مامۆستا نوری حاجی ئەمین ناسراو بە نوری وەشتی ساڵی 1932 لە گەڕەکی کانێسکانی شاری #سلێمانی# لەدایک بووە. کەسایەتییەکی دیارو ناوداری کوردستانە و جێدەستی خۆی لە هونەر و ئەدەبی کوردیدا بەجێ هێشتووە و بووەتە ئەستێرەیەکی گەشی درەوشاوەی نیشتمان.
نوری وەشتی وەک نووسەر و وەرگێڕو هەندێک جاریش وەک دەرهێنەر خزمەتی کاری هونەری شانۆیی کردووە وبایەخێکی زۆری بە هونەر و شانۆو چیرۆک و هەڵبەست و پەخشان داوە و ڕۆڵی دیاری لە چەندین تەمسیلی و شانۆدا بینیوە، لەوانە:
کێچ ساڵی 1970 نووسینی نوری وەشتی، پاشان لە چەندین تەمسیلی و شانۆیی تری وەکوو تاوانێک لە ئاسمانەوە، تێکۆشانی ڕەنجبەران، پیسکەی تەڕ پیر، بلیت و زاوا، چەندانی تر.
لە بواری ئەدەب و هەڵبەستیشدا هەر لە تەمەنیکی زووی لاوێتیدا ئارەزووی نووسینی چیرۆک و هەڵبەستی لا درووست بووە و هەستی نەتەوایەتی هەڵبەستە نیشتمانییەکانی ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گەل و هاندەرێکیش بووە بۆ بەگژداچوونەوەی دوژمن. لەوانە:
هەڵبەستی شەهیدان، بە بۆنەی شەهیدانی 09-07-1963 وە نووسیوە و هونەرمەند ڕەفیق چالاک بەدەنگە زوڵاڵەکەی چڕیوێتی.
نووری وەشتی وەک مەشخەڵێکی درەوشاوەی سەر ڕێبازی کوردایەتی کەسێکی کوردپەروەر بووە و لەسەر هەڵوێستە نیشتمانییەکانی دوو ساڵ لەگەڵ هاوڕێی دێرین وخەباتی هونەریی ڕەئوف یەحیا زەنگەنە لە سەرەتای ساڵانی پەنجاکاند و لە سەردەمی پاشایەتیدا زیندانی دەکرێن.
لە پاش نسکۆی 1975 دا دوای گەڕانەوەیان لە ئێران، ڕژێم هەردوکیان بۆ شارەکانی کوفەو سەماوه، دووریان دەخاتەوە.
لە ساڵی 1969 لەگەڵ ڕەئوف یەحیا و ڕەفیق چالاک و حەمە سدیقی محامی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردیان دامەزراندووە و چەند ساڵێک سەرۆکی ئەو کۆمەڵەیە بووە.
جگە لە بواری هەنەری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یانەی وەرزشی سلێمانیش بووە.
پاش خزمەتێکی زۆر بە گەل و نیشتمانەکەی هەنەرمەندی ناودار و ناسراوی کورد لە 12-04-2001 بۆ دواجار دڵە گەورەکەی لە لێدان دەکەوێت دەچێتە دنیای نەمرانەوە.[1]