بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی #سلێمانی# مۆڵەتی 15 ڕۆژ دەدات به و سەنتەرانەی لە سلێمانی بەناوی سەنتەری ئۆتیزم کاردەکەن و مۆڵەتیان نییە. دەڵێت، ئەگەر مۆڵەت وەرنەگرن شوێنەکانیان دادەخرێت.
عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بڕیارەکە لە 22ی ئابەوە دەرچووە و دەبێت هەموو ئەو سەنتەرانە پێوەی پابەندبن، چونکە بەشی زۆری ئەوانەی ئێستا بەناوی سەنتەری ئۆتیزم کاردەکەن هەم شوێنیان گونجاو و ستانداردنییە، هەم ستاف، توێژەر و پزیشکی پسپۆریان نییە و لەدەرەوەی ڕێنماییەکان کاردەکەن.
عومەر گوڵپی ئەوەشی گوت ئەمە دوا ئاگادارکردنەوەیە، چونکە دوو مانگ بەر لە ئێستا لەگەڵیان کۆبووینەوە و پێمان گوتن دەبێت مۆڵەت وەربگرن بۆئەوەی بتوانین چاودێریان بکەین، ئەگەر بەدەم داواکەمانەوە نەیەن ناچاریان دەکەین شوێنەکانیان دابخەن.
دەربارەی داواکاری حکومەت بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی ئەو شوێنانە عومەر گوڵپی ڕایگەیاند دەبێت ئەو شوێنانە لەژێر ڕێنمایی ژمارە 3ی ساڵی 2018 دا مۆڵەتی فەرمی وەربگرن و کارەکانیان لەژێر چاودێری حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بێت. بەپێی ڕێنماییەکەش، سەنتەری ئۆتیزم نابێت ڕووبەرەکەی لە 600 مەتر کەمتربێت، شوێنەکە پاکوخاوێن بێت، ڕووناکی پێویستی تێبکەوێت، ئامێری فێنک کەرەوە و گەرمکەرەوەی پێویستی تێدابێت.
هەر بەپێی ڕێنماییەکان، دەبێت ستافی پسپۆڕ و ڕاهێندراو لەو سەنتەرانە کاربکەن، پزیشکی تایبەتمەند و توێژەری کۆمەڵایەتییان هەبێت، هەموو ئەو کارانەی دەیکەن لەژێر چاودێری و بەپێی ڕێنمایی بێت بۆئەوەی بە هەموومان بتوانن خزمەت بە منداڵانی ئۆتیزم بکەن.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 400 منداڵی ئۆتیزم هەیە، سەنتەرێکی حکومی ئۆتیزمیش هەیە کە توانای وەرگرتنی 70 منداڵی هەیە لە ڕۆژێکدا، ئەو شوێنانەش کە بەناوی سەنتەری ئۆتیزم کاردەکەن پێنج شوێنن و هیچیان مۆڵەتیان نییە.[1]