نووسینی: شاسوار کەمال مەحمود
بابەت: پەروەردەیی
چاپی یەکەم 2018
چاپخانەی شەهاب – هەولێر
لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەڕتووکخانە گشتییەکان ژمارە سپاردنی 991 ساڵی 2018ی دراوەتێ
دەربارەی ئەم نامیلکەیە
ئەم باسەی بەردەستتان توێژینەوەیەکی تیۆری و ناساندنێکی گشتگیری زانستییە دەربارەی تەقیمکردن کە بە بەشێکی دانەبڕاوی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن دادەنرێت لەسەرتاسەری جیهاندا. ئامانج لە نووسینی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە ئاشناکردنی مامۆستایان و پەروەردەکارانی هەرێمی کوردستان دەربارەی پڕۆسەی تەقیمکردنی قوتابیان، تا ببێتە هاوکارێک بۆیان لەکاتی ڕاپەڕاندنی کارەکانیان و وتنەوەی وانەکانیاندا.
هەبوونی تێگەیشتنی ڕاست و درووست دەربارەی هەر بوار و لایەنێکی پەروەردە و فێرکردن دەبێتە هۆی ئەوەی کارەکان بە درووستی بەڕێوە ببرێن و هاوکات وزەیەکی زۆریش دەگەڕێتەوە بۆ هەمووان لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا، بەپێچەوانەوە نەزانینی ڕاستی و درووستی هەر بوار و بابەتێکی پەروەردەیی دەبێتە هۆی نەهێنانەدی ئامانجەکان و بەهەدەردانی توانا و کات و پارەی لایەنە پەیوەندیدارەکان. هەربۆیە توێژینەوە لەم بابەتە لە ئێستادا گرنگی بەرچاوی خۆی هەیە.
سنووری باسەکەمان بریتی دەبێت لە:
1. ناسینی هەندێک چەمک و زاراوەی گرنگ.
2. تێگەیشتن لە تەقیمکردن.
3. بۆچی تەقیمکردن ئەنجام دەدەین؟
4. چ کاتێک تەقیمکردن کاریگەر دەبێت؟
5. جۆرەکانی تەقیمکردن.
6. کۆتایی. [1]