نووسینی: ئارام ڕەفعەت
=KTML_Bold=دەزانیت ئەو مۆرە بچکۆلەیە چییە؟=KTML_End=
مۆرەکە پاشماوەی پێکوتە (ڤاکسین)ێکە. ڕەنگە، ئەگەر یاداوەریت بەهێز بێت، ڕۆژەکەی و ئازار کوتانەکەیشت، بەڵام ڕەنگە ئەوسا و ئێستاش بایەخت بەوە نەدابێت کە یەکێک لەو پێکوتانە بۆ بەرگری جەستەیە لە دژی نەخۆشی سیل.
=KTML_Bold=ئایا دەزانی؟=KTML_End=
ئەم ڤاکسینە یەکێکە لە بەرهەمە ناراستەوخۆکانی بڕیارێکی مەزن، یان باشتر وایە بڵێم وەرچەرخانێکی مەزن لە دیدگای بەشێک لە پێشەنگی نوخبەی خوێندەوارە ئەوروپیەکانی سەدەی 14.
=KTML_Bold=بڕیارەکە چی بوو؟=KTML_End=
لەو سەدەیەدا نوخبەی خوێندەواری ئەوروپی گەییشتنە ئەو قەناعەتەی کە بۆ تێگەییشتن لە جیهان، لە ڕوداوە سروشتییەکان، لە نەخۆشییە درمەکان و سەرەنجام لە هەموو تاوپۆیەکانی ژیان بگەڕێتەوە بۆ زانست و زانیاری و فەلسەفە و ئەقڵانییەت. کە ئەمەش لەمێژوودا بە قۆناغی ڕێنسانس (یان بوژانەوە) ناسراوە و تا کۆتایی سەدەی 16 و سەرەتای سەدەی 17 بەردەوام بوو.
=KTML_Bold=لەسەدەی 14 چی ڕویدا؟=KTML_End=
سەدەی چواردە یەکێکە لە سەدە هەرە ڕەش و تاریکەکانی مرۆڤایەتی. لەم سەدەیەدا تاعونی ڕەش لە چیندا سەری هەڵدا و لە ڕێگای ڕێگای ئاوریشمی بازرگانیی، کە چینی بە ئەوروپاوە دەبەستەوە، گەیشتە ئەوروپا و لە 60%ی دانیشوتانی ئەوروپای لەناو برد.
=KTML_Bold=تاعون چ پەیوەندییەکی بە ڕێنسانسەوە هەیە؟=KTML_End=
تا سەدەی 14ش کەنیسە و ئایینی مەسیح و پیاوانی ئایینی سەرچاوە و چوارچێوەی هەموو زانییاری و لێکدانەوە و تێگەیییشتنەکانی مرۆڤ بوون. دین بۆ هەموو کێشەکانی سەردەم وەڵامی هەبوو و پیاوانی ئایینی مەسیحیش دانا و زانا و سەرچاوەی هەموو زانییارییەکان بوون.
=KTML_Bold=وەڵامی کەنیسە و پیاوانی ئایینی بۆ تاعون چی بوو؟=KTML_End=
وەک بۆ هەموو ڕووداو و دیاردەکانی تر، بۆ تاعونیش، کەنیسە و پیاوانی ئایینی مەسیحی وەڵام و تێگەییشتنی خۆییان هەبوو کە وەڵام و تێگەییشتنی ڕاست و ڕەها بوون لە کتێبی پیرۆزدا سەرچاوەیان گرتبوو. وەڵامی کەنیسە و پیاوەکانی بۆ تاعونی ڕەش ئەوەبوو کە ئەوە غەزەبی خوایە بۆ مرۆڤەکان هاتووە. ئەوان دەیانگوت خودا بۆیە تاعونی ناردووە چونکە مرۆڤ نقومی تاوان بووە و لە خواپەرەستی و دین دوورکەوتوونەتەوە، چارەسەرییش گەرانەوە و پابەندبوونی زیاترە بە دینەوە.
=KTML_Bold=سەرەنجام؟=KTML_End=
گەڕانەوە و تۆبە دادی خەڵکەکەی نەدا. تاعون تەڕ و وشک، پیر و گەنج، هەژار و دەوڵەمەند، ئیماندار و کافر، قەشە و زانستخوازی بەیەکەوە ڕادەماڵی. وای لێهات، خەریک بوو نە قەشەکان بمێنن تا داوای تۆبە لەخەڵک بکەن و نەخەڵکیش بمێنێت بۆ ئەوەی گوێ لە قەشەکان بگرن و تۆبە بکەن. بەڵی تاعون بەجارێک 60%ی خەڵکی ئەوروپای کوشت مرۆڤ لەو کیشوەرە بەرەو قڕبوون دەرۆییشت.
