بەیاننامەی بزوتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی کاک نەوشیروانەوە
هاونیشتیمانیانی کوردستان…
ئەمڕۆ دو ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر کۆچی دوایی سەرکردەی ناوداری جوڵانەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان،
نەوشیروان مستەفانەوشیروان مستەفا. کاک نەوشیروان نەک تەنها بۆ نزیکەی نیو سەدە وەک سەرکردەیەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی گەورە بەشداری کاریگەری لە خەباتی رزگاریخوازی کورد کردوە بەڵکو، وەک کەسایەتییەکی هەڵکەوتو لە بواری فیکری، رۆشنبیری، مێژویی، پێشمەرگایەتی، ئەدەبی و رۆژنامەگەریدا شوێن پەنجەی دیار بوە. ئەم سەرکردە مەزنە وەک لاوێکی خاوەن توانا بەشداری شۆڕشی ئەیلولی کردوه و لە شۆڕشی نوێی گەلەکەمانیش رۆڵی سەرکردەیەکی ژیرو کارای دیوه و ئەندازیاری راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ساڵی 1991 بوە. لە دوای راپەڕینیش سەرکردایەتی رەوتی بنیاتنانی پایەکانی دەوڵەتی کوردستان و بەنیشتیمانیکردنی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم و چاکسازی کردوە. شۆڕەسواری چەسپاندنی مافە نەتەوەییەکانی کورد بوە لە گفتوگۆکانی نێوان کورد و بەرامبەرەکانیدا بە نوسینەوەی دەستوری عیراقیشەوە. دوا وێستگەی خەباتی سیاسی کاک نەوشیروان دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان بو. هەر بۆیە کاک نەوشیروان تەنها موڵکی یەک لایەن و یەک پارچەی کوردستان نیە بەڵکو، موڵکی هەمو خەڵک و خاکی کوردستانە.
ئێمە لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە کوردستان و ناوچەکە بە بارودۆخێکی دژوارو ئاڵۆزدا تێدەپەڕێ. گرژی و ئاڵۆزی نێوان زلهێزەکان و هێزە ئیقلیمییەکان ناوچەکەی خستۆتە بەردەم مەترسی ئەگەری زۆرەوە. بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی سیاسی کۆمەڵایەتی مەدەنی دژی ئەوەیە هەرێم و عیراق بکرێن بە مەیدانی شەڕی زلهێزەکان. لەلایەکی ترەوە قەیرانی ئابوری و دارایی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی تێکداوە. سەرەڕای ئەمانەش ناکۆکی نێوان هێزە سیاسییەکان هاونیشتیمانیانی هێندەی تر نائومێد کردوه و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی خستۆتە بەردەم هەڕەشەیەکی جیدییەوە.
هاونیشتمانیانی خۆشەویست…
بزوتنەوەی گۆڕان لە هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی و خەمخۆری بۆ خەڵکی کوردستان و لەسەر داوای
پارتی دیموکراتی کوردستانپارتی دیموکراتی کوردستان دەستیکرد بە گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ پارتی و رێکەوتنێکی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ئیمزا کرد. له و رێکەوتنەدا توانرا بەشێکی زۆر لە پاکێجەکانی چاکسازی، کە هەموی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە، بکرێ بە کارنامەی کابینەی داهاتو. لە بەرامبەردا هەموارکردنەوه و کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم پەسەند کرا، کە تێیدا سەرۆکی هەرێم لە لایەن پەرلەمانی کورستانەوە هەڵدەبژیردرێ.
هەر لەم بۆنەیەدا جەخت لە گرنگی یەکڕیزی نێوان هەمو هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەینەوە، بەوانەی دەچنە دەسەڵات و ئەوانەش کە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن هەڵدەبژێرن. تاکو بتوانین هەمومان بەیەکەوە روبەڕوی ئه و ئاڵنگاریانەی بەردەممان ببینەوه و قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان بپارێزین و ئه و ناوچانەی لەدەستمان داوە بیانگێڕینەوە. هەر ئەمەش ماکی سەرکەوتنی گەلەکەمانه و دەبێتە رێگر لەبەردەم دوبارەبونەوەی روداوە نەخوازراوەکانی شەڕی ناوخۆو کارەساتی شەنگاڵ لە 3ی ئابی 2014 و لەدەستدانی
کەرکوککەرکوک و زۆربەی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان لە 16 ئۆکتۆبەری 2017و لاوازبونی پێگەی کورد لە بەغدا.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی گۆڕان، جڤاتی نیشتیمانی بڕیاریداوە دوا بەدوای پێکهێنانی حکومەتی هەرێم کۆنفرەنسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ببەسترێ. ئەرکە گرنگەکانی کۆنفرەنس بریتی دەبن لە پێداچونەوە بە دەستوری گۆڕان و بەرنامەی سیاسی و هەڵسەنگاندنی ئەدای ئۆرگانەکان و رێکخستنەوەیان، بۆ ئەوەی گۆڕان بتوانێ لە ئاست چاوەڕوانی گۆڕانخوازان و هاوڵاتیانی کوردستان بێت. بزوتنەوەی گۆڕان لەم روەوە پێشوازی لە هەر سەرنج و تێبینی و رەخنه و پێشنیارێک دەکات لە چوارچێوەی ئۆرگان و پرنسیپە رێکخراوەییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، بە ئامانجی پتەوکردنی ریزەکانی و باشترکردنی ئەدای ئۆرگانەکانی گۆڕان و بەهێزکردنەوەی متمانەی هەمو هاوڵاتیانی کوردستان بە پەیام و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان.
لە کۆتاییدا بەڵێن بە هاونیشتیمانیانی کوردستان و روحی کاک نەوشیروان دەدەین کە داکۆکی لە ماف و داوا رەواکانی خەڵک بکەین و درێژە بە خەباتی مەدەنی بدەین و پابەند بین بە پەیام و بەرنامەکانی گۆڕان لەمەڕ هێنانەکایەی دادوەری کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی سەروەری یاساو بەگژاچونەوەی گەندەڵی و بەنیشتیمانیکردنی دامەزراوەکانی هەرێم و هێزی پێشمەرگه و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆو چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی و ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک و ناوچە کوردستانییە دابڕینراوەکان و گێڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان. هەروەها شێلگیرانە درێژە به و کارو بەرنامانە دەدەین کە رەوانشاد لە پەیام و نوسینەکانی و بۆنە فەرمییەکاندا ئاماژەی پێکردون. لە هەمان کاتدا بەکارهێنانی ناوی کاک نەوشیروان و بیروبۆچونەکانی بۆ مەبەستی شەخسی رەتدەکەینەوە.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی کاک نەوشیروان و هەمو ئەوانەی لە پێناوی رزگاری کوردستان و دەستەبەرکردنی عەدالەتدا خەباتیان کردوە.
بزوتنەوەی گۆڕان
19-05-201919-05-2019