ئیزنیڤا رەشید
ئیزنیڤا رەشید (
Eznîva ReşîdEznîva Reşîd) یەکەمین ژنە بێژەری ڕادیۆی کوردی بوو لە شاری یەریڤانی ووڵاتی ئەرمینیا (Radyoya Êrîvanê). کە بۆ ماوەی 27 ساڵ بێ ووچان کاری بۆ ئەو رادیۆیە کرد و بە دەنگە پر سۆزەکەی گوێی کوردانی ئەرمینیاو ووڵاتانی یەکێتی سۆڤێتی ئەوکاتی ئاشنا کرد بە کەلتورەکەی لە ریگای چەند بەرنامە و دیمانەیەکی جیاوازەوە. ئێزنیڤا بەدایکی رادیۆی کوردی ئەرمینیا ناودەبرێت.
ئیزنیڤا رەشید 18-05-1926 لە گوندی چاموشڤان لە ئەرمەنستان لە دایکبووە و خوێندنی سەرەتایی لەهەمان گووند تەواو کردووە. لە ساڵی 1955 رادیۆی یەریڤان دەکرێتەوە هەر لەوکاتەوە ئیزنیڤا دەست بە کاری بێژەری دەکات هەتا ساڵی 1982.
ئیزنیڤا رەشید، هاوسەرگیری لەگەڵ نووسەر، بێژەر و بەرێوەبەری رادیۆی کوردی یەریڤان خەلیل چاچان (
Xelîlê ÇaçanXelîlê Çaçan) کردووەو هەر ئەو کاتە یەکەمین بیژەری ژن بووە لە رادیوی کوردی لە شاری یەریڤانی وولاتی ئەرمینیا. ئیزنیڤا یەکێکە لەو ژنە کوردانەی هەوڵی بڵاو کردنەوەی نوسین و ناساندنی زمانی کوردی داوە لە رێگای بەرنامەو دەنگەبە سۆزەکەیەوە لە ماوەی 27 سالی کار کردنیدا.
لە پال کارکردنی وەک بێژەر نووسینی و وتارەکانیشی لە گۆڤاری رۆژی نوێ (roja nu) ی بڵاو دەکردەوە.
لە پاش خۆی سێ مناڵی بە ناوەکانی سەردار، گوڵنار و ڤایود جێ هێشتووە هەریەک لەوان لە هەمان رادیۆ دەست بەکار بوون بۆ ماوەیەک.
[1]