاوژینەکەیان جیابوونەتەوە.
حاڵەتی بێوەیەتی Widowhood لەناو ئافرەتاندا زیاترە هەتا پیاوان (ئافرەتان 1.7٪ و لەبەرامبەردا پیاوان 0.7٪). لە گرووپی تەمەنی 55 بۆ 64 زیاتر لە 25٪ی ئافرەتان بێوەژنن (ئەم رێژەیە بۆ پیاوان 1٪یە)، لە تەمەنی سەرووی 65 ساڵیش ئەو رێژەیە بۆ 50٪ بۆ ئافرەتان و 10٪ بۆ پیاوان بەرزدەبێتەوە.
لە تەمەنی نێوان 18 بۆ 24 ساڵان، 31٪ی ئافرەتان هاوسەرگیرییان کردووە، لەکاتێکدا لەو ماوە تەمەنییەدا تەنیا 11٪ی پیاوان خێزانیان پێکهێناوە. بەپێی راپۆرتەکە 6٪ی کچانی سەر بە تەمەنی 15 و 17 ساڵ زەماوەندییان کردووە، کە 32٪یان منداڵیشیان بووە. لە هەرێمی کوردستاندا کەمترین تەمەنی زەماوەند 15 ساڵە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە لە 1٪ی ماڵەکانی هەرێمی کوردستاندا پیاوەکان دوو هاوژینیان هەیە، هەرچەندە گومان دەکرێ ژمارەی پیاوە دووژنەکانی کوردستان لەوە زیاتر بێ، لەبەر ئەوەی پیاوە دەوڵەمەندەکان دەتوانن ماڵی جیا بۆ هاوژینی دووەم دروست بکەن. رێژەی فرەژنی لە گوندەکان لە چاو شارەکان بەرزترە (گوندەکان: 1.5٪ و لەبەرامبەردا شارەکان 0.7%)ە.
رێژەی فرەژنی لە ناو ئاوارەکان سێ هێندەی رێژەی دووژنی هەرێمی کوردستانە (واتە 3.1٪ی پیاوان زیاتر لە یەک هاوژینیان هەیە کە لەناو یەک ماڵدا دەژین)، راپۆرتەکە هۆکاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە یاسای عێراق رێگە بە فرەژنی دەدات، لەکاتێکدا یاسای هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2008ەوە فرەژنی قەدەغەکردووە، مەگەر لە دۆخی تایبەتدا و بە رەزامەندی هاوژینی یەکەم.
لە هەرێمی کوردستان تێکڕای تەمەنی هاوسەرگیریی ئافرەتان 20.7 ساڵ و هی پیاوان 24.5 ساڵە. تەمەنی هاوسەرگیری بۆ هەردوو جێندەرەکە لە گوندەکان کەمترە لە شارەکان. بەرزترین تێکڕای تەمەنی هاوسەرگیری لە پارێزگای سلێمانییە (پیاوان: 24.8 ساڵ و ئافرەتان 20.9 ساڵ). راپۆرتەکە ئەوەش دەخاتەڕوو کە تەمەنی هاوسەرگیری ئافرەتان لە چاو 30 ساڵی رابردوو گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتووە، لەکاتێکدا تەمەنی هاوسەرگیری پیاوان گۆڕانێکی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیوە.
منداڵبوون و مردن
منداڵبوون حاڵەتێکی باوی ئەو ئافرەتانەیە کە هاوسەرگیرییان کردووە، بە جۆرێک کە کەمتر لە 5٪ی ئافرەتە خێزاندارەکان منداڵیان نییە، بەڵام رێژەی منداڵبوون لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە. تێکڕای ژمارەی منداڵبوون لە هەرێمی کوردستان 3 منداڵە بۆ هەر ئافرەتێک، لەکاتێکدا تێکڕای ژمارەی منداڵبوون لەسەر ئاستی هەموو عێراق 4.3 منداڵە (ژمارە جیهانییەکەی منداڵبوون 2.5 منداڵە). تێکڕای ژمارەی منداڵبوون لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2011 نزیکەی 3.3 منداڵ بووە.
