تورکیا 150 هەزار دار زەیتوونی لەناو بردووە
بەنزیکەی 20 ملیۆن دار زەیتوون لەشاری
عەفرینعەفریندا هەیە، کە موڵکدارێتی دەگەڕێتەوە بۆ خەڵکی ڕەسەنی شارەکە کە کوردن، بەپێی ئامارەکانی شارەزایانی ئابووری و ئەندازیارانی کشتوکاڵی، بەرهەمی ساڵانەی دەگاتە 270 هەزار تەن زەیتون، نزیکەی 55 هەزار تەن ڕۆنی زەیتوونی لێ بەرهەم دەهێنرێت.
بەپێی ئامارەکان، ڕێژەی ڕواندنی داری زەیتون لەشاری عەفرین لە 20%ی کۆی زەیتونی هەموو سوریایە، لەئاستی وڵاتی سوریاش شاری عەفرین یەکەمە، بەراورد به و ڕووبەرە پچووکە، دار زەیتوونێکی زۆر له و شارەدا بوونی هەیە، بەڵام لەگەڵ دەستبەسەراگرتنی شارەکە لەلایەن سوپای تورکیاو چەکدارە هاوپەیمانەکانییەوە، دۆخی جوتیارەکانی شاری عەفرین و ناوچەکە بەتەواوی پێچەوانە بۆتەوە، بەشێکی زۆری جوتیارەکان بەهۆی ئه و هەلومەرجە نەخوازراوه و هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا، شارەکەیان بەجێهێشتووه و ئاوارە بوون.
پەیوەست بەم بابەتە، چەلەنگ عومەر، شارەزا لە ئابووری لەسوریا، ڕایگەیاند: جوتیارەکان زیانێکی زۆریان لە بەرهەمی زەیتون کردوە، فرۆشی بەرهەمی ڕۆنی زەیتون کە هی خەڵکی ڕەسەنی شارەکەن، لەساڵی ڕابردوودا گەیشتە 150 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، بەڵام له و بڕە پارەیە تەنها 50 ملیۆن دۆلار گەیشتۆتە دەست خاوەنەکانیان.
چەلەنگ ڕاشیگەیاندوە: لە وەرزی ڕنینەوەی زەیتوون، سوپای تورکیاو چەکدارە هاوپەیمانەکانی 100 ملیۆن دۆلاریان دەستکەوتووە، ئه و میلیشیا چەکدارانە له و وەرزەدا جوتیارەکان ناچار دەکەن کە بەنرخێکی هەرزان بەرهەمەکانیان بفرۆشن، بۆ نموونە: تەنەیەک زەیتون کە 16 کیلۆگرامی تێدایە، بە 20 دۆلار بە بازرگانەکانی نزیک لەخۆیان فرۆشراوە، بەڵام لەبازاڕەکاندا نرخەکەی بە 60 دۆلار دەفرۆشرێت.
شارەزا ئابوورییەکەی سوریا ئاماژە بەوەشدەکات، سوپای تورکیاو میلیشیا هاوپەیمانەکانیان، چەندین ڕێگای تریان گرۆتە بەر لەدژی جوتیارانی ناوچەکە، وەک سەپاندنی باج، دەستگرتن بەسەر ئه و دار زەیتوونانەی کە خاوەنەکانیان ئاوارە بوون و لە شوێن و ماڵی خۆیان هەڵکەنراون.
تەنانەت میلیشیا چەکدارەکان بەشێوەیەکی تر دزی لەجوتیاران دەکەن، بەزۆر دەبن بەهاوبەشی جوتیارەکان، بەمە نیوەی داهاتی فرۆشی بەرهەمەکانیان بۆ خۆیان دەدزن.
