نانەواخانە و سەموونخانەکانی #سلێمانی# پابەنددەکرێن بە بەکارهێنانی زەرفی کاخەز لەلایەن ئەرکان عەلی 3 کاژێر لەمەو بەر
هەفتەیەک مۆڵەت دراوە بە نانەواخانە و سەموونخانەکانی سلێمانی زەرفی کاخەز بەکاربهێنن
قایمقامییەتی سلێمانی بەهۆی کەمی کیسی کاخەزەوە هەفتەیەک مۆڵەتی بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکانی سلێمانی درێژکردەوە تاوەکو پابەندبن بە گۆڕینی کیسی نان لە نایلۆنەوە بۆ کاخەز، دوای ئه و هەفتەیە و کەوتنە کاری کارگەکانی کاخەز، ڕێوشوێنەکان دەگیرێنە بەر.
ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی بە ڕووداوی ڕاگەیاند: کارگەیەکی ناوخۆیی و هەندێک بازرگانی دیکە بەڵێنی ئەوەیان پێداوین بەمزووانە بڕی پێویستی زەرفی کاخەز دابینبکەن و ئەوکات بڕیارەکانمان جێبەجێدەکرێت.
لە نێو شاری سلێمانی نزیکەی هەزار نانەواخانە و سەموونخانە هەن، بە هەموویان ڕۆژانە نزیکەی 150 هەزار زەرفی کاخەزیان پێویستە، بەڵام ئێستا ڕۆژانە توانای دا بینکردنی 40 بۆ 80 هەزار کیسی کاخەزیان هەیە.
بەرزی جەعفەر، خاوەنی کارگەی زەرفی کاخەز دەڵێت: ئێمە تەنیا دەتوانین به و ئامێرە کەمانەی هەمانە کاخەز دابین بکەین، بەڵام ستافمان لە ئیتاڵیا و ئەڵمانیاوە هاتنەوە و ئامێریان هێنا، بەمە دەتوانین بەرهەمهێنان زیاد بکەین.
ئەوەی لای نانەواخانەکان بووەتە مایەی گلەیی گرانی نرخی کیسی کاخەزە کە 100 دانەی بە زیاتر لە دوو هەزار دینارە.
ئازاد ڕەمەزان، خاوەنی نانەواخانە دەڵێت: لە هەموو عێراق کێشی گونک 105 گرامە و هەشت نان بە هەزارە، تەنیا لە سلێمانی نەبێت کە 130 گرامە، سەرباری ئەوەش هاتوون ئه و هەموو بڕیارە قوورسەمان بەسەردا دەدەن.
رێوشوێنەکانی قایمقامییەتەکانی سلێمانی بەپێی توێژینەوەیەکی ئیدارییە، کە حەوت فەرمانگەی پەیوەندیدار ئامادەیان کردووە.
جگە لە نانەواخانە و سەموونخانەکان، دەبێت تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە یەکەکانی نیشتەجێبوونی سلێمانیش سەللەی تایبەت بە جیاکردنەوەی نایلۆن دابین بکەن.[1]