بەپێی رووپێوێکە، لەبەرامبەر هەر 1000 حاڵەتی لەدایکبوون 23 حاڵەتی مردنی منداڵ هەیە، لە ساڵی 2011 لەبەرامبەر هەمان ژمارەی لەدایکبووندا 28 حاڵەتی مردن هەبوون.
خاوەن پێداویستی تایبەت
راپۆرتەکە ئەوەش دەخاتەڕوو کە 3٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (واتە 2.4٪ی ئافرەتان و 3.5٪ی پیاوان) خاوەنی پێداویستیی تایبەتن. پارێزگای سلێمانی زیاترین دانیشتووی خاوەن پێداویستیی تایبەتی لێیە و 3.4%ی دانیشتووانی پارێزگاکەن.
پەروەردە و خوێندەواری
45%ی دانیشتووانی تەمەن شەش ساڵ بۆ سەرەوەی هەرێمی کوردستان هیچ بڕوانامەیەکی قوتابخانەی سەرەتاییان نییە، بەڵام وەک لە رووپێوەکەدا هاتووە 79٪ی خەڵکی کوردستان توانای خوێندنەوە و 78٪یان توانای نووسینیان هەیە، بەوپێیەش رێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 21٪ە.
رێژەی خوێندەواری لە دانیشتووانی تەمەنی 6 بۆ17 ساڵان لە هەموو گرووپە تەمەنییەکانی دیکە زیاترە و 90٪ ە، دانیشتووانی تەمەن 55 بۆ سەرەوەش کەمترین ژمارەی خوێندەواریان تێدایە 26٪ بۆ 45٪. رێژەی خوێندەواری بەپێی جێندەریش دەگۆڕێ. لەکاتێکدا 70٪ی ئافرەتانی تەمەن 6 ساڵ بۆ سەرەوە دەتوانن بخوێننەوە و بنووسن، ئەم رێژەیە بۆ پیاوانی سەر بە هەمان گروپی تەمەن 85٪ە. لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش دهۆک زۆرترین ژمارەی نەخوێندەواری تێدایە.
رووپێوەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە 17٪ی دانیشتووانی 6 ساڵ بۆ سەرەوەی کوردستان، هیچکات بەشداریی وانەکانی قوتابخانەیان نەکردووە، 24٪ بۆ ئافرەتان و 10٪ بۆ پیاوان. 80٪ی کوڕ و کچانی تەمەن 15 بۆ 17 ساڵ سەردانی قوتابخانەکان دەکەن، 45٪ی کوڕان و کچانی 18 تاوەکو 24 ساڵیش هێشتا لە یەکێک لە دامەزراوە پەروەردەییەکان خەریکی خوێندنن. رێژەی هەرە زۆری ئەوانەی هیچکات بەشداریی قوتابخانەیان نەکردووە لەناو دانیشتووانی گروپە تەمەنییە زۆرەکان هەیە 71%.
هێزی کار
زیاتر لە 40٪ی دانیشتووانی تەمەن 15 بۆ 64ی هەرێمی کوردستان بەشێک لە هێزی کار پێکدەهێنن، بەڵام جیاوازیی گەورەی جێندەری لە هێزی کاردا بەدیدەکرێ. بەپێی راپۆرتەکە تەنیا 15٪ی ئەو ئافرەتانەی تەمەنیان گەیشتووەتە تەمەنی کار، لەناو هێزی کاری کوردستاندان. ئەم رێژەیە بۆ پیاوان 70٪ە. نزیکەی نیوەی هێزی کاری کوردستان لە کەرتی گشتیدان، 11٪ لە کەرتی تایبەتن، 35٪یان کاری ئازاد دەکەن، کە 17٪یان خاوەنی کاری خۆیانن، 18%یان بە هەقدەستی رۆژانە کاردەکەن.
هێزی کاری ئافرەتان لە کەرتی تایبەتی کوردستاندا پێگەیەکی لاوازیان هەیە، 75٪یان لە کەرتی گشتی کاردەکەن. بەڵام وەک لە ژمارەکانی رووپێوەکەدا دەردەکەوێ پیاوان هەلی کاری جۆراوجۆریان زیاترە. 44٪ هێزی کاری پیاوان لە کەرتی گشتی و 12٪ لە کەرتی تایبەتن (خاوەنکار:4٪ و دامەزراو: 8٪)، 21٪ی هێزی کاری پیاوان خاوەنی کاری خۆیانن و 21٪یش بە مووچە یان هەقدەستی رۆژانە کاردەکەن.
