کامکاران بە ناوی ئەسڵی و ڕاستی (سووری) بنەماڵەیەکی کوردن پێک هاتوو لە حەفت برا و خوێشکێک کە لە بەناوبانگترین و پێشرەوترین تیپەکانی مۆسیقان لە کوردستان و لە ئێرانیشدا. کۆی بەرهەمەکانیان هەم گۆرانی کوردی لە خۆی گرتووە و هەم مۆسیقای سوننەتی فارسی کە بە مێلۆدییەکی زۆر جوان و بە ڕیتمێکی پڕ ووزەوە لێدراون. گۆرانییە کوردییەکانیان دەوڵەمەندانە جۆراوجۆرن و بە قووڵی ڕیشەیان وا لە مێژووی کۆن و فەرهەنگی نەتەوە سەرفەراز و پڕهەستەکەیان. باس لە چیرۆکە حیماسییەکان و جەنگەکان و عێشقە ڕۆمانتیکەکان دەکەن و چیرۆکی پاڵەوانانی نەتەوەیی و ئایینی دەگێڕنەوە کە هەندێکیان دەگەڕنەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، بۆ سەردەمی مادەکان.
ناوی ئەسڵی و ڕاستی ئەم بنەماڵەیە (سووری) یە کە میرزا حەسەن سووری ناوی خۆی لە سووری ڕا گۆڕی بۆ کامکار.
کامکارەکان لە سەرانسەری جیهاندا کۆنسێرتیان پێشکەش کردووە. یەکێک لەوانە لە مەراسیمی پێشکەش کردنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل بووە بە شیرین عیبادی لە سالی 2003 دا.
میژووی تیپەکە:
کامکاران، بۆ ئەوەڵ جار، ساڵی 1344 ک. ە بەرامبەر ساڵی 1965 زاینی لە
سنەسنە دا وەکوو تیپێکی بنەماڵەیی دەرکەوتن و گەلێک بەرنامەی جۆربەجۆریان لە باشگای ئەفسەران، مەدرەسەکان و تالارەکانی شاری سنە دا پێشکەش کرد. سەرپەرشتی ئەو تیپە سەرەتاییە مامۆستا حەسەن سووری (باوکی بنەماڵە) بوو و بۆ خۆی بە ڤیۆڵۆن بەشداری دەکرد. دیکەی ئەندامان بریتی بوون لە: هۆشەنگ (ئاکاردیۆن)، بیژەن (گۆرانیبێژ)، پەشەنگ (سەنتوور)، قەشەنگ (گۆرانیبێژ و ڤیۆڵۆن) و ئەرژەنگ (دومەک).
ساڵی 1969 کە مناڵەکانی بنەماڵە تۆزێک گەورەتر بوون، تیپەکەیشیان پتەوتر و یەکانگیرتر بوو و کۆنسێرتگەلێکیان لە هەندێک لە شارەکانی کوردستان وەکوو
ورمێورمێ بەڕێوە برد.
پاش ساڵی 1971، هەندێک لە ئەندامانی بنەماڵە، لەوانە هۆشەنگ، بیژەن و ئەرسەلان، بۆ فێربوونی زانستییانەی مۆسیقا چوون بۆ تاران و لە زانکۆی هونەرە جوانەکانی ئەوێ دا دەستیان بە خوێندن کرد (لەو سەردەمە دا، ئەرژەنگ نیگارکێشیی دەخوێند). دوای ماوەیێک، کامکاران لەگەڵ موحەممەد ڕەزا لوتفی، حسەین عەلیزادە، پەرویز مشکاتیان و چەند کەسێکی تر، دوو تیپی مۆسیقای شەیدا و عارفیان دەمەزراند. ئێستاکە ئەم دوو تیپە لە ناودارترین تیپەکانی مۆسیقای سوننەتیی ئێرانین و لەگەڵ شەجەریان و شارام نازری دا هاوکاریان بووە.
یەکەم کۆنسێرتەکانی ئەم بنەماڵەیە بە ناوی تیپی کامکاران ەوە، لە سەرەتای سەردەمی پاش ئینقلابی ئێران، لە وەرزشگای ئازادی و تالاری وەحدەت لە تاران دا بەڕیوەچوو کە پێکهاتبوو لە سێ بەشی سەرەکی: مۆسیقای فارسی، تاکەژەنیی سەنتوور لە لایەن ئەردەوانەوە و مۆسیقای کوردی.
لە ساڵی 1989 ک. ە ئومێد لوتفیش، کوڕی قەشەنگ و موحەممەد ڕەزا لوتفی، کە تاری دەژەنی، هاتە ناو تیپەکەوە.
کامکاران، لەم کۆنسێرتگەلی دواییەی خۆیان دا، هەندێک لە لاوانی بەهرەداریان لەگەڵ خۆیان هاوڕێ کردووە.
[1]