بەپێی لێدوانی چەلەنگ شارەزای ئابووری، 295 ئامێری گوشینی زەیتون لە شاری عەفرین و دەوروبەری هەیە، نرخی هەندێکیان دەگاتە 200 هەزار دۆلار، جوتیارەکان ناچار بوون کە نیوەی داهاتی فرۆشی بەرهەمەکانیان بدەن بە میلیشیا چەکدارەکان، نەوەک ئامێرەکانیان لەلایەن ئه و چەکدارانەوە بدزرێن و زیانی گەورەیان لێ بکەوێت، چونکە پێشتر ئه و ئامێرانە لەچەند شوێنێک تاڵان کرابوون.
بێجگە له و زیانانە، چەکدارەکان دار زەیتوونەکان دەبڕنەوە و بەکاری دەهێنن بۆ خۆ گەرم کردنەوە.
بەپێی خەمڵاندنی دەستەی باڵای کشتوکاڵ لە ڕۆژئاوا، ژمارەی ئه و دار زەیتوونانەی لەلایەن ئه و گروپ و میلیشیا چەکدارانەوە بڕاونەتەوە گەیشتۆتە 150 هەزار دار زەیتوون.
خاوەنی دار زەیتوونەکان دەگێڕنەوە: چەکدارەکان بەچەند شێوەیەک باجیان خستۆتە سەرمان، سەرانە، باجی چوونە ژوورەوە بۆ ناو بێستانەکانمان، باجی گواستنەوەی بەرهەمەکانمان و گەیاندنیان بۆ ئامێرەکانی گووشین، دواجار باجی فرۆشتنی بەرهەمەکانمان لە ڕۆنی زەیتوون.
خاوەن دار زەیتوونەکان ڕایانگەیاندوە، چەکدارەکان ڕێگەنادەن بەرهەمەکانیان لە ڕۆنی زەیتوون هەناردەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەده و حکومەتی سوریا بکەین، تەنها دەیانەوێت مامەڵە لەگەڵ ئه و بازرگانانە بکەین کە سەر بەوڵاتی تورکیان، ئه و بازرگانانە بەرهەمەکانیان لەرێگەی دەروازەی سنووریی هاوسنوور لەگەڵ شاری عەفرین کە بە (دەروازەی چڵە زەیتوون) ناسراوە بۆ تورکیا دەگوازنەوە.
کاتێکیش جوتیارەکان بیانەوێت ڕۆنی زەیتوون هەناردەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی
هەسەدەهەسەدە یان حکومەتی سوریا بکەن، ناچار دەکرێن بەپێدانی باج بە چەکدارەکان.
لەماوەی ڕابردوودا، لەناو پەرلەمانی تورکیادا، بەرپرسانی حکومەتی تورکیا دانیان بەوەدا ناوە کە دەستیان گرتووە بەسەر بەرهەمی ڕۆنی زەیتوونی جوتیارەکانی شاری عەفریندا.
ئۆناڵ تشیفکیوز جێگری سەرۆکی حزبی گەلی کۆماری تورکیای ئۆپۆزسیۆن ڕایگەیاندبوو، میلیشیاو چەکدارەکانی هاوپەیمانی تورکیا کاری دزینی ڕۆنی زەیتوونی ناوچەکانی شاری عەفرینیان ئەنجامداوە، بەرێگەیەکی ناشەرعی گواستیویانەتەوە بۆ تورکیا، پەرلەمانتارێکی سەر بەحزبی دادپەروەری و گەشەسەندن ئەوەی نەشاردۆتەوه و بەکارێکی ڕەوای زانیوە بۆ وڵاتەکەی.
ساڵێک زیاترە کە تورکیا دەستیکردوە بەهەناردەکردنی ڕۆنی زەیتوونی دزراوی سوریا بۆ ئەوروپا، بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەیەکی ئیسپانی، تورکیا بڕوانامەی شوێنی بەرهەم هێنانی ڕۆنەکەیان ساختە کردوە، ڕۆژنامەکە ئاماژەشی داوە بەوەی کە تورکیا لەهەناردە کردنی زەیتوون تەنها بۆ وڵاتی ئیسپانیا نزیکەی 19 ملیۆن یۆرۆی دەستکەوتووە.
[1]