بەپێی راپۆرتەکە جێندەر و تەمەن دوو هۆکاری سەرەکیی کارنەکردنن. بۆنموونە 78 بۆ 93٪ ی ئافرەتانی تەمەن 25 بۆ 64 ساڵ خەریکی ماڵدارین. لەکاتێکدا بێکاریی رەگەزی نێرینە زیاتر لە تەمەنی خوار 25 ساڵدا، کە دەکرێ هێشتا خەریکی خوێندن بن، چڕبووەتەوە. هەرچەند 65٪ی گەنجە بێکارەکانی رەگەزی نێرینە (واتە لە تەمەنی 34 بۆ 35) هیوای دۆزینەوەی کاریان لەدەستداوە.
36٪ی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان داهاتی مانگەیان لە 500 هەزار دینار کەمترە (ئەم گرووپە لە سلێمانی زیاترن: 40٪ی دانیشتووانی پارێزگاکەن)، 51٪ی خێزانەکانیش مانگانە نیوملیۆن بۆ ملیۆنێک دینار داهاتیانە (لە پارێزگای دهۆک زیاترین رێژەیان هەیە: 56٪)ە. 13٪ش لە مانگێکدا زیاتر لە 1 ملیۆن دیناریان دەستدەکەوێ (ئەم گروپە لە هەولێر زیاترن لە 16٪). راپۆرتەکە ئەوەش دەخاتەڕوو کە 70٪ی ئەو خێزانانەی کە یەک ئەندامیان لە کەرتی گشتیدا کار دەکات داهاتی مانگەیان لە یەک ملیۆن بۆ سەرەوەیە.
راپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە دوو لەسەر سێی خێزانەکان لەسەر مووچەی کەرتی گشتین، کە 47٪یان فەرمانبەر و 18٪شیان خانەنشینن. نزیک 30٪ی خێزانەکان ئەندامیان هەیە کە لە کەرتی تایبەت کاردەکەن، کە 12٪یان فەرمانبەرن و 16٪یان خاوەن بزنسن. کشتوکاڵ سەرچاوەی داهاتی تەنیا 6٪ی خێزانەکانی کوردستانە، لەکاتێکدا 25٪ی دانیشتووان بە کاری رۆژانە دەژین (واتە هەقدەستی رۆژانە 21٪ لەبەرامبەر بازرگانی نافەرمی 3٪).
خانووبەرە، نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییەکان
راپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەموو خێزانەکانی هەرێمی کوردستان خانووبەرەی گونجاو بۆ ژیانیان دەستکەوتووە، 75٪ی خێزانەکانیش خاوەنی ئەو خانووەن کە تێیدا نیشتەجێن. 80٪ی ئەو ئاوارانەی لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، لە خانووی کرێدان، 13٪یش خاوەنی موڵکەکەن و ئەوانی دیکەش لەو جۆرە شوێنانەن کە هیچ کرێیەکیان لێ وەرناگیرێ.
زیاتر لە 90٪ی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان (واتە 95٪ی ناوچە شارییەکان و 70٪ی گوندەکان) لەسەر تۆڕی ئاوی گشتین، 5٪ی خێزانەکان پشت بە بیری ئاو دەبەستن، 3٪ بە تانکەر ئاویان بۆ دەچێ و 1٪یش سوود لە ئاوی کانیاو، رووبار، کاناڵ، دەریاچە یان گۆم وەردەگرن. سەبارەت بە کارەباش لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە تێکڕای کارەبای دابینکراو بۆ هەر خێزانێکی کوردستان 17 کاژێرە لە رۆژێکدا. پارێزگای سلێمانی لەچاو دوو پارێزگاکەی دیکەی کوردستان زیاترین کاژێری کارەبای هەیە لە رۆژێکدا (18.5 کاژێر) و دهۆک کەمترین کاژێری بەردەکەوێ (15.9 کاژێر).
20-09-201820-09-2018