فڕێدان و دەستبەردان لە منداڵ لە هەرێمی کوردستان لە حاڵەتەوە بەرەو دیاردەیەکی مەترسیدار هەڵدەکشێ و تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ-دا 63 منداڵ تۆمارکراون، کە لەلایەن دایک و باوکیانەوە وازیان لێهێندراوە.
بە پێی ئەو ئامارانەی، کە ڕلە بەڕێوبەرایەتیی گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی پارێزگای #سلێمانی# و #دهۆک#، لە ماوەی 6 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە سلێمانی 18 منداڵ کە 9 کوڕ و 9 کچ، لە پارێزگای دهۆک 40 منداڵ کە 30 کچە و 10 کوڕە، دایک و باوکەکانیان دەستبەرداریان بوون و ڕادەستی خانەکانی بێ سەرپەرشتان کراون.
ئامارەکەی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی، ئەو منداڵانەی تێدا تۆمارنەکراوە، کە فڕێدراون و لەلایەن کەسانێکەوە هەڵگیراونەتەوە بێ ئەوەی ڕادەستی خانە بکرێن.
لە پارێزگای #هەولێر#-یش تەنیا توانیمان ژمارەی ئەو منداڵانەمان دەست بکەوێت، کە لەو شەش مانگەدا فڕێدراون، واتا ڕادەستی خانە نەکراون، ئامارەکە لە بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی هەولێرەوە وەرگیراوە و ژمارەیان پێنج منداڵ بووە، کە چوار-یان کوڕ و ئەوی دیکەیان کچە.
بەپێی ئەو ئامارانە، لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا 63 منداڵ لەلایەن دایک و باوک و کەسوکارییانەوە دەستیان لێبەردراوە و تەمەنیشیان لەنێوان0- 18 ساڵییدا بووە، بەڵام بەوپێیەی لە هەولێر و سلێمانی ئاماری تەواومان دەستنەکەوتووە، پێدەچێت ئامارەکە زۆر زیاتر بێت و لە 100 منداڵ نزیک ببێتەوە.
بە وتەی عومەر گوڵپی، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتیی گشتیی چاودێریی و گەشەپیدانی کۆمەڵایەتیی پارێزگای سلێمانی، ئەم حاڵەتانە بەرەوە هەڵکشان هەنگاوی ناوە و بەبەراود بە ساڵی ڕابردوو ئامارەکە زیادی کردووە.
بەگوێرەی یاسای ژمارە 111ی سزادانی عێراقی، کە لە هەرێمی کوردستان-یش کاری پێ دەکرێت، ئەو کەسەی منداڵەکەی فڕێدەدات سزادەدرێت، لە خاڵی دووەمی مادەی 383ی یاساکەدا هاتووە، 'ئه و کەسەی هەڵدەستێت بە فڕێدانی منداڵ یان پیر و پەککەوتە بەهۆی باری تەندروستیی یان دەروونییەوە، سزا دەدرێت بۆ ماوەیەک لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت'.
ئەگەر هەر منداڵێک لەناو بازاڕ یاخود بەردەم شوێنە گشتییەکان و شوێنەکانی دیکە فڕێبدریت، ئەوا لەلایەن لیژنەیەک لە قایمقامیەت و کاروباری کۆمەڵایەتیی و پۆلیسی نەوجەوانان، دەبرێنە خانەکانی بێسەرپەرشتیاران و نەوجەوانان و دوای لێکۆڵینەوە و بڕیاری دادوەر ئەگەر کەسوکاری هەبێت بانگ دەکرێن و ئەگەر باوک و دایکی نادیار بێت ڕەوانەی خانە دەکرێ، هەندێک جاریش پێش ئەوەی دەستی پۆلیسی پێبگات، لەلایەن خێزانێکەوە هەڵدەگیرێتەوە.
بەپێی ئەو بەداواداچوونەکان، هۆکاری فڕێدانی منداڵ بە سێ حاڵەت لەلایەن بەڕێوبەرایەتییەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە تۆمارکراون، ئەوانیشجیابوونەوەی دایک و باوک، خراپی باری ئابووریی و پەیوەندیی ژن و پیاو لەدەرەوەی خێزان'ناشەرعیی'.
لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هیشتا پڕۆژەی خێزانی جێگرەوە نەبووەتە یاسایەک، بەڵام لە سلێمانی ماوەی سێ ساڵە پرۆژەی خێزانی جێگرەوە هەیە و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2017ی بۆ دەرکرد، بەپێی ڕێنماییەکەش، ئەو دایکو باوکەی کە منداڵیان پێدەبەخشرێت، ڕاهێنانێکی زۆریان پێ دەکرێت، بەتایبەت لێکۆڵینەوە لەسەر پاشینەی تاوانکاریی و لایەنی تەندروستی ئەو خێزانە دەکرێت، هەروەها کە ئەو منداڵە دەچێتە ناو خێزانی جێگرەوە دوو توێژەر بەردەوام چاودێریی دەکەن، کە توێژەرێک بۆ خێزانەکەیە و توێژەرەکەی دیکە بۆ منداڵەکەیە.
ڕۆژی 5ی ئەم مانگە، لە هۆڵی تایتانیک لە شاری سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبونی کوێستان محەمەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرکەوتنی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی خێزانی جێگرەوەی ڕاگەیاند.
عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی لە مەراسیمەکەدا ڕایگەیاند: پڕۆژەکە بەهاوکاری چەند ڕێکخراوێکی شارەزا بۆ یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و لە میانی سێ ساڵدا بە شێوەیەکی ئەزمونی کارمان لەسەر کردووە، پڕۆژەکە دەگەڕێت بە دوای دۆزینەوەی خێزان و لانەیەکی ئارام لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی منداڵ.
عومەر گوڵپی، ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەهۆی ئەوەی یەکەم جاربووە سیستمەکە لە ەهرێم بەڕێوەبچێت، بەشێوەیەکی خاو بەڕێوەچووە و لەو ماوەیەدا 39 خێزان تۆمارکراون و بوونەتە خێزانی جێگرەوە، هەروەها (18) خێزانی تریش گەیشتوونەتە قۆناغی پەسەندکردن و (11) منداڵ ڕەوانەی خێزانە جێگرەوەکان کراون.
ئەو منداڵانەی لە خێزانی جێگرەوە وەرگیراون تەمەنیان لە خوار چوار ساڵانەوە بووە، ئەوانەش بەدەست کێشە خێزانییەکان یان لەدەستدانی چاودێریی دایک یان باوک گرفتار بوون.
وا بڕیارە، بۆ قۆناغی داهاتوش هەموو ئەو منداڵانەی مەرجەکان دەیانگرێتەوە و تەمەنیان نەگەیشتوەتە (18) ساڵان لە پڕۆژەکەدا تۆمار بکرێن و بدرێن بە خێزانی جێگرەوە.
هەر لەو مەراسیمەدا، کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی وتی:لە داهاتوودا کار دەکەین لە ڕێگەی ڕێکخراوە هاوکارەکانەوە بۆ گواستنەوەی ئەم پڕۆژەیە بۆ هەولێر و دهۆک و شارەکانی تر، هەوڵیش دەدەین پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بە خێزانی جێگرەوە لە پەرلەمان دەربکەین.[1]