ڤایرۆسی HIV هەڕەشە لە خانمانی ڕۆژهەڵاتی ووڵات دەکات
نەشمیل بە لەچکە ڕەش و مانتۆ سوورەکەیەوە لە بنکەیەکی تەندروستیی
سنەسنە چاوەڕێی وەرگرتنی دەرمانی دژی ڤایرۆسی نەهێشتنی بەرگریی لەش (HIV) دەکات کە هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشیی ئایدزە. نەشمیل ڤایرۆسەکەی لە هاوژینەکەیەوە بۆ گوازراوەتەوە.
ئافرەتە کوردەکە لە ترسی کاردانەوەی کۆمەڵگا ناوێرێ ناوی تەواوی خۆی ئاشکرا بکات، بەڵام لەبارەی سەرەتای زانینی دۆخی تەندروستیی هاوژینەکەیەوە دەڵێ: ئەیلوولی 2009 بوو، ساڵێک بوو ژیانی هاوبەشمان پێکهێنابوو، مێردەکەم تووشی کێشەی گورچیلە بوو، لە کۆتاییدا هەردوو گورچیلەکەی لەدەستدا. من بیرم لە ژیانێکی بەختەوەر لەگەڵ مێردەکەم دەکردەوە، چووزانم ئەو مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنێ و پێشتر بەندیش کراوە.
بەپێی مەزندەکانی 2017ی ڕێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی ئێران، لەو وڵاتەدا 2.8 ملیۆن کەس مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2011دا نزیکەی 1.3 ملیۆن کەس بووە.
مەینەتی نەشمیل هەر بەوە نەبڕاوە. وەک خۆی دەڵێ: دەرکەوت ڤایرۆسی (HIV) هەیە و داوایان لە منیش کرد هەمان پشکنین بکەم، من پێشتر هەندێک نیشانەی ئەو ڤایرۆسەم لە خۆمدا بینیبوو، وەک دابەزینی کێش، ژانە سک و شەکەتی. سەرەتا وامدەزانی ئەوانە نیشانەکانی دووگیانین، بەڵام چەند ڕۆژێک دوای پشکنینەکان زانیم ئەو ڤایرۆسە لە لەشمدا هەیە. ئەو هەواڵە وێرانی کردم.
ڤایرۆسی نەمانی بەرگریی لەش، کە بە (HIV) ناسراوە، ڕێگە بۆ تەشەنەسەندنی نەخۆشییە مەترسیدارەکان و شێرپەنجە خۆشدەکات، ئەگەر تووشبووەکە چارەسەر وەرنەگرێ، ئەوە دەکرێ بۆ ئایدز بگۆڕێ. ئەو ڤایرۆسە لە ڕێگەی شلەکانی لەشەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە.
هاوژینەکەی نەشمیل 10 ساڵ بوو ئەو ڤایرۆسەی لەگەڵ بوو، بەڵام هیچکات بە نەشمیلی نەگوتبوو. نەشمیل دەڵێ کاتێک لێم پرسی بۆچی پێی نەگوتووم، هەر دەگریا و هیچی نەدەگوت. بەو حاڵەشەوە من بڕیارمدا لەگەڵی بمێنمەوە. من قوربانیی دەستی مێردەکەمم. خەسوو و خەزووریشم مامەڵەیەکی زۆر خراپیان لەگەڵ کردم.
ئەو نەخۆشییە درێژخایەنە پێویستی بە چارەسەری وردە، بەڵام هاوژینەکەی لە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بەردەوام بوو، هەتا دواجار گیانی لەسەر دانا و نەشمیل گەڕایەوە ناو باوەشی ساردوسڕی ماڵی باوکی.
نەشمیل لەبارەی کاردانەوەی ماڵی باوکی دەڵێت: پێموابوو ماڵی باوکم بە باشی مامەڵەم لەگەڵ دەکەن و یارمەتیم دەدەن بەسەر ئەو ڤایرۆسەدا زاڵ بم. هەر کە زانییان ئەو نەخۆشییەم لەگەڵە، پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ مندا ڕاگرت و بگرە بۆ ماوەی یەک ساڵ تەلەفۆنێکیان بۆ نەکردم.
لەو کاتەدا چاوی نەشمیل پڕ بوو لە فرمێسک: ئەگەر دایکم زیندووبووایە، هەرگیز پشتی تێنەدەکردم. ئەوان هەقی خۆیانە بترسن لەوەی نەخۆشییەکە لە منەوە بۆ ئەوانیش بگوازرێتەوە.