هەنگاوەکە لێرەوە دەستی پێکرد
بەشێک لە نوخبەی بیرمەند و خوێندەواری ئەوسەردەمی ئەوروپا، هەڵبەت ئەوانەی لە تاعون ڕزگارییان بووبوو، لەوە تێگەییشتن کە چیتر کتێب و دەقە پیرۆزەکان نەک هەر ناتوانن وەڵامی هەموو کێشەکانی مرۆڤ بدەنەوە، بەڵکو لەبەردەم پەتایەکی وەکوو تاعوون دەیان نەخۆشی و کێشەی تری ئەو سەردەمە دەستەوەستان و بێ وەڵامە. لێرەوە بڕیارییان دا لەدەرەوەی کەنیسە و دەقە ئایینییەکان ڕامان بۆ ژیان و کێشە و نهێنییەکانی بکەن. یەکەم دەسکەوتی ئەم بڕیارە مەزنەی بیرمەندە ئەوروپییەکان بەدەست هێنانی مافی ئازادی لە بیرکردنەوە بوو. لەم قۆناغی ڕێنسانسەدا و لەمەودا دوو تا سێ سەدە دا، قوتابخانە فکری و زانستییەکان لەهەموو بوارەکانی هونەر، کەلتور، زانست، فەلسەفە سیاسەت، تەکنەلۆژی، زانستە لاهوتییەکان، ئابووری هتد لەو سەردەمەوە دامەزران.
=KTML_Bold=گەییشتن بەرۆشنگەریێی=KTML_End=
سەدە لە ڕێنسانس وایکرد کە لەهەموو بوارەکانی ژیاندا هێندە زانست و مەعریفە کەڵەکە ببن، کە مرۆڤایەتی، یان ڕاستتر بڵێم، ئەوروپییەکانی هێندە پێشخست کە بتوانن قۆناغێکی تازە یان سەردەمێکی تازە دەستپێبکەن. قۆناغی تازەش بەسەردەمی ڕۆشنگەری ناسراوە و لەسەدەی 17 وە دەست پێدەکات. سەردەمی ڕۆشنگەری لەسەر سێ پایە دادەمەزرێت، زانست، بیرکاری و تەکنەلۆژی. جگە لەوە هەموو بوارەکانی تریش لەوانەش دین و فەلسەفەوە ئەقڵانییەت و مافەکانی مرۆڤ دەبنە بابەتی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ.
=KTML_Bold=غەزەبی خوا بەکتریا دەرچوو=KTML_End=
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە زانست لەئەوروپا بەرادیەک گەشەی کرد کە دەیتوانی دیراسەی بەکتریا و ڤایرۆسەکان بکات پۆلێنیان بکات و کۆنترۆلیشیان بکات. زاناکانی ئەو سەردەمە گەییشتنە ئەو دەرەنجامەی کە ئەو تاعونەی کە پیاوانی ئایینی لە سەدەی 14ی ئەوروپا وەک غەزەبی خوا دەیانناساند بەکترییایەکە بەناوی یەرسینیا بیستیس. هەر لەو سەدەیەدا و لە ساڵی 1895 هەمان زانا ئەوروپییەکان توانییان هەنگاوی یەکەم بەرەو دۆزینەوەی ڤاکسینی دژە تاعون هەڵبێنن و بتوانن بۆ هەمیشە مرۆڤایەتی لەم پەتا کوشندەیە ڕزگار بکەن.
گەورەیی ئەو داهێنانەی ئەوسای زانا ئەوروپییەکان باشتر دەردەکەوێت ئەگەر ئەوە بزانین کە پەتای تاعون لە سێ قۆناغی مێژووی جیاوازدا زیاتر لە 200 ملیۆن مرۆڤی کوشت. قۆناغی یەکەم لە سەدەی شەشی زایینیدا بوو. لەو سەدەیەدا تەنها لە ئەوروپا زیاتر لە 25 ملیۆن کەس، کە دەیکردە نیوەی زیاتری دانیشتوانی ئەورپای کوشت. لە قۆناغی دووەمیشدا، واتە لە سەدەی 14 دا دیسان تاعون لە 60%ی دانیشوتانی ئەوروپای کوشت. قۆناغی سێیەم لە سەدەی نۆزدە دا بوو کە ڕێژەیەکی گەورەی دانیشتوانی ئاسیا و ئەمریکای کوشت. لە قۆناغی سێیەمدا ئەوروپا لەسایەی گەشەی زانست کەمترین زیانی بەرکەوت.
=KTML_Bold=بابگەڕێینەوە مۆرەکەی سەر شانی چەپت=KTML_End=
بەرهەمی ڕێنسانس و ڕۆشنگەری بەتەنها پەتای دژە تاعوون نەبوو، بەڵکو هەموو ئەو زانستو زانییاری و تەکنەلۆژییایەی کە لەبەردەستماندایە بەرهەمی دەرچونی مرۆڤ بوو لە دەقە دینییەکان و لەو قاڵبەی کە پیاوانی ئایینی دایانرشتبوو وەرچەرخانییان بوو بۆ زانست و زانیاری. هەموو ئەو دەسکەوتە خەیاڵییانەی مرۆڤایەتی لەهەموو بوارەکاندا و لەوانەش لە زانستە پزیشکییەکان و بەو مۆرەی سەر شانی تۆشەوە، بەرهەمی ئەو دەرچوون و وەرچەرخانەن.
