عەباس ئەلبەدری
عەباس ئەلبەدری ناوێکی دیارو پرشنگدارە لەجیهانی رۆژنامەگەری و تێکۆشانی کوردایەتیدا، ئەو خزمەتێکی گەورەی بەبوارەکانی میدیا و روناکبیری و خەباتی کوردستانی کردووە.
عەباس باقر کازم کە بەعەباس ئەلبەدری ناسراوە ساڵی 1943 لەگەڕەکی کوردانی شاری بەغدا لەدایک بووە.
هەر لەسەرەتای ژیانی لاوێتیەوە لەدەرگای رۆژنامەنوسییەوە تێکەڵاوی جوڵانەوەی سیاسی بووە و لەکۆتایی پەنجاکانی سەدەی رابردوودا رۆژنامەی خەباتی کردە سەنگەری خەبات و کاری رۆژنامەنوسی و لەوێوە کاروانی تێکۆشانی ئەدەبی و رۆشنبیری و کوردایەتی کەوتە رێ و دواتر لە بەشی رۆشنبیری رۆژنامەی دەنگی کورد و رۆژنامەی النورو چەند رۆژنامە و گۆڤارێکی دیکەی ئەوسەردەمە خزمەتی کردووە.
لەبەر هەڵویستی سیاسی و کوردپەروەرانەی توشی گرتن و راونان و ئەشکەنجەی رژێمە جیا جیاکانی عیراق بۆتەوە و لەساڵی 1964 دەستگیراوە و ماوەی 3ساڵی پڕ لەناخۆشی لەزیندانی دزێوی نوگرە سەلماندا بەسەر بردووە و لەسەرەتای هەشتاکانیش بەتاوانی کوردبوون لەگەڵ فەیلییەکاندا رەوانەی ئێران کراوە.
ساڵی 1988 لەسەر راسپاردەی جەنابی
مام جەلالمام جەلال پەیوەندی بەراگەیاندنی(ی.ن.ک)ەوە کردووە و وەک رۆژنامەنوسێکی دیارو بەئەزمون لە رۆژنامەی(الشرارە و بەشی عەرەبی رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان) خزمەتی کردووە و رۆڵی دیاری لەگەشەپێدانی ئەو دەزگا میدیایانەدا هەبووە.
لەدوای راپەرینیش مامۆستا عەباس ئەلبەدری لەتێکۆشانی رۆژنامەنوشی و میدیایی بەردەوام ئەبێ و لەدوای گۆڕینی ناوی رۆژنامەی(الشرارە) بە(الاتحاد) ئەبێتە سەرنوسەری ئەو رۆژنامەیە و بە ئەزمون و سەلیقە و لێزانینی خۆی رۆڵی دیاری ئەبێ لە پێشخستن و گەشەپێدانی ئەو رۆژنامەیەدا.
ئەلبەدری لەناو میدیای یەکێتیدا ئەرکی زیاتری لەئەستۆ گرتووە و ماوەیەک بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان بووە و لەتەلەفزیۆنی گەلی کوردستان و کەناڵی کوردساتیش خزمەتی کردووە و شوێن پەنجەی بەپێشخستنی ئەو دەزگا میدیایانەوە دیار بووە.
لەدوای روخانی رژێمی بەغدا چۆتەوە زێدی خۆی لەبەغدا و لەوێ تەوژمێکی گەورەی بەدەرکردن و گەشەپێدانی رۆژنامەی (الاتحاد) داوە.
لەساڵانی 2006- 2011 لەسەر راسپاردەی جەنابی مام جەلال دەچێتە تۆڕی میدیایی عیراق و وەک نوێنەرێکی کورد لەوێ خزمەت ئەکات.
عەباس ئەلبەدری خاوەنی خەرمانێک لە نوسینی ئەدەبی و سیاسی و رۆژنامەنوسیی چاپکراوە، لەدیارترین کتێبە چاپکراوەکانی (رۆژانەی راپەرین و عەشقستان)ە.
دوا نوسینی مامۆستا ئەلبەدری نوسینێکی سەرنجڕاکێشە بەناوی (عەشق زۆرانبازێکە زۆرانی لەگەڵدا ناگیرێ).
لە رۆژی 14ی کانوونی دووەمی 2015 بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
[1]