#تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان#، بەلاغی کۆتایی کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەریی بڵاوکردەوە، کە ڕۆژی #04-10-2019# لە شاری #سلێمانی# بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەدا، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاند بۆ دۆخی سیاسیی، پیێشهات و ڕووداوە سیاسییەکانی #عێراق# و کوردستان و ناوچەکە کراوە، هاوکات دۆخی ڕێکخستنیی و پێگە و هێڵی تێکۆشانی ئازادیخوازیی ڕەۆژەڤی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوون.
لەبارەی دۆخی عێراق ؛ ئەو خۆپیشاندانانەی ماوەی پێنج ڕۆژە ناوەڕاست و باشوری وڵاتیان گرتووەتەوە، تەڤگەری ئازادیی پشتیوانیی لە داواکارییە ڕەواکانی خۆپێشاندەران دەکات بۆ خزمەتگوزاریی گشتی و چاکسازیی و دادپەروەریی لە هەموو بوارەکاندا، لەهەمانکاتدا بەتووندی ئیدانەی تووندوتیژیەکان دەکات بەرامبەر خۆپیشاندەران و داوا لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دەکات هەرچی زووە بەکردەوە وەڵامی داخوازییەکانی گەل بدەنەوە و چیتر نەهامەتی و برینەکان قوڵ نەکەنەوە.
سەبارەت بە دۆخی کەرکوک ؛ ناوچەدابرێندراوەکان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، جەخت لە هەڵوێستی تەڤگەری ئازادیی کراوەتەوە بۆ یەکڕیزیی و یەک لیستیی حیزب و لایەنە کوردستانییەکان سەرەڕای بوونی ڕەخنە لەسەر هەلوێستی هەندێ لایەنی دەسەڵاتخواز بۆ پەراوێز خستن و خۆسەپاندن، ئەوەش دەستنیشانکرا کە تەڤگەری ئازادیی لەپێناو بەرژەوەندی تەواوی پێکهاتەکانی خەڵکی کەرکوک و ناوچەدابرێندراوەکان، بۆ ئارامی و پێکەوەژیان و ڕووبەڕووبوونەوەی زهنییەتی شۆڤێنزم و تەعریب و پارچەگەریی بەردەوامیی بە تێکۆشان دەدات و خاوەن پرۆژەی ئەڵتەرناتیڤ و چارەسەریی.
سەبارەت بە دۆخی باشوری کوردستانیش، ؛لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەو بێ هەڵوێستیی و بێدەنگییەی سەبارەت بە سیاسەتی داگیرکاریی و بۆمبارانی بەردەوامی گوندنشینان لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە لەلایەک و گرتنی ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنووسان و هێشتنەوەیان لەزیندانەکان و بەردەوامیدان بە گەمارۆی سەر کامی پەنابەرانی مەخمور و چەندین پیشێلکاری دیکە و زیادبوونی ڕۆژ بەرۆژی کێشە کۆمەڵاییەتیی و سیاسییەکان و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چاکسازی گشتگیر، کۆمەڵگای باشوری لە دۆخێکی ناجێگیردا هێشتووەتەوە، بۆیە بانگەوازی دەکەین بۆ ئاشتییەکی سەرتاسەریی و بە بنەماگرتنی داخوازییەکانی گەل و سازانی دیموکراتییانە لە ئاستی ناوخۆ و بەشەکانی دیکەی کوردستان و سازدانی کۆنفرانسی نەتەوەیی.[1]