زیاتر لە دوو هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر بوون و بەشێک لەوانە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێترێژەکە مەترسیدار نییە.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، لە ساڵی 2017دا 690 کەس لە هەرێم تووشی ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر بوون، هەروەها لە ساڵی 2018دا ژمارەکە بۆ 590 کەس کەمیکردووە، بەڵام لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا 767 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
ستار حەمەد قادر، پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکان ڕاگەیاند: ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر، نەخۆشییەکی گوازراوەیه و چەند جۆرێکی هەیە، بەڵام جۆرەکانی (A, B, C) لە جۆرەکانی دیکەی مەترسیدارترن.
لەبارەی شێوازی تووشبوون و ئەوانەی ڤایرۆسەکە دەیانگرێتەوە، ئه و پسپۆڕە دەڵێت: بەهۆی گواستنەوەی خوێن و پێکهاتەکانیانەوه، ڤایرۆسەکە دەگوازرێتەوە، یاخود لە ڕێگەی سێکسکردنی بێ کۆندۆم لەگەڵ کەسێک کە هەڵگری ڤایرۆسەکەبێت، هەروەها له ڕێگەی دەرزیلێدان و بەکارهێنانی سرنج بەبێ خۆپارێزی.
ئه و پزیشکە پسپۆڕە ئەوەیشی ڕوونکردەوە: ئه و کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە دەبن، زۆرتر تەمەنیان لەسەرووی 40 ساڵییەوەن، ڕەنگی پێڵووی چاوی نەخۆشەکە زەردهەڵدەگەڕێت و تووشی بەدخۆراکی دەبێ، لەگەڵ ئازاری زۆری جگەر، ئەمە بێجگە له بێهێزبوونی زۆری کەسەکه.
بەپێی زانیارییەکان لەمساڵدا چەندین هاووڵاتی لە پارێزگاکانی هەرێم بەهۆی ئه و نەخۆشییە ڤایرۆسییەوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاماری گیان لەدەستدانی هاووڵاتیان ئاشکرا ناکات.
لەبارەی هەوڵەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە، خاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت:وەزارەتی تەندروستی هەموو ڕێگەیەک بۆ خۆپارێزیی له و نەخۆشییە دەگرێتەبەر، بەڵام ئه و ڕێژەی تووشبوونە لە هەرێم مەترسیدار نییە، چونکە بەپێی ئاماری تەندروستی جیهانی لە هەر وڵاتێک کە ڕێژەکە 8% بوو ئینجا دەبێتە ڕێژەیەکی بەرز و مەترسیی هەیە، خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان ڕێژەکە لە 2% کەمترە.[1]