ساڵێک دوای مەرگی هاوژینەکەی، خێزانەکەی ڕازیبوون نەشمیل وەربگرنەوە، بەڵام لە ژوورێکی جیادا دایاننابوو، بێ ئەوەی ڕێگەی تێکەڵاوی لەگەڵ هیچ کەسێکی پێبدەن. وەک خۆی دەگێڕێتەوە خێزانەکەم ڕێگەی چوونە مەتبەخ و ژوورەکانی دیکەیان پێنەدەدام، جلەکانیان لەگەڵ من جیاکردەوە.
دوای شەش مانگ، نەشمیل بڕیاری دا بچێتە سەنتەری ڕاوێژکاریی نەخۆشییە گوازراوەکان و لەوێ چاوی بە پیاوێک کەوت کە وەک خۆی ڤایرۆسی (HIV) هەبوو، پیاوەکە دڵی نەشمیلی برد، بەڵام ئەوجارەش بەخت یاوەری نەبوو.
نەشمیل گوتی: هەشت ساڵ لەمەوبەر، لە ڕێگەی ئەم سەنتەرەوە پیاوێکی تووشبووی ئەو ڤایرۆسەم ناسی. سەرەتا بەڕاستی کەوتە بەر دڵم و پێموابوو دەتوانین پێکەوە ژیانێکی خۆش بژین. بەداخەوە ئەویش تووشی مادەی هۆشبەر بووە و هەوڵی جیابوونەوە دەدەین. هەمیشە شەڕێک بەرۆکی ژیانم دەگرێ.
نەشمیل ڕۆژانە دوو حەب دەخوات بۆ ئەوەی نیشانەکانی نەخۆشییەکەی پێوە دیار نەبن و تووشی بێڕێزی نەبێت. بەگوتەی خۆی ڕۆژێک چووەتە نەخۆشخانە، بەڵام کاتێک زانیویانە ئەو ڤایرۆسەی لەگەڵە، دەریانکردووە. سەرەڕای هەموو ئەوانەش نەشمیل بڕیاری داوە کۆڵ نەدات.
ئافرەتە تەمەن 39 ساڵەکە دەڵێ: دوای مەرگی مێردی یەکەمم خووم دایە چنین و دوورینی جانتا. حەزم لەو جۆرە شتانەیە. سەرەتا کاتێک نەخۆشییەکەم لێدەرکەوت، هەندێک جار دەمگوت باشترە بمرم، بەڵام مرۆڤ نابێ ئاوا بە ئاسانی واز لە ژیان بهێنێ.
بە گوتەی د.بینایی کە لە سەنتەرێکی چارەسەری لە شاری سنە کار دەکات، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پارێزگای
کرماشانکرماشان بە 3610 حاڵەتی پۆزەتیڤ بەرزترین پلەی گرتووە، کە 30 حاڵەتیان ئافرەتن. سنە بە 584 حاڵەت لە پلەی دووەم دێ کە 60 حاڵەتیان ئافرەتن. ئێستا تەنیا 287 نەخۆش لە سەنتەری ڕاوێژکاریی سنە دەرمان وەردەگرن. لە کەیسەکانی پارێزگای سنە ژمارەیەکی زۆریان مردوون. زۆربەی تووشبووانی ئەو ڤایرۆسە تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 24 ساڵە، زۆربەی ئافرەتەکانیش نەخۆشییەکەیان لە مێردەکانیانەوە بۆ گوازراوەتەوە.
66 هەزار ئێرانی (HIV)یان هەیە
راپۆرتێکی 2013ی کەرتی تەندروستیی ئێران مەزندەی ئەوە دەکات کە زیاتر لە 100 هەزار تووشبووی ڤایرۆسی (HIV) لە ئێران هەبن. د.کامیار عەلایی، پزیشکی کورد کە لە زانکۆی هارڤاردی ئەمریکا خوێندوویەتی و لە توێژینەوەکانی ئەو ڤایرۆسەدا پێشەنگە، دەڵێت 70%ی تووشبووان نازانن ڤایرۆسەکە لە لەشیاندا هەیە.
یەکەم کەیسی ڤایرۆسی (HIV)لە ئێران لە ساڵی 1987 تۆمارکراوە. بە گوتەی د.بینایی دواتر ئەو نەخۆشییە لە نێوان ئاڵوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان ژمارەی بەرزبووەوە و ئێستا 66 هەزار حاڵەتی تووشبوون بەو ڤایرۆسە لە ئێران هەن.
[1]