تاعون بووە هۆی گۆڕینی مرۆڤایەتی
ئەم تەقینەوە و فراوانبوون و کەڵەکە بوونەی زانست وزانیاری دوای سەردەمەکانی ڕێنسانس و ڕۆشەنگەری ئەگەر لەلایەکەوە بووبێتە هۆی باڵادەستی ئەوروپی و ڕۆژاواییەکان لەسەر ئاستی جیهاندا و سەرەنجام داگیرکردن و کۆلۆنیالیزەکردنی وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریک و ئوسترالیا، ئەوا لەلایەکی ترەوە بۆتە هۆی گەشەکردنی شارستانییەت و زیادکردنی بێوێنەی ژمارەی دانیشتوان و کەمکردنەوەی بەرچاوی ڕێژەی مردن بەهۆی پەتا درمەکانی وەک سیل و تاعون و ئەنفلۆنزا جۆراوجۆرەکان.
=KTML_Bold=هەموومان سودمەندی ڕێنسانسین=KTML_End=
یەک نموونەی سادە ڕەنگە بەس بێت بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی چەندە قەرزاری ئەو یەکەم هەنگاوەیە کە نوخبەی خوێندەواری ئەورووپی لە سەدەی 14 ی دوای پەتای تاعوون گرتیانە بەر. لە ساڵی 1885دا، سەرجەم دانیشوتانی سنووری ئیمراتۆرییەتی عوسمانی لەدەوری 20 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرا. تەبعەن لەو سەردەمەدا، عوسمانییەکان جگە لەتورکیا و بەشێکی بەرچاوی کوردستان، زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکانیشیان لەبەردەست دابوو. ئێستا و دوای 135 ساڵ تەنها دانیشتوانی تورکیا لە دەوری 80 ملیۆن کەسە کە دەکاتە چوار بەرابەری کۆی ژمارەی دانیشتوانی تورکیای سەردەمی عوسمانی و سەرجەم ئەو وڵاتانەی کەلەو سەردەمەدا لەژێردەستی تورکە عوسمانییەکاندا بوون. بێ ئەو هەنگاوە مەزنەی کە نوخبەی خوێندەواری ئەوروپی دوای تاعون گرتیانە بەر ئەم گەشەکردنە مەزن و خەیاڵییەی ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی و ئەو شێواز وکواڵەتییە بەرزەی ژیان و سەرەنجام هەموو ئەو زانست و تەکنەلۆژیایە مەحاڵ بوو.
=KTML_Bold=پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا کۆرۆناش هەمان ڕۆڵی تاعون دەبینێت؟=KTML_End=
چاوەروان دەکرێت کۆڕۆناش هەمان ڕۆڵ ببینێت لە گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ زانست و زانیاری کە تاعون بینی، چونکە هاوشێوەی تاعون، کۆرۆناش شۆکێکی گەورەی خستۆتە جەستە و ڕۆحی مرۆڤایەتییەوە.
رەنگە چەمکی گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ زانست جۆرێک ناتەواو یان گاڵتە ئامێز بێتە بەرچاو، بەتایبەت کە ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین کە لەسایەی زانستدا بەجۆرێکی خەیاڵئامێز سەرتاپای ژیانی مرۆڤایەتی بەتەواوی فۆرم و شێوازێکی وەرگرتووە کە نەک سەدەیەک پێش ئێستا، بەڵکو چارەگە سەدەیەکیش پێش ئێستا لەخەیاڵی مرۆڤدا نەبوون. زانست لەهەموو بوارەکانت لەئەوج و لوتکەی گەشە و داهێنانی خۆیدایە. بەڵام ئەوەی کە مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ زانست، زیاتر مەبەست گەڕانەوەیە بۆ ئەو زانستانەی کە هاوکارە بۆ باڵاکردنی زیاتری مرۆڤ نەک بۆ باڵادەست کردنی گروپێکی مرۆڤ بەسە گروپێکی تردا. ئەمەش کاتێک ڕوودەدات ئەگەر کۆڕۆنا هاوکار بێت لە دەرهێنانی زانست لەژێر هەژموونی دەوڵەت و کۆمپانییا زەبەلاحە ئیستیسماری و قازانج خوازیەکان. ئەگەر کۆرۆنا و شۆکی کٶرۆنا هاوکار بن لە دروستکردنی بالانسێک لەو بوارەدا، ئەوا کۆرۆناش ڕۆڵێکی هاوشیوەی ڕۆڵی تاعونی سەدەی 14 دەبینێت.[1]